هێرش بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ناڕەوایە و سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل دەکەین. پەلاماردانی شوێنی ئاوەدانی هەڕەشەی جیدین بۆ سەر سەروەری عیراق و ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کە هەرێمێکی دانپیانراوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا.
ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە هەر کێشەیەکی سیاسی - ئەمنی هەستیار لە نێوان وڵاتە دراوسێکاندا بەم شێوە تاکلایەنە و لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیاسی و ئەمنی هاوبەش، چارەسەر نابن و تەنها ئاڵۆزی و ژینگەی پەیوەندییە ئیقلیمییەکان تێکدەدەن کە سەرەنجام گەلانی عیراق نرخەکەی دەدەن.
لێرەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان، بەتایبەتی خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدرالییە، کە پێکهاتەیەکی ئیئتلافییە و پشتیوانی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەیە، هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ داکۆکی لەسەر سەروەری وڵات و ئاسایشی هاووڵاتیان و بەکردەوە یەکێتیی ریزەکانی گەلی عیراق دووپات بکاتەوە و هەیبەتی نێودەوڵەتی وڵاتەکە بپارێزێت.
پێویستە دامەزراوە رەسمییەکانی هەرێم و پارتە سیاسییەکانیش بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عیراق رۆڵی زیاتر بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.
رۆحی شەهیدان شاد بێت
ئارامی و سەربەرزی بۆ خەڵک و خاکی هەولێری پایتەختی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2024/1/16