تایبەتمەندییەكانی سەركردە

10:08 - 2024-01-21
کەلتور
742 جار خوێندراوەتەوە

ئا: جەواد حەیدەری

 «جۆن سی ماكسوێڵ نووسەر و سیاسەتمەتداری ئەمریكایی سەبارەت بە سەركردە دەڵێت: «سەركردە كەسێكە كە رێگە بناسێت و رێگە نیشان بدات و هەنگاو بنێیت.»
مێژووی سەركردە و سەركردایەتی كردن، بە ئەندازەی شارستانییەتی مرۆڤ كۆنە، بە درێژایی مێژوو هیچ كۆمەڵگەیەك بە بێ سەركردە نەبووە و نابێت و هیچ حكومەت و دەوڵەتێك بەبێ سەركردە و سەركردایەتی بەڕێوە ناچێت. 
لەوبارەیەوە «جۆن سی ماكسوێڵ» سیاسەتمەداری ئەمریكایی دەڵێت: سەركردە، ئەو كەسەیە، كە رێگە بناسێت و رێگەكە نیشان بدات و هەنگاو بنێت، هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات كە سەركردە دەبێت بتوانێت خۆی و شوێنكەوتوانی بخاتە سەر رێگەی سەركەوتن بۆ ئەوەی بە ئاوات و ئامانجەكانیان بگەن، چونكە سەركردەی مەزن خاوەنی روئیا و جیهانبینی تایبەت بە خۆیەتی.
شارەزایان و پسپۆڕانی بواری سیاسی چەندین خاڵیان وەك تایبەتمەندییەكانی یەك سەركردە دەستنیشان كردووە كە بریتین لە: 

راستگۆیی و دەستپاكی
دوایت ئایزنهاوەر سی و چوارەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت: باشترین تایبەتمەندی سەركردە بێگومان راستییە، چونكە بۆ دروستبوونی سەركردەیەكی مەزن گومانی تێدا نییە كە راستی و راستگۆیی دوو توخمی سەرەكین. چونكە سەركردەكان كاتێك دەتوانن سەركەوتوو بن كە پابەندی بەها و بیر و باوەڕەكانی خۆیان بن و ئەمەش بە بێ پابەندبوون بە بنەما ئەخلاقییەكان ناكرێت كە ئەویش راستی و راستگۆیی و دەستپاكییە. 
 متمانەبەخۆ
هەرسەركردەیەك بۆ ئەوەی كاریگەر بێت، پێویستە بەر لەهەر شتێك متمانەی بەخۆی هەبێت و دڵنیا بێت كە بڕیارەكانی لەلایەن تیمەكەیەوە بە باشی جێبەجێ دەكرێت. متمانەبەخۆ زۆر جیاوازترە لە لوتبەرزی و خۆ بەزلزانی، چونكە سەركردەی مەزن ئەگەر متمانەی بەخۆ هەبێت لەلایەن هەوادار و لایەنگرانییەوە متمانەی پێدەكرێت.

ورەبەخشی 
یەكێك لە قورسترین و سەخترین ئەركەكانی یەك سەركردەی باش ئەوەیە كە ورەبەخش بێت بۆ ئەوەی لایەنگرانی شوێنی بكەون. هەر كاتێك سەركردەیەك توانی بە باشی دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات و بەسەر كێشەكاندا زاڵ بێت، ئەوە وەك سەركردەیەكی لێهاتوو و كارامە دەدەكەوێ. جۆن كوینسی ئەمریكایی دەڵێت: ئەگەر كردار و رەفتارەكانت ورەبەخش بوون ئەوە زیاتر فێر دەبی و چالاكیت زیاتر دەبێ و ئەمەش ئەوە دەردەخات كە تۆ سەركردەی. ئەگەر بتوانی ورەت بۆ هاوڕێ و لایەنگرانت بگوازیتەوە ئەوە دەتوانی بەسەر هەموو كێشە و ئاڵنگارییەكاندا سەركەوتوو بی.
 
 پابەندبوون 
سەركردەیەكی مەزن دەبێت ئەوەی لە بیر بێت كە شوێنكەوتوانی چاویان لەسەرێتی، ئەگەر سەركردە دەیەوێ لایەنگران و هەوادارەكانی خزمەت بە ئامانجەكانی بكەن دەبێت شور و شەوقێكی پتر لەڕادە لەخۆی نیشان بدات بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەكانی. ئەگینا ئەگەر سەركردەیەك نەتوانێت پاڵنەر و بزوێنەر بێت، ئەوە ناتوانێت كاریگەر بێت و ناشتوانێ ئەو ئامانجانەی هەیەتی مسۆگەر بكات، هەر بۆیە دەبێت پابەندی قسە و كردارەكانی خۆی بێت و سوور بێت لەسەر جێبەجێكردنی ئەركەكانی.
  
دروستكردنی پەیوەندییەكان
هەتا ئەو كاتەی كە بتوانی لەگەڵ تیمەكەت لە پەیوەندییەكی باش دابیت، سەركەوتووی، بەڵام كێشەكان لەوكاتەوە دەستپێدەكات كە نەتوانی ستراتیژ و پلان و بەرنامەكانی خۆت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانت بۆ تیم و لایەنگرانی خۆت روون بكەیتەوە. سەركردەیەكی مەزن دەبێت لەوە تێبگات هەتا ئەوكاتەی كە نەتوانێت پەیوەندییەكی باش و راستەوخۆ لەگەڵ تیم و ئەندام و لایەنگرانی دروست بكات، نابێت بە سەركردە، چونكە یەكێك لە تایبەتمەندییە گەورەكانی یەك سەركردەی سەركەوتوو ئەوەیە، كە بتوانێت زۆر بە ئاسانی و بەشێوەیەكی رێكوپێك پەیوەندی دروست بكات. 

توانای بڕیاردان 
سەركردەیەكی مەزن جگە لەوەی كە دەبێت بیركردنەوەیەكی پێشوەختی بۆ بابەت و پێشهاتەكان و كێشەكان هەبێت، پێویستە بتوانێت لەكاتی گونجاودا بڕیاری گونجاو بدات، چونكە هەر بڕیاردانێك كاریگەری لەسەر ژیانی هەموان دەبێت. بۆیە شارەزایان پێیانوایە سەركردەیەكی مەزن پێش ئەوەی هەر بڕیارێك بدات، پێویستە زۆر بە باشی و جدی بیر بكاتەوە. خاڵێكی گرنگ كە دەبێت ئاماژەی پێبكرێت ئەوەیە، لە هەر بارودۆخێكدا سەركردە دەبێت پابەندی ئەو بڕیارە بێت كە داوێتی یان دەیدات. هەندێكجار سەركردە بە تەنیایی بڕیار دەدات، بەڵام گرنگە ئەوەیە كە بڕیاردانەكان بە تەگبیر و راوێژی راوێژكاران و شارەزایان بێت، بۆ ئەوەی بڕیارەكە گونجاو و دروست بێت.
بەرپرسیارێتی
سەبارەت بە بەرپرسیارێتی پێویستە سەركردەیەكی مەزن ئەو رستەیەی ئارنۆڵد ئێچ گلاساو بازرگانی ناوداری ئەمریكی لەبەرچاو بگرێت كە دەڵێت پیاوی مەزن زیاتر سەركۆنە دەكرێت و كەمتر لێی رازی دەبن. بۆیە پێویستە لەهەموو ئەركەكانیدا هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و خۆی لە بەرپرسیارێتی نەدزێتەوە. چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە لایەنگران و هەوادارەكانی هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و ئەگەر كەسێك یان ئەندامێكی ئەو هەستی بەرپرسیارێتی كرد و ئەركەكانی خۆی بە باشی جێبەجێ كرد، باشتر وایە كە هانی زیاتری بدات و رێز لە هەستی بەرپرسیارێتی ئەو كەسە بگرێت، بۆ ئەوەی هەستی بەرپرسیارێتی لەناو ئەندام و لایەنگرانی ببێتە نەریتێكی باو. 
 دابەشكردنی ئەركەكان
 هیچ سەركردەیەك بە تەنیا ناتوانێت هەموو كارەكان بكات، هەر بۆیە دەبێت ئەركەكان بە پێی توانا و لێهاتوویی بەسەر ئەندامانی تیم و هاوكارەكانیدا دابەش بكات و هاوكاتیش پاڵپشت و پشتیوانیان بێت بۆ ئەوەی ئەركەكان بە باشی جێبەجێ بكەن و گیانی پێكەوە كاركردن لەناو تیم و ئەندامەكاندا بەهێز بكات، چونكە ئەگەر ئەو كارە نەكات ئەوە بێمتمانەیی دروست دەبێت و هەر كەس بە مەیل و حەزی خۆی كارەكان دەكات و بە پێی پێویست كاروبارەكان بەرەو پێشەوە ناچن.

داهێنان 
بە راستی چ شتێك سەركردەیەكی مەزن لە شوێنكەوتوان جیا دەكاتەوە؟ ستیڤ جۆبز ئەمریكی پێی وایە، ئەوەی كە سەركردە لە شوێنكەوتوو جیا دەكاتەوە، داهێنانە. چونكە هەنووكە هەموو شتەكان بە خێرایی دەگۆڕێت و سەركردەی مەزن دەبێت هەست بە گۆڕانكارییانە بكات و داهێنان بكات، چونكە بیرۆكەی داهێنەرانە و بەردەوام تاكە شتێكە كە دەتوانێت سەركردە لەوانی دیكە جیا بكاتەوە. سەركردە دەبێت بیری نوێ و كردەوەی نوێ لە خۆی نیشان بدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان و وەدیهاتنی خەونەكانی. 

دڵسۆزی 
دڵسۆزی یەكێكە لە تایبەمەندییە گرنگەكانی مرۆڤ بە گشتی و سەركردەكان بە تایبەت، سەركردەی مەزن هەمیشە وەك كەسێك دڵسۆز دەردەكەوێ، بە داخەوە لە جیهاندا هەندێك لە سەركردەكان لەبری ئەوەی دڵسۆز بن، دڵڕەق و كەللە ڕەق و بێ بەزەیین و هیچ نەرمی و نیانییەكان لە هەڵسوكەوت و رەفتاریاندا بەدی ناكرێ. بۆیە پێویستە سەركردە بە دڵسۆزییەوە لەگەڵ شوێنكەوتوانی هەڵسوكەوت بكات، هەڵبەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەبردنی كارەكان تەنها دڵسۆزی بەس نییە، بەڵكو دەبێت هەستی تێگەیشتن و گوێگرتن و بەدواداچوون هەبێت. چونكە تێگەیشتن و گوێگرتن زۆرترین رۆڵیان هەیە لە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان. 

نەرمی و رێكخستن 
هەرچەند دۆخەكە سەخت بێ و كێشەكان كەڵەكە بن، سەركردەی مەزن بە نەرم و نیانی و بە رێكخستنی تۆكمە دەتوانێت بەسەر دۆخەكەدا زاڵ بێ و نەرم و نیانی لەكاتی بڕیاردان یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سەركردە. سەركردەی سەركەوتوو هەرچەند دۆخەكە نالەباریش بێ دەتوانی بە ئارامی و نەرم و نیانی هەموو شوێنكەوتوانی خۆی رێكبخاتەوە و رەنگە زۆرجاریش سەركردە بە پێچەوانەی شوێنكەوتوانەكەی بڕیار بدات و ناڕەزاییشی لێبكەوێتەوە. سەركردەی مەزن سەرنجی زیاتر لەسەر دۆزینەوەی چارەسەكانەك، نەك گلەیی و گازندە.
 مێژوو سەلماندوویەتی سەركردەی مەزن هەمیشە خۆنەویست بووە و زیاتر بیری لە شوێنكەوتوانی خۆی كردۆتەوە و سەرنجی زیاتر لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و پێشخستنی كۆمەڵگە و شوێنكەوتوانی خۆی بووە نەك حەز و ئاواتە كەسییەكانی خۆی. جۆك وێڵچ نووسەری ئەمریكایی پێی وایە باشترین سەركردەكان ئەو كەسانەن كە دیدگایەك دروست دەكەن و پەروەردەی دەكەن و ماندوونەناسانە جێبەجێی دەكەن.

 سەرچاوەكان:  
farshidrezazadeh.com
chetor.com
mostafaee.com

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان