کەژاڵ ئەحمەد
لەم رۆژانەدا کتێبی (آخر الملائكه- دوا فریشتە) ی شاعیر و رۆماننووس و وەرگێڕی عیراقی فازیل عەزاوی- م دەخوێندەوە، کە ساڵی 1940 لە کەرکوک لەدایکبووە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گروپی ئەدەبیی کەرکوک یان (جەماعەتی کەرکوک) ئەو بزووتنەوە ئەدەبییە جیاوازەی، لە کۆتایی ساڵانی پەنجاکاندا دامەزرا و هەموو ئەندامەکانی بەبێ ئەوەی ناو لە خۆیان بنێن، لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە نووسەرانی دانیشتووی بەغدا ئەو ناوەیان لێناون.
رۆمانەکەی فازیل عەزاوی کە باسی ژیانی پێکهاتەکانی کەرکوکە لەگەڵ کتێبێکی فاروق مستەفا سەبارەت بە گروپی کەرکوک خستمیە سەر کەڵکەڵەی نووسینێک سەبارەت بەو گروپە ئەدەبی یە دێرینەی شاری بابەگوڕگوڕ. هەردوو کتێبەکە بەسوپاسەوە دیاریی هاوڕێی بەڕێزم شاعیر و ئەندازیار تەیب جەبار بوون ،کە بەردەوام بەکتیب و گۆڤاری دانسقە و بەسوود بەسەرم دەکاتەوە.
جۆرێکی نوێیان لە پەخشانە شیعر داهێنا
یەکێک لە سەرچاوە باشەکانی باسکردنی جەماعەتی کەرکوک، کتێبە نایابەکەی فازیل عەزاوییە بەناوی (الروح الحیه-رۆحی زیندوو) لەم کتێبەدا عەزاوی باسی ژیانی خۆی و نەوەی ساڵانی شەست و سەرەتاکانی گروپی کەرکوک لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا دەکات. ئەندامانی گروپەکە پێکهاتبوون لە "فازیل عەزاوی، جەلیل قەیسی، ئەنوەرغەسانی و موئەیەد راوی" لە نەتەوەی عەرەبە. لە نەتەوەی کوردیش "یوسف حەیدەری، زوهدی داودی، محێدین زەنگەنە". لە تورکمانیش" سەڵاح فایەق و قەحتان ئەلهورمزی" لە کلدۆ ئاشوورییەکان " سەرگۆن پۆڵس، جان دەمۆ و قەشە یوسف سەعید" کە بەپێی گێڕانەوەکانی فازیل عەزاوی بێت هەندێ لە کۆبوونەوەکانی گرووپەکەیان لە چایخانەکان یان لەناو کەنیسەیەکی کەرکوک بە هاوکاریی قەشە یوسف سەعید دەکرد، ئازاد ئەحمەد بە ناونیشانی ( گروپی کەرکوک و گۆڕینی چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی) وتارێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە، لەو وتارەدا پێی وایە: "گروپی ئەدەبیی کەرکوک توانیان رووگەی ئەدەب لە عیراقدا بگۆڕن لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن. ئەمان جۆرێکی نوێیان لە پەخشانە شیعر داهێنا، جیاوازبوو لەوە ناو گۆڤاری (شیعر)ی یوسف ئەلخال و ئەۆنیس و ئونسی ئەلحاج و ئەوانی تر. گروپی کەرکوک ئەو رەوتە رۆشنبیرییەی لە چایخانە سادە و ساکارەکانی کەرکوک دا لە دایکبوو، چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی گۆڕی و چەمکێکی نوێ و ئەفسووناویی داهێنا کە ئەڵتەرناتیڤی چەمکە کۆنەکە نییە، بەڵکو چەمکێکی ئینسانییە" فازیل عەزاوی لە کتێبی (الروح الحیه- جیل الستینات فی العراق) دا خاڵێکی دیمان بۆ روون دەکاتەوە، لەبارەی ئەو بیروباوەڕە ئینسانییەی گروپی کەرکوکی پێ گۆشکراوە ، نوسیوویەتی: "لەبەرئەوەی لە منداڵییەوە بە گیانی برایەتی پەروەردە کرابووین و فێرکرابووین تەنیا باوەڕبە مرۆڤ خۆی بهێنین بێ گوێدانە لایەنی نەتەوەیی و ئاینیی و چینایەتی یەکەی. چونکە پێمان وابوو ئەو رەگەزانە تەنیا رێکەوتن و هیچ ناگەیەنن" ناسنامەی گرووپی کەرکوک وەک کەرکوک خۆی بوو، تێکەڵەیەکە لە چەند نەتەوە و ئاینێکی جیا بۆ نموونە جەلیل قەیسی کە لەسەر نەتەوەی عەرەب حسابە دایکی کوردە و لە عەشیرەتی زەنگنەیە، باوکی عەرەبە و هاوسەرەکەی ئەرمەنییە. سەڵاح فایەق دایکی کوردە و خەڵکی گوندێکی ناوچەی باڵەکایەتی و باوکی تورکمانە، موئەیەد راوی باوکی عەرەبە و دایکی ئاشووری و هاوسەرەکەی کوردە، تەنانەت لەبەرئەوەی مامۆستای قوتابخانەیەکی کوردیی دەرەوەی کەرکوک بووە، زۆر بەباشیی زمانی کوردیی زانیووە. ئەنوەر غەسانی باوکی عەرەب و دایکی تورکمان بووە. فازیل عەزاوی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا کە لە چاپکراوەکانی (دار المدی)یە، وەک پاشکۆی کتێبەکەی وتارێکی بەناونیشانی (اصدقاء السوء- هاوڕێیانی خراپ) ەوە بڵاوکردۆتەوە و لەوێدا باسی گروپی ئەدەبیی کەرکوکی کردووە، هۆکاری ئەم ناونیشانە ئەوەبوو، گروپەکە یاخی و دژەباو بوون و وایان پێ وتراوە. پرسیارێک هەیە لەوانەیە بە بیری زۆربەماندا هاتبێت کە ئایا ئەندامانی ئەم گرووپە کە هەریەکە و سەر بە نەتەوە و ئاینێکی جیا بوون، بە چ زمانێک لەگەڵ یەکتردا دواون؟ چۆن وتووێژی ئەدەبیان کردووە و هێندەیش تەبا بوون؟ زوهدی داودی لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا کە گروپەکە بە چ زمانێک لەگەڵ یەکتر دواون وتوویەتی: " بە هەموو زمانەکان لە گرووپەکەدا قسەمان دەکرد، بە کوردی و عەرەبی و تورکمانی هەندێکیشمان بە ئنگلیزی قسەمان دەکرد. کاتێک نورەدین ساڵح و زوهدی داودی کە هەردووکیان کورد بوون بە فازیل عەزاوی دەگەیشتن هەردووکیان بە عەرەبی و تورکمانی قسەیان دەکرد. وێڕای ئەم خۆشەویستی و تەباییە ،بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ژیان و دۆخی شارەکەوە، ئەم گرووپە دابڕان و دوورکەوتنەوەی زۆری ئەم هاوڕێ باشانەی بەخۆیەوە بینیووە. یەکەم کەس شاری کەرکوک و هاوڕێیانی گروپی بەجێ هێشتووە فازیل عەزاوی بووە، کاتێک ساڵی 1960 لە کۆلێژی پەروەردە بەشی زمانی ئینگلیزی لە بەغدا وەرگیرا و دواتریش چوو بۆ هەندەران. ئەوەی لە کەرکوک مایەوە چیرۆکنووس و شانۆنامە نووسی داهێنەر جەلیل قەیسیی بوو. لەنووسینەکانیشیدا بەردەوام شارەکەی دەلاواندەوە تا لەساڵی 2006 دوای نەشتەرگەرییەک کۆچی دوایی کرد.
هیچ لە گروپی ئەدەبیی کەرکوک نەماوەتەوە، داهێنانی نووسەرەکانی نەبێت
لە دیدارێکدا سەڵاح فایەق دەڵێت: "لەو باوەڕەدانیم کاریگەریی ئەدۆنیس و گۆڤاری (شیعر) بەسەر نووسینی نووسەرانی گروپی کەرکوکەوە هەبووبێت، چونکە ئێمە مارکسی بووین و سەرچاوەی خوێندنەوەکانمان جیاواز بوو. ئێمە دابڕاوبووین لەگەڵ شتە باوەکان. بەئەسڵ کورد و تورکمان و ئاشووری بووین بەڵام خوێندنەوەکانمان لە دەرەوەی زمانی نەتەوەیی و ئاینی بوو. باشترین کتێبەکانی ئەوروپا و ئەمریکای لاتینمان دەخوێندەوە" هەر سەڵاح فایەق دەڵێت: "لەبەرئەوەی گروپێکی چەپ بووین مافی خۆمان نەدەدرایە لە بواری ئاڵوگۆڕی رۆشنبیرییدا. ئێمە گروپێک بووین ئەندامەکامان سەربە هەموو لایەنە ئاینیی و نەتەوە و رۆشنبیرییەکان بوون، بە پێچەوانەی ئەو سەردەمەوە کە باوی باڵادەستیی بیری نەتەوەیی و وەهمەکانی بوو" سەڵاح فایەق کە ساڵی 1945 لە کەرکوک لەدایکبووە لە کتێبی (ذاکرتان و خمس مدن- دوو یادەوەریی و پێنج شار) کە دیدارێکی دوور و درێژی ئەسکەندەر حەبەشە لەگەڵیدا وتوویەتی "ئەوەی لە کەرکوک لەدایکبووبێت، بەئاسانی کوردی و تورکمانی و عەرەبی فێردەبێت و لە قوتابخانەیش فێری ئنگلیزیی دەبێت... لە ساڵانی پەنجاکاندا عەرەب لە کەرکوکدا کەمینەبوون، زۆربەی دانیشتووانەکەی کورد و تورکمان بوون. لەپاشان عەرەبەکان هاتن و دوای ئەوانیش ئاشوورییەکان و ئەرمەنییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە ئینگلیزەکانی کۆمپانیای نەوت کە لەکەرکوک کاریان دەکردوو لەوێ نیشتەجێ بوون" هەریەکە لە ئەندامانی جەماعەتی کەرکوک چیرۆکێکی هەیە سەبارەت بە ناسینی گروپەکە وچوونە ناو ریزەکانیەوە، سەڵاح فایەق لە کۆتاییەکانی ساڵی 1964 دا لەبەردەم ژمارەیەک لە ئەندامانی گروپی کەرکوک دەوەستێت و دەستدەکات بە خوێندنەوەی چیرۆکێکی. کە تەواو دەبێت سەرگۆن پۆڵس پێی دەڵێت ئەمە شیعربوو چیرۆک نەبوو. جان دەمۆ و قەشە یوسفیش هەمان بۆچوونیان دەبێت. بەمجۆرە دەچێتە ناو جیهانی شیعر و گروپی کەرکوک و ئیدی لێیان نایەتە دەرەوە. سەڵاح لە نەوەی دووەمی جەماعەتی کەرکوکە نەوەی یەکەم (جەلیل قەیسی، موئەیەد راوی، ئەنوەر غەسانی و فازیل عەزاوی، زوهدی داودی، یوسف حەیدەری بوون.) سەڵاح فایەق باسی ئەوەی کردووە کە نەوەی یەکەمی گروپەکە دەساڵ پێش ئەمان دەستیان پێکردووە و پێشنیازەکانیان کاریگەرییان بەسەر نەوەی دووەمی گروپەکەوە هەبووە، نەوەی دووەمی جەماعەتی کەرکوک ئەمانەبوون (سەڵاح فایەق، جان دەمۆ، سەرگۆن پۆڵس، فاروق مستەفا) پرسیارێکی گرنگی دی کە پێویستە بکرێت ئەوەیە، دوای ئەو هەموو ساڵە چی لە گروپی کەرکوک ماوەتەوە؟ لە دیدارێکدا کە ساڵی 2015 لەگەڵ فازیل عەزاوی کراوە بەمجۆرە وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە : "ئێستا هیچ لە گروپی ئەدەبیی کەرکوک نەماوەتەوە داهێنانی نووسەرەکانی نەبێت". هەر بەم وتەیە کۆتایی بە گەشتی رۆیشتنم دەهێنم بەدوای دیاردەیەکی رۆشنبیریی گەورە و کاریگەری کۆتاییەکانی ساڵانی پەنجاو شەستەکاندا، تا بانگهێشتتان دەکەمەوە بۆ گەشتێکی بنکۆڵکاریی دیکە، بە جوانیی و باشییەکانتانی خوێندنەوە و نووسینتان دەسپێرم.
سەرچاوەکان:
* كتاب (الروح الحیة - جیل الستینات في العراق فاضل العزاوي).
* كتاب (مدخل تعریفی إلی جماعة كركوك) فاروق مصطفی.
* کتاب (صلاح فائق ذاکرتان و خمس مدن، حوارات مع: اسکندر حبش).
* وتارێکی نووسەر و وەرگێڕ ئازاد ئەحمەد سەبارەت بە جەماعەتی کەرکوک.