خەلیل عەبدوڵڵا
زەها حەدید، دیزاینەر و ئەندازیارێكی تەلارسازیی جیهانییە، شۆڕشێكی نوێی زانستی لە بوارەكانی دیزاین و نەخشەسازیی تەلارسازیدا بەرپا كرد و بەشێكی وڵاتانی سەر گۆی زەوی بە بەرهەمەكانی رازاندەوە و وەك یادگاریی پەنجەی رەنگینی ئەو ژنە مەزنە ماونەتەوە، بەوەش ئەوەی نیشان دا كە توانا و مێشكی ژنان لە داهێناندا هیچی لە پیاوان كەمتر نییە و هەندێ جاریش پێش ئەوان دەكەون!
زەها محەمەد حسێن حەدید، ناوی تەواوی ئەو ئەندازیارەی تەلارسازەییە و بە زەها حەدید ناسراوە.
رۆژی 31ی تشرینی یەكەمی 1950 لەشاری بەغدا لە دایك بووە. لە ئامێزی خێزانێكی ناودار و رووناكبیردا پەروەردە بووە، باوكی كەسایەتییەكی ناسراو بووە، یەكێك لەسەركردە دیارەكانی حزبی نیشتمانی دیموكراتی عیراق بووە و لە دوای شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی 1958 بووە بە وەزیری دارایی و تا ساڵی 1960 لەو پۆستەدا بووە و دواتر دەستی لە كاركێشاوەتەوە.
لە ژێر كاریگەریی باوك و دایكیدا بووە
وەجیهە سابونچی دایكی زەها، هونەرمەندێكی دیاری بواری نیگاركێشان بووە و چەندین تابلۆی ناوازەی هەیە. زەها حەدید، لە ژێر كاریگەریی باوك و دایكیدا بووە و ئیلهامی لێوەرگرتوون، باوكی هانیداوە بایەخ بە زانست و زانیاری بدات، چونكە زانست بەردی بناغەی پێشكەوتنی كۆمەڵە، دایكیشی هونەری نیگاركێشانی لەدڵیدا شیرین كردووە و لای بووە هونەر خۆراكی ڕۆژانەی گیان و مێشكە و هەوێنی ئارامی و ئاشتی كۆمەڵە.
زەها حەدید، لە شاری بەغدا خراوەتە بەرخوێندن و قۆناغەكانی خوێندنی لەو شارە تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك و زرنگ بووە. ساڵی 1972 چۆتە زانكۆی ئەمریكی لە لوبنان و لەو زانكۆیە بڕوانامەی لیسانسی لە زانستی بیركاری بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو زانستە حەز و خولیای سەرەكی ئەو نەبووە، هەر بۆیەش بۆ خوێندنی زانستیی دڵخوازی خۆی چووە بۆ شاری لەندەن و لەوێ لە كۆلیجی كۆمەڵەی تەلارسازی، بەشی ئەندازەی تەلارسازیی خوێندووە، ئیدی خواستی خۆی و دایكی و باوكی لەو لقە زانستی و هونەرییەدا ئاوێزان و بەرجەستە بوون، لەسەر راسپاردەی باوكی بایەخی بە بواری زانستیدا، تابلۆ ڕەنگینەكانی دایكیشی كاریگەری لەسەر زانستیی دیزاین و نەخشەی تەلارەكان هەبوو، ئەندازەی تەلارسازی و دیمەنەكانی سروشت و زانستیی زەوی پێكەوە ئاوێزان بوون و لە شاكارەكانیدا رەنگیان دایەوە. دوای تەواوكردنی خوێندنی ئەندازەی تەلارسازی، لە لەندەن ئۆفیسی دیزاینی نەخشەی تەلارسازی دانا.
زەها حەدید، بەشێوەیەكی جیاواز لە نەخشەسازانی پێش خۆی هاتە مەیدانی دیزاینی تەلارسازییەوە، نەخشەكانی زۆر جیاواز بوو لە نەخشە كلاسیكییەكان، هیچ هێڵێكی راستییان تێدا نەبوو، هەمووی هێڵی چەماوە بوون، سەرەتا پێشوازی لە دیزاین و نەخشەكانی نەكرا و وەك خەیاڵی زانستی سەیریان كرا و پێیان وابوو ئەو دیزاینانە وەك بەرهەمی ئەندازیاریی سەر كاغەز، وەك وێنە دەمێننەوە و ناچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە دیزاینەكانیدا رەنگی دایەوە
یەكێك لە داهێنانە زانستییەكانی تری زەها حەدید ئەوەبوو كە گۆشەی 89ی داهێنا و رای وابوو گۆشەی 90 وجودی نییە، ئەوەش لە دیزاینەكانیدا رەنگی دایەوە و دیمەنی جوان و سەرنجڕاكێشی بە تەلارەكان بەخشی.
زەها حەدید بە توانای بەرزی زانستیی خۆی توانی نەخشە و دیزاینەكانی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئیدی نەخشەكانی بوونە تەلاری سەرنجڕاكێش و لەسەرانسەری گۆی زەوییەوە پێشوازییان لێكرا و توانی 950 نەخشە و دیزان بۆ تەلارەكان بكێشێ و لە 44 دەوڵەتی جیهاندا بچنە بواری جێبەجێكردنەوە و سیمایەكی جوان و بەرزی شارستانی بەو وڵاتانە ببەحشن. زەها بەشی زۆری پڕۆژە دیزاینكراوەكانی بەچاوی خۆی بینی، بەڵام هەندێكیانی نەبینی، لەبەرئەوەی دوای مردنی تەواو كران.
زەها حەدید،950 پڕۆژەی دیزان و تەلارسازیی لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێكراون كە وەك بابەتی سەرسوڕهێنەری نوێ و هاوچەرخ سەیریان دەكرێت، ئاماژە بە هەندێك لەو پڕۆژانە دەكەم، لەوانە: (تەلاری رۆزنتاڵی هونەری هاوچەرخ لە ئەمریكا، تەلاری مەڵبەندی لەندەنی وەرزشی دەریایی بۆ یارییەكانی ئۆلۆمپیی ساڵی 2012، مۆزەخانەی ئیلی و ئیدسی هونەریی هاوچەرخ لە زانكۆی میشیگان لە ئەمریكا، مۆزەخانەی هونەری نیشتمانی لە رۆما، خانەی كەلتوری حەیدەر عەلییۆف لە باكۆ، یاریگەی ئەلوەكرە لە قەتەر بۆ میوانداری كاسی جیهانی ساڵی 2022، خانەی ئۆپێرا لە شاری گوانجۆی چین، خانەی ئۆپێرا لە شاری كاردیفی پایتەختی ویڵز، پردی شێخ زاید لە ئەبوزەبی، بارەگای كۆمپانیای ژینگە لە شارقە، تەلاری كۆمپانیای بی ئێم دەبڵیوی ئۆتۆمبیل لە ئەڵمانیا، كتێبخانەی زانكۆی ڤیەننا، وێستگەی ئاگركوژانەوەی شاری راینی ئەڵمانیا، لەبەر جوانی تەلارەكە دواتر كرا بە مۆزەخانە) و چەندانی دیكە.
زیاتر لە 100 خەڵاتی نێودەوڵەتی پێبەخشراوە
لەپای بەخشش و داهێنانەكانی لە بواری دیزاین و تەلارسازیدا، زەها حەدید زیاتر لە 100 خەڵاتی نێودەوڵەتی پێبەخشراوە، لەوانە: (خەڵاتی بریتزكری تەلارسازیی نێودەوڵەتی، كە خەڵاتێكی بەنرخە و لە رووی مادی و مەعنەوییەوە لە ئاستی خەڵاتی نۆبلدایە و بە نۆبلی ئەندازە ناودەبرێت، زەها یەكەم ژن بوو ئەو خەڵاتەی وەرگرت، خەڵاتی تەلاسازیی ئەمریكی، میدالی پاشایەتیی بەریتانی بۆ ئەندازەی تەلارسازی، ویسامی شەرەفی فەرەنسی لە بوارەكانی هونەر و ئەدەبدا، خەڵاتی ستیرلینگی بەریتانی لە ئەندازەی تەلارسازیدا، ویسامی ئیمپراپۆریەتی ژاپۆنی) و چەندانی تر.
زەها حەدید وەك مامۆستای زانكۆ لە زانكۆكانی بەریتانیا وانەی دیزاینی تەلارسازی وتۆتەوە و خزمەتی كردووە، وەك مامۆستای میوانیش لە زانكۆكانی (شیكاگۆ، هامبۆرگ، كۆلۆمبیا، نیۆیۆرك، هارڤاردو ئۆهایۆ) وانەی زانستی دیزاینی تەلارسازی وتۆتەوە و خوێندكاران بە ئاستی بەرزی زانستی و دیزاینەكانی سەرسام بوون.
پاش خزمەتێكی زۆر بە بواری دیزان و نەخشەسازیی تەلارسازی لە سەرانسەری جیهاندا، زوها حەدید لە ڕۆژی 31ی ئاداری 2016 لە نەخۆشخانەیەكی شاری میامی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا لە تەمەنی 66 ساڵیدا بە نەخۆشی دڵ كۆچی دوایی كرد و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی تەرمەكەی برایەوە بۆ لەندەن و لەو شارە لە تەنیشت گۆڕی باوكی براكەی بەخاك سپێردرا.
شووی بە زانستی تەلارسازی كرد
لەدوای خۆی بڕی 250 هەزار دۆلاری ئەمریكی بەجێهێشت. ئەوەی جێگەی سەرنجە زەها حەدید لە ژیانیدا شووی نەكردبوو بە تەنها ژیا، ئەو عاشقی پیشەكەی بوو، شووی بە زانستی تەلارسازی كرد و هەموو ژیانی خۆی بەو زانستە هاوچەرخە بەخشی و خاوەنی دیزاینی 950 پڕۆژەیە لە وڵاتانی جیهاندا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە كەمترین دیزاینی لە وڵاتانی عەرەبیدا جێبەجێ كراوە، خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت، هەموو جیهان بە پڕۆژەكانم سەرسام بوون، تەنها وڵاتانی عەرەبی نەبێ، كە زۆربەیان دانیان بە توانای مندا نەدەنا لەبەر ئەوەی كە ژن بووم!
زەها حەدید، لە بەغداوە بۆ لوبنان و لەوێوە بۆ لەندەن و لە لەندەنیشەوە بۆ هەموو جیهان بە دوای زانستی دیزاینی تەلارسازی نوێدا وێڵا بوو، لەو گەشتە دوور و درێژەی زانستدا، بەشێكی گۆی زەوی بە نەخشە تەلارسازییە نوێیەكانی ئاوەدان و رووناك كردەوە، لە دوای مردنیشی وەك سامانێكی تەلارسازیی شارستانیی گەردوونیی ژنێكی بلیمەتی میزۆپۆتامبیا دەمێننەوە و هەموو جیهان شانازیی پێكەوە دەكات.
یەکێک لە کارەکانی زەها حەدید