یەکێک لە هۆکارەکانی رزگاربوون لە نەخۆشییە کوشندەکان!

11:18 - 2024-01-28
کەلتور
393 جار خوێندراوەتەوە
رووخۆشی چارەسەرە

مەحمود شێرزاد


کاتێک سەردانی نەخۆشێک دەکەی، بە تایبەتی کە لە مردن گەڕابێتەوە، یان نەخۆشییەکەی قورس بێ، یان تووشی ئەو نەخۆشییانەی وەک شێرپەنجە و کۆرۆنا و ... هتد بووبێ، ئەو نەخۆشییانەی لەلایەکەوە کراون بە بازرگانییەکی گەورە و هیچ پرۆگرامێک بۆ بنەبڕکردنیان لە ئارادا نییە یان پێشی پێدەگیرێ، لەلایەکیتریشەوە ئەو نەخۆشییانەی لەناو خەڵکدا کراون بە تەتەری مردن و هەر ناویان دەبیسیت مردنت بیردەکەوێتەوە، بە روویەکی گەشەوە لێی وەژوور بکەوە، قسەی خۆشی لەگەڵ بکە و بەردەوام بە زەردەخە و پێکەنینەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکە. هاوکات ئەو ئازیزانەی لە خەستەخانە یاوەریی نەخۆش دەکەن نابێ بە هیچ شێوەیەک ئیزن بدەن کەسانی نزیکی نەخۆشەکە، کە لە لای نەخۆشەکە دەیکەنە شین و رۆڕۆ، نەخۆشەکە ببینن، لەبەر ئەوەی بە تەواوی ورەی دەروخێنن. کەسەکە دەخەنە کەش و هەوای مردنەوە و ئەویش تەسلیمی مردن دەبێ، واتە شەپۆلی ژیانی دادەبەزێ و شەپۆلی مردنی بەرز دەبێتەوە.
مرۆڤ سێ جەستەی ماددی هەیە، یەکەمیان جەستەی فیزیکییە، دووەهەمیان جەستەی پڕانیک واتە جەستەی وزەیە و سێیەمیان جەستەی زەینییە. کاتێ دەچیتە لای نەخۆشێک کە بە تایبەتی خۆی ورەی لەدەستدابێ و بۆی دەگری، ئەویش بە شێوەی زەینی بەتەواوی ورەی لەدەست دەدا و لە جەستەی زەینیدا باوەڕ دێنێ کە دەمرێ. کاتێ زەینی باوەڕی بە مردن هێنا جەستەی وزەکەی جیبەجێی دەکا و جەستەی فیزیکی بە جێ دێڵێ.

شێوازەکانی چارەسەریی زۆرن، بەڵام لە هەمووان کاریگەرتر، ورە بەرزکردنەوە و پێدانی وزەی ئەرێنییە بە کەسەکە

کەواتە شێوازەکانی چارەسەریی زۆرن، بەڵام لە هەموان کاریگەرتر ورە بەرزکردنەوە و پێدانی وزەی ئەرێنییە بە کەسەکە. دەبێ لە پزیشک و پەرستار و یاوەر و سەردانیکەرانەوە هەموو لایەک ببن بە ژینگەیەکی ئەرێنی بۆ نەخۆشێک، دەبێ هەموو لایەک ببنە کەرەستەی بەرزکردنەوەی ورە و وزەی ژیانی نەخۆشکەوتوو.
هاوکات لەو کاتەدا نەخۆش فێری هەناسەهەڵمژینی قووڵ بکرێ و خواردنی سروشت پێبدرێ تا شەپۆلی بەرز بکرێتەوە، زۆرجار پزیشکەکان و کەس و کار و کەسە نزیکەکانی ئەو کەسەی تووشی نەخۆشییەکە بوون، لەوانەیە بە قسەیەک چارەنووسی کەسەکە بە لایەکدا بخەن، یان بە قسەکە چاکی بکەنەوە یان ورەی بروخێنن و تەسیلمی نەخۆشییەکەی بکەن.
جارێک خانمێکی تووشبووی شێرپەنجە لە ماڵی یۆگای هەناسە گێڕایەوە و وتی: چەند رۆژ لەوە پێش چوومەتە لای پزیشکەکەم، جل و بەرگی ئاڵ و واڵم لەبەردابوو، قژ و قاچم رووت بوو، بە جوانی خۆمم گۆڕیبوو، پزیشکەکەم پێی وتم، ئەوە چییە؟ زۆر دڵت بە خۆت خۆشە، تۆ ماوەیەکیتر دەمریت. رەنگە کەسەکە بە شێرپەنجە نەمرێ، بەڵکو ئەو قسەیە ببێتە هۆی ئەوەی بە تەواوی تەسلیمی شێرپەنجەکە بێ و بمرێت. کەواتە با رۆژانە ئاگامان لە قسەکانمان بێ، بزانین نەک هەر لەگەڵ نەخۆشەکان، بەڵکو لەگەڵ یەکتری چۆن قسە دەکەین.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان