عیماد ئەحمەد
لە سەرەتای پایزی ساڵی 1976دا لەگەڵ كاك فازل كەریم ئەحمەد (مامۆستا جەعفەر) له خانهقینهوە چوون بۆ سلێمانی بۆ لای مامۆستا موحسین. مهبهستمان بوو كاك شاسوار جەلال (ئارام) ببینین بۆ تێگەیشتن لە شێوە و شێوازی کاری یەکێتی و پایە و جۆری کارکردنی کۆمەڵە لەناو یەکێتی و ئامۆژگاری و ڕاسپاردەی ئەو بۆ ڕێکخستنەکانی هەرێمی پێشڕەو، جگه لهوهش ههندێ گلەیی و ڕەخنەمان لە كاك حیكمەت محەممەد كەریم (مەلا بەختیار) ههبوو، ویستمان به کاک ئارامی بڵێین.
سنووری ههرێمهکه ئهو کات بەغدا، مەندەلی، خانەقین و گەرمیانی لەخۆ دەگرت. شەهید سادق، مامۆستا جەعفەر، مامۆستا موحسین، دڵشاد مەولوود و عیماد ئەحمەد ئەندامی كومیتەی هەرێمەكە بوون.
دوای پەیوەندی کردن بە ڕێکخستنی سلێمانییەوە بۆ دیدارەکە، کاک ئازادی مەلا دانرابوو بۆ ئەوەی بمانباتە لای کاک ئارام لە
کات و شوێنی دیاریکراو لە ئەسحابە سپی. لەگەڵ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسین ئامادە بووین و کاک ئازادی مەلا هات و وای پێ باش بوو یەکێکمان بچین بۆ لای کاک ئارام لەبەر ئەمنییەت و خۆپاراستن. مامۆستا جەعفەر وتی: با عیماد بچێ.
ئیتر لەگەڵ کاک ئازاد له ئهسحابه سپییهوه شۆڕ بووینەوه بۆ خوارەوە بەرەو گەڕەکی سەرشەقام؛ چووینە کۆڵانێکی تەسک و باریک، زەلامێك لە نزیك دەرگای خانووییەکی گڵ ڕووەو گۆیژە راوەستابوو. كاك ئازاد سڵاوی لێکرد و بە مستی ڕاستی سێ جار لە دەرگاکەی دا و بێ چاوەڕوانی و بەدەمەوە هاتن لەگەڵ خۆی منی برده ژوورەوە. یەکسەر چاوم كەوتە سەر خێزانێک لە بەرهەیوانێک دانیشتوون كە بەسەر دوو ژووردا دەیڕوانی، خەریکی چاخواردنەوە بوون. دەرگای دەرەوە و بەرهەیوانەکە چەند هەنگاوێك لە یەك دوور بوون، دیارە خاوەن ماڵەکە ئاگاداری دیدارەکەی ئێمە بوو. دوای سڵاو و ئەحواڵپرسین، دەرگای ژووری تەنیشتیان کردەوە بۆ من، چوومە ژوورەوە و کاک ئازادیش لای ئەوان مایهوه.
دەموچاوی هیلاك، دەست و پەنجە زەردههڵگەڕاو
بۆ من ساتەوەختێکی خۆش بوو، وەکوو دەروێشێک بە حەسرەتی بینینی شێخەکەی بێت، كاك ئارام وەها هاتە بەرچاوم.
من کاک ئارامم لە کۆتایی ساڵی 1974، لە چۆمان بینیبوو لە «سكرتاریەتی یەکێتیی لاوانی كوردستان»، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو؛ که بینیم شەرواڵێک و کراسێکی لە بەرا بوو، دەموچاوی هیلاك، دەست و پەنجە زەردههڵگەڕاو، چاویلكەكەی لە چاو بوو؛ جانتایەکی بچووک و چەند وەرەقە و قەڵەمێك و تێپێكی ئاوی لهبهر دەست بوو. ژوورەكە بچووك و میچەكەی نزم بوو، پەنجەرەكەی لەسەر هەیوان و چەند بستێك لە ئەرزەكە بەرزتر بوو، بە پهردەیەكی قوماش داپۆشرابوو. ژوورەكە زۆر ڕووناك نەبوو، تەنها ژێرنوێنێكی تیا بوو. چەند لێفە و دۆشەك و سەرینی لەسەر دانرابوو؛ ڕاخەرێك بە قەد نیوەی ژوورەكە ڕاخرابوو. كاك ئارام چوارمەشقی لەسەر ئەرزەكە دانشتبوو، هەڵسا و تەوقەی لەگەڵ کردم و لە بهرانبەری خۆی داینیشاندم. دوای بەخێر هێنان و ئەحواڵپرسین وتی: دەقیقەیەک سەبرم لێ بگرە تا ئەم نامەیە تەواو دەکەم، چکلێتئاسا پێچایەوە و خستییە گیرفانی کراسەکەی، ئینجا بە زمانێكی ڕوون و سادە دەستیكرد بە شیكردنەوەی بارودۆخی كوردستان و عیراق و ناوچەكە و دونیا و پەیوەندییهكان و خۆ ئامادەكردن بۆ شۆڕش. دوای ئەوە پرسیاری لە وەزعی ڕێکخستنەکانی هەرێمی پێشڕەو و باری ژیانی خەڵک لە بە غدا و خانەقین و کاریگەریی چوونە دەرەوەی کاک عەلی عەسکهری و هەڤاڵەکانی لەناو جەماوەر کرد. منیش بەکورتی وەڵامم ئەدایەوە بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لەو بگرم؛ کاتەکەش بەفیڕۆ نەدەم. دوای ئەوە وتی: فەرموو، منیش قسەکانم كرد بە شێوەیهكی كورت و پوخت سەبارەت بە هەرێمی پێشڕەو و کۆمەڵە و یەکێتی و شۆڕش و ئەركی تازەی خەباتمان، ئەویش بەدیققەت گوێی دەگرت، كە قسەكانم تەواو كرد وتی: ئێمە دەبێت کۆمەڵە بپارێزین و بە هێزی کەین، بۆئەوەی ببێت بە کاکڵە و داینەمۆی یەکێتی، مام جەلال دامەزرێنەری سەرەكیی یەکێتییە لەسەر بنهمای نیمچەبەرەیی دایمەزراندووە و لە داهاتوودا بە گەشەكردن و بەرفرەوان بوونی لایەنەكانی ناو یەكێتی دەبێتە بەرەیهكی نیشتمانی و میللیی یەكگرتوو. ئەم شۆڕشە لە بنچینەدا شۆڕشێكی نەتەوەیییه، بەتەنها بە کۆمەڵە ناکرێت و بەڕێوە ناچێت. شۆڕشەكە پێویستی بە بەرەیەكی سیاسیی بەرفرەوانە. لەوێدا ڕۆڵی مام جەلالی بەرز نرخاند لە هەڵسانەوە و هەڵگیرساندنی شۆڕش لە كوردستاندا.
لە ئەلفەوە تا یا، ناحەق و نادروستە
لەدواییدا من هاتمە سەر ئەسڵی مەقسەد بۆ گلەیی و گازندە و ڕەخنەبارانی کاک بەختیار و وتم: ئەو هەموو ڕۆژێک لە شەقامەکانی سلێمانی دەسووڕێتەوە و خەڵک ئەیبینێ و هەواڵ بۆ پووری لە خانەقین دەنێرێت و ئێمەش وامان بڵاو کردۆتەوە کە مەلا بەختیار لەلایهن ئەمنی عامەوە گیراوە؛ وتم ئێمە دەترسین ئەمیش تووشی گرتن بێت و زەرەرێکی تر بەر ڕێکخستن بکەوێ. من قسەم دهکرد و ئەو هەر گوێی دەگرت، كە قسەكانم تەواو بوون، کاک ئارام هەڵسا و لەسەر هەر دوو ئەژنۆی دانیشت و وتی: گلەیی و ڕهخنەکانتان لە مەلا بەختیار لە ئەلفەوە تا یا، ناحەق و نادروستە، ئەو ئێستا خەریکی ڕێکخستنەكانی کۆمەڵەیە و پەیوەندیی بە هەموو ڕایەڵەکانی رێكخستنەوە دەكات، هەر ڕۆژێکوو لە شارێكە؛ ئەو هەموو کارەكانی ڕێكخستنی لە ئەستۆ گرتووە، دەتانەوێت لە ژوورەوە دابنیشێت و ئەرکەکانیش بە قودرەتی قادر جێبەجێ بكرێن! باشە ماوەیەکی تر ئەیبینم، حاڵیحازر لە شار نییە، دواییش نامەیەکتان بۆ دەنێرم لهو بارهیهوه.
دوا قسەم دەربارەی كاك ساڵح سێوك (شێروان شێرەوەندی) بوو، كە ڕۆژێك پێشتر لە جادەی سجن بینیم. زۆر بێتاقەت و بێزار بوو لە مانەوە لە شار و نە ناردنی بۆ دەرەوە، دەیوت: هاوڕێیانی ڕێكخستن دەستیدەستیم پێدەكەن، ئەگەر بەم زووانە بۆم جێبەجێ نەكەن ئەگەڕێمەوە!
پێشمەرگەی ئەم شۆڕشە جیاوازە
بە كاك ئارامم وت هاوڕێیەكمان هەیە دەیەوێ پەیوەندی بە شۆڕشەوە بكا و بچێتە دەرەوە، چەند ڕۆژێكە لە شارە و هاوڕێیانی ئێرە هاوكاریی ناكەن بۆ ڕۆیشتنەكەی، ئەویش وتی: خۆتان دەزانن پەیوەندی كردن بە مەفرەزەكانەوە ئاسان نییە، ئێمە لە سەرەتادا هەموو كەسێك نانێرینە دەرەوە؛ پێشمەرگەی ئەم شۆڕشە جیاوازە لەگەڵ پێشمەرگەی جاران لە ڕووی ڕەوشت و بیر و تەحەممول و هەڵسوكەوتەوە. منیش بە دوورودرێژی وەسفی كاك شێروان شێرەوەندیم كرد لە هەموو ڕوویەكەوە، وەكوو ئەوەی بڵێم ئەم كەسە دەمانچەیەكی چواردەخۆری سێ لەسەر سێی لاكەلی، تەرەقەسووری ئەڵقەدارە...! لەدوایدا وتی باشە با سەبر بگرێ بۆی جێبەجێ دەكەین.
دوای تەوقەكردنێكی تر لهگهڵم، بهڵام گەرمتر لهوهی پێشوو بهڕێیکردم و منیش خواحافیزیم لێکرد و لەگەڵ كاك ئازادی مەلا بە هەمان ڕێگادا گەڕاینەوە شوێنی دیاریكراو و لە یەكتر جیابووینەوە و گەڕامەوە بۆ لای خاڵم مامۆستا موحسین. ڕۆژی دوایی قسەكانی كاك ئارامم بۆ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسین گێڕایەوە. لەدوایدا زانیمان ئەو ماڵە، ماڵی كاك ئاوات قارەمانی بوو.
پاش ماوەیەك كاك بەختیارم لە بەغدا بینی، دەستی كرد بە گلەیی و وتی: بۆ لای كاك ئارام ڕەخنەت لێگرتووم، دهبووایه پێش ئەوهی لای ئهو ڕهخنهم لێبگریت لای خۆم باست بکردایه! سەرەتا بە زەردەخەنەیەك و سەر بادانەوە حاشام لێکرد، بهڵام ئەو
به شتێکی سهیر کهشفی کردبوو، وتی: كاك ئارام باسی هاوڕێیەكی هەرێمی پێشڕەوی کرد كە هاتۆته لای سۆرانییەكەی باش نەبووە؛ لەناوماندا تهنها تۆ سۆرانییەكەت باش نییە، ئەبێ تۆ بی.
ئێستا و ئەوساش ئەو نامەیە نەگەیشت
لەدواییدا وتم: بەڵێ من بووم لەپێناو كۆمەڵە و یەكێتی و خۆتیشا بووە. لێرهوه ئەو شایەدیەی بۆ دەدەم كە هیچ دڵگران نەبوو و بە ڕۆحی ڕیازی وەریگرت. دوای ئهوه وتی: كاك ئارام نامەیەكی بۆ نووسیون لای منە لە سلێمانی، دوایی بۆتان دەینێرم. ئێستا و ئەوساش ئەو نامەیە نەگەیشت و نەمانبینی.
بەڕاستی لە ژیانمدا كەم سەركردەم بینیوە وەكوو كاك ئارام ئەو بهرگری و پشتیوانییە لە هاوڕێیەكی خۆی بکات، بەو جۆرە ڕاستییهكان ڕوون بكاتەوە، نهک وەکوو خەڵکانی تر، ترش و خوێ به باسێکی خراپی هاوڕێیهکی خۆیدا بکات و نان و پیازی پێوه بخوات...! لێرهوه فەرمایشتهكەی مەولانا جەلالەددین ڕۆمیم بیر دهکهوێتهوه، كە دەڵێ: ڕووبار بە لە هاوڕێیەتی و برایەتیدا! ئهم وتهیه رێک پڕ بە پێستی كاك ئارامە؛ ئهو نهک ڕووبار، بگره دهریایهک بوو له هێمنی و وهفا بۆ هاوڕێیانی.
لەو دیدارەدا باشتر بۆم دەرکەوت کە ئەم زاتە چەند گەورە و خاوهن کاریگهرییه؛ ههستم بهوه کرد که ئهو پیاوه کاریزمایهکی ههیه! كادرێكی پێشكەوتوو و پێگهیشتوو بوو، لە کاتی شکستی بزووتنەوەیەکی سیاسی و چەکداریی گهورهدا، له ساتی بەرکەوتنی زەبرێکی سهخت به ڕێکخستنەکانی ڕێكخراوەكەی و شاڵاوی گرتن و کوشتن و ڕاونانی ههڤاڵانی له ساتی بڵاوبوونەوەی نائومێدی لەناو خەڵکدا! کاک ئارام ئا لەو ئان و ساتەدا توانی قۆڵی ئازایەتی و جوامێریی هەڵماڵێت و لێپرسراوێتیی قۆناغێکی سهختی خهبات و سهرکردایهتیکردن لە ئەستۆ بگرێت لەگەڵ هاوڕێیان کاک ئازاد هەورامی و کاک سالار عەزیز و مەلا بەختیار، کومیتەی هەرێمەکان دروست بکا و کاک ئارامیش وەکوو سکرتێری کۆمەڵە دەور ببینێت بەبێ تەکەتول و پارە و ئیمتیاز هەڵڕشتن و خزم خزمێنە و ناوچەگەری.
کاک ئارام بە سەلیقە ڕابەر بوو، بێجگە لە ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری و سیاسی و دووربینی بۆ ئەو كاتە پیاوێکی بەتوانا و دەگمەن بوو.
ئەگەر كاك ئارام شەهید نەبووایە، كۆمەڵە چۆن دەبوو؟
کاک ئارام لەو ماوە كەمەدا كە لێپرسراوی كۆمەڵە بووە، دەستێكی باڵای هەبووە لە گۆڕینی بەشێك لە بیر و هزر و سیاسەتی كۆمەڵە بە ئاقاری عەقڵانی و واقعیدا، بێجگە لە سەرپەرشتیكردن و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ لە وڵاتدا، ههر بەمەش بوو بە سیمبول و ئەستێرەیەكی گەشی پڕشنگدار لە سەرتاسەری كوردستاندا. سەبارەت به کاک ئارام زۆر جار ئەم پرسیارە له خۆم دهکهم: ئەگەر كاك ئارام بەم كوتوپڕییه و له سهرهتای شۆڕشی نوێدا شەهید نەبووایە، كۆمەڵە لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە چۆن دەبوو؟ یەکێتی و شۆڕش بە چ ئاقارێكدا دەڕۆیشتن؟ بەڵام سهد حهیف ئهو سهرکرده لێهاتووە بههۆی بێباكیی خۆی و كەمتەرخەمیی هاوڕێیانی، ڕۆژی
31/1/1978، لە دێی تەنگیسەر بەدەستی تاقمێك جاشی خۆفرۆش شەهید دەکرێ و ڕۆحیشی ئۆغری ئەبەدی دەكات بۆ لای شەهیدانی تری كوردستان. ئهو پیاوهی چهند ساڵێکی کهم سهرکردایهتیی شۆڕشی کرد، بهڵام بۆ ئهبهد نهمریی به باڵای خۆی بڕی. به ڕای من دەرکەوتنی ئارام دیاردهیهک بوو له شۆڕش و سیاسهتی کوردیدا، که پێویستی بهوهیه دیراسهی بکهین، چونکه ڕهنگه زیادهڕهوی نهبێ گهر بوترێ ئارام وێڕای شههید بوونی، هێشتا کهسێکه بهزیندوویی ماوهتهوه؛ سێبهری ئارام هێشتا بهسهرمانهوهیه.
ئارام شەم بوو بۆ پەروانە دەگری؛
بەدوای سۆمای چاوا دەگەڕا.
ئەستێرە بوو لە دەریای چاوی گەردوونا
بەهێمنی ئەخولایەوە.