راپۆرتی: هێمن ئەحمەد
لەمساڵدا وەزارەتی پەروەردەی عیراق چەند بڕیارێكی لە بارەی یەکپۆشی مامۆستا و خوێندکارانەوە دەركردووە و هەر دوولای پابەندكردووە و سزا و لێپرسینەوەی یاسایی بۆ داناوە.
لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا رێكپۆشی و یەكپۆشی مەرجێكی گرنگ بوو بۆ مامۆستاو خوێندکار لە خوێندنگەكان، هەروەها كۆمەڵێك پێوەر و رێسا هەبوون مامۆستا و خوێندکار پێوە پەیوەست کردبوو لەپێناو سەركەوتنی پرۆسەی خوێندن لە عیراق.
بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە، كۆمەڵێك لەو رێسا و یاسایانە لە چوارچێوەی جێبەجێكردندا چوونە دەرەوە و هەر خوێندنگەیەك بەپێی ئارەزووی خۆی رێساو یاساكانی پەروەردەیان جێبەجێدەكرد، كە كار گەیشتە ئەوەی مامۆستا هەندێكجار جلوبەرگی نەگونجاویان بۆ خوێندنگە لەبەردەكرد كە لەگەڵ دەروون و هەستی كۆمەڵایەتی خوێندکاردا نە دەگونجا، هاوکات لەم ساڵانەی دوایدا گەلێك رووداوی ناخۆش روویاندا كە شیرازەی خێزان و خوێندنگەی تێكدا.
یەکپۆشی لە جاراندا
مامۆستا عەلی دەروێش، مامۆستای خانەنشینە، لەسەر رێساو یاساكانی رێكپۆشی لە کۆندا وتی: لە ماوەی ژیانم لە بواری پەروەردەدا كۆمەڵێك یاسای جوانی پەروەردە هەبوو هەردوولای پابەند دەكرد بەجۆرێک مامۆستا و خوێندنگە لە هەموو لایەك رێزو بەهای خۆی هەبوو.
وتیشی: جاران مامۆستا لە خوێندنگەكان پابەندی جلوبەرگێكی پۆشتە بوو كە خۆی دەبینییەوە لە چاكەت و پانتۆڵ و بۆینباغ و هەموو مامۆستایەكی پێدەناسرایەوە و شكۆ و هەیبەتی مامۆستا لەوەدا بوو كە خوێندکار سڵی لێبكاتەوە و بەڕێزەوە پێشوازی لە وەرگرتنی وانەكاندا بكات، بە هەمانشێوەش مامۆستایانی ژن وەک مامۆستایانی پیاو پابەند بوون بە یەکپۆشییەوە.
جلوبەرگی ئاڵو واڵا لە بواری پەروەردەدا
رێبوار عەلی، مامۆستایە لە خوێندنگەی نێرگز لەو بارەیەوە وتی: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە یەكپۆشی لە خوێندنگەكاندا بەرەو نەمان چوو، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو ئازادییەی بە تاكەكانی كۆمەڵگە درا بەتایبەتی مامۆستا و خوێندکار، ئەمەش كەشێكی ناجێگیری لە نێوان خوێندکار و مامۆستادا دروستكرد و بووە هۆی داڕمانی ئەو شكۆییەی مامۆستا جاران هەیبوو.
وتیشی: هەندێكجار خوێندکار لە كاتی وانەکاندا سەرقاڵ دەبێت بەسەیركردنی ئەو جلوبەرگە نەشیاوانەی لەبەركراوە، چونكە هەندێك مامۆستا هەیە جلوبەرگی وەها لەبەر دەكات بۆ ئاهەنگ دەبێت و خوێندکارێكی هەرزەكار چۆن دەتوانێت مامەڵە لە نێوان هەست و دەروون و خوێندنەكەیدا هاوسەنگ بكات، بۆیە زۆرجار گوێبیستی زەماوەند دەبین لە نێوان خوێندکار و مامۆستادا و روویداوە و ئەو كارەش دەبێتە تێكچوونی پەروەردە لە خوێندنگەكاندا.
كێشەكان بەرەو كاڵبوونەوە دەچن
باسی لەوەشكرد بڕیارەكەی لەم دواییەدا وەزارەتی پەروەردەی عیراق بۆ قەدەغەكردنی جلوبەرگی ئاڵو واڵا و یەكپۆشی مامۆستایان بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیە و بەهۆی ئەو رووداوانەوەیە كە لەم دواییانەدا لە خوێندنگەكانی عیراقدا روویانداوە و رووداوەكانیش بە كێشەی هۆزایەتی لە هەندێك لە پارێزگاكانی عیراق چارەسەركراوە، یان بە هەڵپەسێنراوی ماوەتەوە و كێشەكە وەك خۆی ئاستەنگی دروست كردووە.
پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لە پەروەردەی كەركوك، رایگەیاند: ماوەیەك پێش ئێستا، لە وەزارەتی پەروەردەی عیراق بڕیارێكی پەروەردەیی بۆ بابەتی یەكپۆشی و رێكپۆشی لە خوێندنگەكاندا دەرچووە كە گۆڕاوی هەمان یاسای پەروەردەییە لە ساڵی 1977ی زاینیدا دەرچووە لە ژێر ماددەی (39 بە ژمارە 2)، داوا دەكات هەموو مامۆستایانی بواری پەروەردە پابەندی بن بۆ جێبەجێكردنی یەكپۆشی لە پۆشینی جلوبەرگدا، هەروەها بڕیارەكە ئەوەی پشتڕاستكردۆتەوە دەبێت مامۆستا پێشەوای خوێندکار بێت لە خوێندنگەدا و لە بەرامبەر خوێندکاردا پێشەنگ بێت بۆ یەكپۆشی و جوانییەكانی پەروەردە تا نەوەیەكی تەندروست بەرهەم بێت.
رەنگ و جۆرەكانی دیاری نەكراوە
وتیشی: هەر چەندە بڕیارەكەی پەروەردەی بۆ ساڵی 2023 ـ 2024 دەرچووە و مامۆستای بەرامبەر ئەو بڕیارە پابەند كردووە و دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، گەر نا خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر بە وەزارتی پەروەردە و خوێندنگەکەی، هەر دەرهاویشتەیەك لە جێبەجێنەكردنی بڕیارەكە رووبدات خۆی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت.
ئەو بەڕێوەبەرەی یەكەی سەرپەرشتیاری باسی لەوەشكرد لە بڕیارەكەدا ئاماژە بە جۆری جلوبەرگ و رەنگ نەكراوە و بەشێوەیەكی نامۆ بڕیارەكەی پەروەردە دەرچووە، چونكە زۆر پێویست بوو لە یەكپۆشیدا ئاماژە بە جۆری رەنگەكانیش بكرایە یان جۆری جلوبەرگەكان دیاری بكرایە بۆ ئەوەی بتوانرێت مامۆستا بە یەكلایەنانە بڕیاری جێبەجێكردنی بدات، نەوەكو بكەوێتە واهیمەی رەنگ و جۆری جلەكانەوە، بۆیە هیوادارم وەزارەتی پەروەردەی عیراق بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە و روونتر ئاماژە بە یەكپۆشی و
رەنگەكان بدات.