بازاڕی سیم لە هەولێر دەگوێزرێتەوە بۆ بازاڕێكی هاوچەرخ

10:01 - 2024-01-16
ڕاپۆرت
741 جار خوێندراوەتەوە
بازاڕی سیمی هەولێر تا ئێستا بەهۆی شۆرتی کارەباوە سێجار سووتاوە

راپۆرتی: رەوەست نەوزاد


(بازاری سیم) یەكێكە لەبازاڕە میللیەكانی شاری هەولێر لەساڵی 2007 ەوە لە گەڕەكی كوردستان و لەسەر زەویەك دروستكراوە كە چەندین تاوەری گەورەی كارەبای گشتی شارەكەی تێدایە و سیم و تەلی ئەستووری كارەبای پێدا دەڕوات و لەخوارەوەش دەوروبەری بە محەجەرەی ئاسن دەورەدراوە، بۆیە لەكاتی خۆی ناویان ناوە (بازاڕی سیم) سەرەتا چەند كاسبكارێك بە عەرەبانە كاڵایان تێدا دەفرۆشت دواتر فراوان بوو ئێستا بازاڕەكە بریتییە لە سەدان دوكان، بەڵام ئەو بازارە تووشی چەند كێشەیەك بووە وەك ئاگرکەوتنەوە تێیدا، بۆیە بڕیاری چۆڵكردنی دراوە بەهۆی خراپی شوێنەكە و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان. 
سوداد محەمەد یەكێكە لە دوكاندارانی بازاڕەكە و دوكانی فرۆشتنی بەهاراتی هەیە دەڵێت: ئەو بازاڕە لەلایەن هونەرمەندێكی شارەكە كرا بەدوكان و بازاڕ ئەوكاتە پێشنیاری كردبوو وەكو بازاڕێكی میللی دروستی بكات، ئەوكاتەش پارێزگای هەولێر رەزامەندی لەسەر دەربڕی، بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنەكە دەكەوێتە ژێر تاوەری كارەبا، بۆیە بڕیارەكە لەڕووی خزمەتگوزاری و ئاسایشەوە لەجێگەی خۆی نەبوو، چونكە ئەو شوێنە بەكەڵكی دوكان دروستكردن نایەت و قەرەباڵغییەكەشی كێشەی بۆ دانیشتوانی گەڕەكەكە دروستكردووە، چونکە خەڵكی ئۆتۆمبێل لەنزیك ماڵەكان دەوەستێنن.

لە چەند بەشێک پێکهاتووە
بازاڕەكە بریتییە لە 450 دوكان لەچوار كۆڵان پێكهاتووە یەكێكیان سەوزە و میوەی تێدا دەفرۆشرێت، كۆڵانە سەرەكیەكەشی پێداویستی جوانكاری و كۆڵانی سێیەمیان بۆ فرۆشتنی كەلوپەلی كۆنەو كۆڵانی چوارەمیش دوكانی فرۆشتنی مریشكی لێیە.
ئەو دوكاندارە وتیشی : ئەو بازارە سێجار سووتاوە یەكەمجار لەساڵی 2018 سووتا كە خاوەن دوكانەكان زیانێكی زۆری مادیان بەركەوت پاشان لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە نۆژەنكرایەوە، كە بەشێوەیەكی مۆدێرن تر دروستكرایەوە و تێچووەكەی لەلایەن دوكاندارەكانەوە دابینكرا، ساڵی 2020 دووبارە دوكانەكان سووتان و سێیەم جاریش دیسان بازاڕەكە سووتا كە حكومەت رێی بەدوكاندارەكاندا دەستكاری بكەن، بەڵام نەیهێشت بەتەواوی نۆژەنی بكەنەوە بەهۆیەوە زیانمان بەركەوتووە، چونكە كاڵاكانی ناویشی سووتان و  بەپارەی خۆمان دوكانەكانمان چاكردەوە و هیچ لایەنێك یارمەتی نەداین.

دروستکردنی بازاڕێکی دیکە

بۆ چارەسەری بنەڕەتی كاسبكارانی ئەو بازاڕە، حكومەتی خۆجێی لە هەولێر بڕیاریدا بە دروستكردنی بازاڕێكی هاوچەرخ ناوی نا (بازاڕی سپی)  دەكەوێتە بەشی سەرەوەی گەڕەكی كوردستان و سەر شەقامی 120 مەتری شارەكە، سوداد لەو بارەیەوە دەڵێت: سەرەتا بڕیارەكە وابوو قەرەبووی دوكاندارەكان بكەنەوە و بەبێ بەرامبەر دوكانیان پێبدەن، بەڵام دواتر پڕۆژەكە درا بەكەرتی تایبەت، بۆیە بڕێك پارە دیاریكرا كە نزیكەی 20 ملیۆن دینار بوو بۆ هەر دوكانێك بە پێنج قیست دەدرێتەوە و هەر خاوەن دوكان و دوكاندارە كرێچییەك دوكانێك وەردەگرێت، بەڵام دوكاندارەكان و خاوەنەكانیان بەو بڕیارە رازی نەبوون بەهۆی ئەوەی یاسای قەرەبووەكە كێشەی تێدابوو، یەكێك لەوانە تەنیا ئەو كەسەی جاری سێیەم دوكانی سووتاوە قەرەبوو دەكرێتەوە، دواجار لەكۆتاییدا گەیشتن بەچارەسەر و بەشی زۆری خاوەن دوكانەكان قەرەبووكرانەوە، بەڵام نازانین چ كاتێك ئەو بازاڕە تەواو دەبێت و بڕیارە لەمانگی 4 ی ساڵی 2024 دوكانەكان رادەستی خاوەن دوكانەكان بكرێت و ساڵی رابردووش دوكانەكانی بازاڕە نوێیەكە لەڕێگەی تیروپشكەوە دراوە بەخاوەن دوكان و كرێچییەكان.

بازاڕە کۆنەکە فرۆشی زیاترە
لەتیف قادر دوكاندارێكی دیکەی بازاڕی سیمە دەڵێت: پێیان راگەیاندووین بۆ مانگی رەمەزانی ساڵی 2024 بازاڕە تازەكە تەواو دەبێت، بەڵام بەبڕوای من بازاڕە كۆنەكەی خۆمان فرۆش و سوودی زیاتری بۆ ئێمە هەیە، چونكە بازاڕە تازەكە سێ لای چۆڵەوانیە و یەك لای ماڵ و گەڕەكی تێدایە لەبەردەمیشدا شەقامێكی هێڵی خێرای هەیە وادەكات بازاڕی كەم بێت، من ئەگەر لەشوێنێكی تر دوكانم دەستكەوێت لەو بازارە تازەیە دوكان وەرناگرم.
سەبارەت بەكاتی كردنەوەی بازاڕی سیم، ئەو دوكاندارە وتی: بازاڕەكە هەردوو كاتی بەیانی و ئێوارە كراوەتەوە، بەڵام لەكاتی ئێوارە خەڵكی زیاتر رووی تێدەكەن و ئەو موڵكە هی كەس نییە و ئەو كەسەی پێشتر دوكانی لە هونەرمەندەكە كڕیوە ئەو خاوەنەكەیەتی و هیچ گرێبەستێكی رەسمیشی نییەو من خۆم لێرە كرێچیم كە نرخی كرێكانی لەنێوان 180 بۆ 200 هەزار دینارەو زۆربەی جارەكانیش كە سووتاوە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە، چونكە كارەبای نیشتمانی نییە و هەندێك دوكاندار بە نایاسایی لەماڵەكان یا تاوەری كارەبای نزیك بازاڕەكە كارەبایان راكێشابوو ئەوەش هیچ كۆنتڕۆڵی نییە، بۆیە ئەو كێشەیەی بۆ دروست دەبوو.
بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە بازاڕە هاوچەرخەكە كە شوێنگرەوەی بازاری كۆنی سیم – ە ، پەیوەندیمان بەچەند لایەنێكی پەیوەنداری حكومەت كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە و بەگوێرەی زانیارییەكان بازاڕە هاوچەرخەكە لەسەر زەویەك بەپانتایی زیاتر لە 60 هەزار مەتر دوجا دروست دەكرێت كە لەلایەن حكومەتەوە دابینكراوە و 40% ی تێچووی بازاڕەكەش دەكەوێتە ئەستۆی خاوەن دوكانەكان و دروستكردنی پڕۆژەكەش نزیكەی 18 مانگ دەخایەنێت و بڕی 14 ملیارو 412 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە دانراوە.

#راپۆرت #هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان