حزب و لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك بۆ پشتگیریكردنی دانیشتوانی گەڕەكی نەورۆز بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند: «پێویستە لایەنە براوەكانی كەركوك پەلەبكەن لە پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگادا، تا كۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت».
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، بەناوی سەرجەم حزبە كوردستانییەكانەوە لە بەیاننامەكەدا رایگەیاند: «داواكارین بەزووترین كات ئەو هێزەی سوپا كە گەمارۆی گەڕەكی كوردنشینی نەورۆزی داوە، بكشێتەوە و كۆتایی بە ترس و تۆقاندن لەگەڕەكەدا بهێنێت، داواش لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكەین بەجدی كار بۆ ئەو مەبەستە بكەن و لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە سنوورێك بۆ پێشێلكارییەكانی سوپا لەكەركوكدا دابنێن».
راشیگەیاند: «پێویستە لایەنە براوەكانی كەركوك پەلەبكەن لەپێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگادا، تا كۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت و ئێمەش وەك حزب و لایەنە كوردستانییەكان خەڵكی خۆڕاگری كەركوك دڵنیادەكەینەوە لەگەڵیان دەبین و هەرگیز بەجێیان ناهێڵین».
PUKMEDIA