یادەوەریی وەرزشی

11:14 - 2024-02-06
وەرزش
116 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون
101



لە ژمارەکانی پێشووی ئەم باسانەمدا تیشكێكم خستە سەر سێ یاریمان لە خولی دۆستانەی تۆپی پێی یانەکانی کوردستان کە لە هەولێر ساڵی 1990 رێکخرا و (ئەمانەی عاممەی رۆشنبیری و لاوانی حوکمی زاتی ئەوسا) رێکیخستبوو.
تیپی یانەکانی (سلێمانی، سیروان، زاخۆ، هەولێر، برایەتی) تیایدا بەشدار بوون، یارییەکانیش هەموویان لە یاریگای ئیدارە محەلی هەولێری ئەوسا بەڕێوە بران.
لە یەکەم یارییماندا کە رۆژی 20/8/1990 کرا 0-1 بە یانەی برایەتی دۆڕاین، رۆژی 21/8/1990دووەم یاریمان 1-0 لە تیپی یانەی هەولێر بردەوە، رۆژی 22/8/1990 سێیەم یارییمان لەم خولەدا لەگەڵ یانەی سیرواندا بوو، 2-1 ئەم یارییەشمان بردەوە، رۆژی  23/8/1990 چوارەم یارییمان کە یاریی پێش کۆتایی خولەکە بوو، بەرامبەر یانەی زاخۆ کردمان.
یارییەکە سەعات 8 ی شەو کردمان، تیمێکی ناوبژیوانی شاری هەولێر ئەم یارییەیان بەڕێوە برد، ئێمە بەدرێسی سوورەوە یاریمان دەکرد و زاخۆش درێسی سپییان لە بەردا بوو، عومەر خەتاب و حەمە بچکۆل راهێنەرانی ئێمە بوون، خوالێخۆشبوو دکتۆر عەتا چارەسەرکەری تیپ بوو، براوەی ئەم یارییە دەگەیشتە یاریی کۆتایی، دۆڕاویش دەکرایە دەرەوە، بۆیە هەردوولا بۆ بردنەوە یارییمان دەکرد، ماندوو بوونیش بە هەردوو تیپەوە دیار بوو، چونکە پشوودان نەبوو، رۆژی یارییەکمان دەکرد، ئێمە وەک یانەی سلێمانی بە پلانی 4-4-2 یارییمان دەکرد، پێکهاتەکەشمان لەم یارییدا بەم جۆرە بوو:
*گۆڵچی: خوالێخۆشبوو عەتا.
* بەرگری: خەسرەو گورون-کاپتنی تیپ، نەوزاد مستەفا، کاوە سدیق، تەنیا حەسەن تەنیا.
*ناوەند: ئامانجی سەید برایم، بەکری شێخ مستەفا، زانا، ئاسۆ قەلە.
*هێرشبەر: سەڵاحی شێخ ئەمین و ئومێدی شێخ حسێن.
لە یارییەكەدا هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:دێرێ دوکتۆر لەتیف بۆ شوێنی ئومێد، سیروان محەمەد بۆ شوێنی عەتای گۆڵچی، یاریزانە یەدەگەکانیشمان (کاژاو کەمال و شوان عەتوف و عەتا سوور و شەهید هەرسین رەسوڵ) بوون.
لە کاتی یاسایی یارییەکەدا هیچ لایەکمان نەمانتوانی گۆڵ بکەین و 0-0 یەکسان بووین، دواتر بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەنجام، پەنا برایە بەر لێدانی پەنالتی، خەسرەو و ئالان و سەڵاح و دێرێ گۆڵەکانی سلێمانیان کرد، بەڵام تیپی زاخۆ دوو گۆڵیان کردو سەرەنجام ئێمە 4-2 بەپەنالتی یارییەکەمان بردەوەو گەیشتینە یاریی کۆتایی، دوو پەنالتییەکەی ئەوان کە گۆڵیان نەکرد، سیروانی گۆڵچی یەکێکیانی گرت و یەکێکیشیان لێدا بۆ دەرەوە، بەمەش توانیمان بگەینە یاریی کۆتایی و لە یاریی کۆتاییشدا رووبەڕووی برایەتی بووینەوە، لە ئەڵقەی داهاتوودا باسی ئەم یارییە دەکەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان