راپۆرتی- ئەیاز هەركی
بەنداوی جەروانە نۆ كیلۆمەتر دەكەوێتەوە خۆرهەڵاتی قەزای شێخانەوە و بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە بە كۆنترین بەنداوی جیهان دادەنرێت.
وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێ دەدەن لە ساڵی 2728-ی پێش زایینەوە، بۆ ئاودێریكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی باكووری پارێزگای نەینەوا و راكێشانی ئاو بۆ سەنتەری شارەکە لەلایەن شا سەنحاریب-ی ئیمپراتۆرییەتی ئاشوورییەوە دروستكراوە.
بەنداوی جەروانە مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و لە سەرچاوە مێژووییەكان و دەقی بزماریدا باسیكراوە.
نەینەوا سەنتەری ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری
بەنداوەكە بەهۆی وشكەساڵی و گلدانەوەی ئاوی زیادەی كانیاو و رووبارەكانی خاكی كوردستانەوە بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەشتی نەینەوا دروستكراوە و بە گەورەترین و پێشكەوتووترین سیستمی ئاودێری لە سەردەمی ئاشوورییەكاندا دادەنرێت كە شاری نەینەوا ئەوکاتە ناوەندی ئیمپراتۆریەتەكە بووە.
لەوبارەیەوە عومەر حسێن شارەزای بواری شوێنەوارناسی دەڵێت: مێژووی بەنداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شا سەنحاریب و ئەسەرحەدۆن كە كوڕ و باوك بوون، کە لەو سەردەمەدا گرنگییەكی زۆریان بە پڕۆژەكانی گەشتیاری و كەرتی ئاودێری داوە، بە تایبەتی بەشێك لە پارێزگای دهۆكی ئێستا کە ئەوکات سەبە نەینەوا بووە، وەك شێخان و دەشتی ناوكۆر لە سنووری ئیمپراتۆریەتی ئاشووری نوێدا بوون لە پێش زاییندا، گرنگیەكی زۆر بەو ناوچەیە دراوە و سەرچاوەی سەرەكی بووە بۆ دابینكردنی ئاوی نەینەوا.
یەکەم پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو
بە گوێرەی شوێنەوارناسە بیانییەكانیش، پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو بۆ سەنتەری شاری موسڵ یەكەمین پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوییە لە سەردەمەکانی پێشوودا.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكانی شارەزای شوێنەوارناسی (ئۆلمستێد)، هەزاران زیندانی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەنداوی جەروانە بەكارهێنراون و بەردەكان لە شاخی (خنس)ەوە هێنراون.
هەروەها دەڵێت: ئێستا حكومەت گرێبەستێكی لەگەڵ تیمی شوێنەواری ئیتالی (دانیال) ئیمزاکردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی جەروانە و شوێنەواری هاوینەهاواری مێژوویی (خنس)، بۆئەوەی گەشتیاران سوودی لێ ببین.
راشیگەیاند کە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە نۆژەنكردنەوە و پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەكانی كوردستان دەدات، بەڵام هاووڵاتیانیش پێویستە هاوكاربن لە پاراستنی شوێنەوارەكان.
شوێنەوارناسانی سەدەی بیشتەم چیان لەبارەی جەروانەوە وتووە؟
بەوتەی شوێنەوارناسان، پاشماوەی بەنداوی مێژوویی جەروانە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1845دا لەلایەن شوێنەوارناس (لەیارد)ەوە دۆزرایەوە، ساڵی 1904 شوێنەوارناسی ئینگلیزی دبلیوو كینگ سەردانی شوێنەواری بەنداوەكەی كردووە و لە ساڵی 1913 شوێنەوارناسی ئەڵمانی (واڵتەر باخمان) سەردانی بەنداوەكەی كردووە و چەند وێنەیەكی بۆ گرتووە. هەروەها چەندین شوێنەوارناسی تری جیهان و تیمی شوێنەوارناسی لە زانكۆی شیكاگۆی ئەمریكایی لە ساڵی 1934 سەردانیان كردووە و لێكۆڵینەوەیان لە نووسراوەكانی سەر بەردەكان كردووە و ئاشكرایان كردووە كە مێژوویی دروستکردنی بەنداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شا سەنحاریب، بەڵام بەهۆی چڕوپڕیی دارو سەوزاییەوە، هیچ كام لە شوێنەوارناسەكان نەیانتوانیوە هەموو بەشەكانی بەنداوەكە ئاشكرا بكەن.
قەبارەی بەنداوەکە و کێشی بەردەکانی
درێژی بەنداوەكە نزیكەی 300 مەترە و پانییەکەشی 22 مەترە و بەرزییەکەی نۆ مەترە.
نزیكەی دوو ملیۆن پارچە بەردی لاكێشەی لە شێوەی ئەندازیاری كەوانەیی تێیدا بەكارهێنراوە. كێشی هەر بەردێك لە نێوان 250 بۆ 500 كیلۆگرامدایە.
لە سەردەمی شا سەنحاریبدا، دەوڵەتی ئاشوور لە نەینەوا پێشكەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیوە لە بواری گەشتیاری و كەرتی ئاودێریی و كشتوكاڵدا، هەروەها چەندین پڕۆژەی ئاودێریی گرنگی دامەزراندووە بۆ گواستنەوەی ئاو لە سەرچاوەكانی نزیك لە شاری نەینەواوە، لەوانە هێنانی ئاوی (خنس) و (خازر) بۆ نەینەوا بەدرێژایی نزیكەی 80 كیلۆمەتر بەشێوەی نهینی.
هەروەها نۆژەنكردنەوە و فراوانكردنی سنووری پارێزگای نەینەوا كە دوا پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری نوێ بووە.