هەمیشە سیاسەتوانە ژیرەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەزار رۆژ دانوستان و دیالۆگی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتی نێوان دوولایەن یان زیاتری دژ یان رکابەر باشترە، لە یەک سەعات جەنگ کە چەند درێژە بکێشێت، سەرەنجامەکەی هەر گەڕانەوەیە بۆسەر مێزی دانوستان.
جارێکی تر لەگەڵ دەستپێکردنەوەی جووڵەی سیاسیی لایەنە عیراقییەکان بەمەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ناودێرکردنی کەسێک وەک سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش وەک لایەنێک کە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، نایەوێت لە کاروانەکە دوابکەوێت، هەربۆیە بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو وەفدێکی ناردە بەغدا بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەمەبەستی گەڵاڵەکردنی بیروڕاکانی تایبەت بەو دوو پرسە گرنگە.
دیارە یەکێتی بەبێ خۆ شڵەژاندن بە بەرچاوڕوونی و بە ئیلهام وەرگرتن لە رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال و لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، دووبارە لەم خولی دیدار و دانوستانەشدا جەخت لە بنەماکانی تەوافوق و لێکتێگەیشتن و زمانی دیالۆگی هاوبەش دەکاتەوە و بڕوای تەواویشی بەوەیە کە ئەگەرچی بەدەستهێنانی پۆستەکان بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن گرنگن تا لەڕێگەیەوە باشترین خزمەت بە دەوڵەتی عیراق و لەناو ئەو دەوڵەتەشدا بە هەرێمی کوردستان بکرێت وەک هەرێمێکی چەسپیوو لە دەستووردا، هاوکات پەرۆشی ئەوەشە کە بە بەشداریی هەموو لایەنەکان حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت، چونکە یەکێتی پێی وایە، حکومەتێکی بەهێزی خزمەتگوزار، لەسەر ئاستی عیراق توانای دابینکردنی ئارامیی و ئاسایش و خزمەتگوزاریی زیاتر دەبێت بۆ سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەو بەرپرسیارێتییانەی لەڕووی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە بەگوێرەی دەستوور دەکەوێتە ئەستۆی. لە روویەکی دیکەشەوە حکومەتێکی بەهێز لە دانوستاندندا لەگەڵ هەرێم بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان و رێکەوتندا توانای بڕیاردان و جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی بە شێوەیەکی ئازایانەتر دەبێت، ئەمەش بە خێر بۆ عیراقیش و هەرێمیش دەشکێتەوە، بەو مەرجەی کە تەوافوق و لێکتێگەیشتن بکرێتە بنەمای دانوستانەکان.
کوردستانی نوێ