راگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

09:23 - 2024-01-22
کوردستان
594 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 2024/1/22  ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە سلێمانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە :
- هەڵسەنگاندن و راڤەکردنی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عيراق لە لایەن سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە. کە یەکێتی لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی و رێکخستنی ناوماڵی کوردە، هەروەک لەگەڵ تەبایی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵە کە خزمەت بە سەقامگیریی سیاسی  و ئیداری و خزمەتگوزاری لە هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەکان و هەموو عیراق دەگەیەنێت.
- هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و سەرکەوتنە گەورە و مێژووییەکەی یەکێتی لە کەرکوک، موسڵ، خانەقین  و سەڵاحەدین کە بەرهەمی یەک تیمی و هەماهەنگی ئۆرگانەکان و شەونخوونی  یەکێتییە دڵسۆزەکان و وەفاداری جەماوەری حزبی شەهیدان بوو. سەبارەت بە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیش، کۆبوونەوە دووپاتیکردەوە  کە پشت دەبەستێت بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ هەموو هێزە کوردستانی و عيراقییەکان دانوستاندن دەکات و هێڵی سووری بەرامبەر هیچ  پێکهاتەیەک نییە بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی ئیدارەیەکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسی.
- بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان، کە گەرەکە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف بێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە هێڵە گشتییەکانی نەخشە رێگایەکی نوێی بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لەو هەڵبژاردنەدا خستەڕوو.
- دوای هەڵسەنگاندنی کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتی کە ئەنجامی کۆنفراسەکە بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا، ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنفرانسی مەکتەبی رێخستن تاوتوێ کرا کە بریارە لە مانگی داهاتوودا بکرێت.
- دوا تەوەری کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی تایبەت کرا بە پرسی بایکۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەرین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  هەمیشە پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم  دەربریوە و بۆ ئەو مەبەستە بە بەردەوامی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی و تیمی یەکێتی لە حكومەت هەموو تواناکانی خۆیان خستۆتەگەڕ لەپێناوی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتی و سەردانە بەردەوامەکانی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا گەواهی ئەو راستییە دەدات، بەڵام ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ  خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنها لەم سنوورە، جگەلەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە،  مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە، کە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، مەعنەوی و مێژوویی لەسەر ئەم دەڤەرە بەجێدێڵێت. بۆیە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە ئەرکی حكومەتی هەرێم و مامۆستایان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەکۆکانی میدیا دەزانین کە  ئەم ئەرکە مێژووییە هاوبەشە جێبەجێ بکەن. دەستخۆشی لەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەین کە بەگیانێکی بەرپرسیارانە گەڕاونەتە قوتابخانەکان، لە هەمانکاتدا داوا لە مامۆستا بەڕێزەکانی دیکە دەکەین کە کۆتایی بەبایکۆت بێنن و بەشێوازێکی دیکە بەرگری لە مافە رەواکانی خۆیان بکەن، چونکە دەکرێت لە ئایندەدا دواکەوتنی مووچە قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام لەدەستدانی ساڵێک لە پڕۆسەی خوێندن بەهیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە و دەبێتە بەشێک لە مێژوویەکی نەخوازراو. بۆیە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی مناڵەکانمان و هەق نییە لەمە زیاتر رێگا بدرێت پڕۆسەی خوێندن دوابکەوێت.
با هەموومان پێکەوە بیر لە سلێمانی و دەوروبەری و لە ئایندەو چارەنووسی نەوەکانی ئەم دەڤەرە بکەینەوە.
 
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سلێمانی
2024/1/22

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان