سلێمانی لە بواری وەبەرهێناندا یەكەمی سەر ئاستی عیراقە و لە 19 ساڵی رابردوودا 370 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە و زۆرترین پڕۆژەش لەو ژمارەیە لە ساڵی 2023دا بووە كە 53 پڕۆژەیە، گەشە و پەرەپێدانی كەرتی وەبەرهێنانیش سلێمانی گەیاندە پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان.
زۆرترین پڕۆژە لە ساڵی 2023دا بووە
بەگوێرەی بەدواداچوونی سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA لەبارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە سلێمانی و بەها و تێچوویان، دەركەوت لە ساڵی 2004 تا 2023 تەنیا لە سلێمانی 370 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە و كەمترین پڕۆژە لە ساڵی 2017دا بووە و زۆرترین پڕۆژەش لە ساڵی 2023دا بووە كە 53 پڕۆژەیە.
بەپێی ئامار و داتای رەسمیی وەبەرهێنانی سلێمانی كە PUKMEDIA لە بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سلێمانییەوە دەستیكەوتووە، ئەو 370 پڕۆژە مۆڵەتپێدراوانە بەهاكەیان (39 ملیار و 957 ملیۆن و 813 هەزار و 408 دۆلار)ە.
پڕۆژەكان بەسەر 8 سێكتەردا دابەشبوون
لە ماوەی ئەو 19 ساڵەدا زۆرترین پڕۆژە لە ساڵی 2023دا بووە، كە 53 پڕۆژەیە بە بەهای (21 ملیار و 280 ملیۆن و 437 هەزار و 64 دۆلار) كە پڕۆژەكان بەسەر 8 سێكتەری جیاوازدا دابەشكراون و بەمجۆرەن:
یەكەم: 30 پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە بەهای 2 ملیار و 429 ملیۆن و 680 هەزار و 900 دۆلار.
دووەم: 5 پڕۆژەی پیشەسازی بە بەهای 51 ملیۆن و 963 هەزار و 650 دۆلار.
سێیەم: 2 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە بەهای 13 ملیۆن و 954 هەزار و 875 دۆلار.
چوارەم: 1 پڕۆژەی گەشتیاری بە بەهای 1 ملیۆن و 666 هەزار و 600 دۆلار.
پێنجەم: 8 پڕۆژەی بازرگانی بە بەهای 48 ملیۆن و 450 هەزار و 200 دۆلار.
شەشەم: 4 پڕۆژەی تەندروستی بە بەهای 36 ملیۆن و 513 هەزار و 600 دۆلار.
حەوتەم: 2 پڕۆژەی فێركردن بە بەهای 15 ملیۆن و 660 هەزار و 600 دۆلار.
هەشتەم: 1 پڕۆژەی كشتوكاڵی بە بەهای 5 ملیۆن و 170 هەزار و 395 دۆلار.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی:
ئەم ئاستە بەرزەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی
دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران
زۆرترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتی پێدراوە
بەگوێرەی ئەو داتا و زانیارییانەی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەدواداچوونی PUKMEDIA، لە ساڵی 2023دا زۆرترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتی پێدراوە، كە 30 پڕۆژەیە و كەمترین پڕۆژەی مۆڵەتپێدراویش بۆ كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیارییە كە بۆ هەریەكێكیان مۆڵەت بە یەك پڕۆژە دراوە.
لەو 53 پڕۆژەیە كە بەهاكەیان (21 ملیار و 280 ملیۆن و 437 هەزار و 64 دۆلارە) 57 % بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونە، %15 بۆ بازرگانی، 9 % بۆ پیشەسازی، 7 % بۆ تەندروستییە، 4 % بۆ خزمەتگوزاریی، 4 % بۆ فێركردن، 2 % بۆ كشتوكاڵ، 2 % بۆ گەشتیارییە.
قوباد تاڵەبانی ئاستی وەبەرهێنانی بەرزكردەوە
بەراورد بە 19 ساڵی رابردوو لە ساڵی 2023دا زۆرترین وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی كراوە، ئەمەش بۆ هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە.
ئەندازیار عەزیز سەعید رەشید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: ئەم ئاستە بەرزەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، كە لە ساڵی رابردوودا لەگەڵ زۆربەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە كۆبووەوە و بە ئاشكرا پێیڕاگەیاندن چیتر قبووڵی ناكات كێشە و ئاستەنگ و رۆتینی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دروستبكرێت، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسا و توانا، چەند دەتوانرێت هاوكاری وەبەرهێنەران بكرێت، وتیشی: ئەو بەخشینەی كە وەبەرهێنەران لەكاتی وەرگرتنی پڕۆژەكانیاندا وەریدەگرن، لەبەرامبەردا خاوەن پڕۆژەكان خزمەتگوزاریی ئەنجامدەدەن، ئەمەش هەنگاوێكی نوێیە كە پارێزگاكە لە خزمەتگوزاریدا زیاتر دەباتە پێشەوە و 19 هەزار هەلی كاریشی رەخساندووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كۆمپانیایانەی پڕۆژەكانیان وەرگرتووە و وەبەرهێنان دەكەن 75 % یان كۆمپانیای خۆماڵین، ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی رابردوودا لە رێگەی ئەو وەبەرهێنانەوە راستەوخۆ زیاتر لە 19 هەزار هەلی كار رەخسێنراوە، ناڕاستەوخۆش زیاتر لە 10 هەزار كەس سودمەند بوون.
بۆ سلێمانی 2023 ساڵی وەبەرهێنان بوو
بەپێی ئامارەكان ئەو كارانەی لە بواری وەبەرهێناندا لە دوو ساڵی رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی كراون، كاریگەریی گەورەیان لە سەر ژێرخانی ئابووریی پارێزگاكە دروستكردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە، ساڵی 2022 ش، پارێزگای سلێمانی لە وەبەرهێناندا هەر یەكەمی پارێزگاكانی عیراق بووە و خاوەنی 39 پڕۆژەی وەبەرهێنان بووە، بەڵام لە ساڵی 2023دا لەگەڵ ئەوەی هەر لە پلەی یەكەمدا لەسەر ئاستی عیراق ماوەتەوە، 14 پڕۆژەی وەبەرهێنانیشی لە ساڵی رابردوو زیاتر بووە.
PUKMEDIA