ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
یه‌كێك له شانۆگه‌رییه جوان و گرنگه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئینگلیزی ولیه‌م شكسپیر، شانۆگه‌ری یۆلیوس قه‌یسه‌ره. ئه‌م شانۆگه‌رییه ده‌چێته قاڵبی ئه‌و شانۆگه‌رییه مێژووییانه‌ی كه له ئه‌ده‌بیاتی شكسپیردا به شانۆگه‌رییه رۆمانییه‌كان ده‌ناسرێن، كه باسی مێژووی ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی ده‌كه‌ن. بۆیه‌كه‌مجار ئه‌م شانۆگه‌رییه له ساڵی 1599 نمایشكراوه. ئه‌م شانۆگه‌رییه له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك په‌یامی سیاسی و مێژوویی گرنگه، له‌پێش هه‌موویانه‌وه پرسی ده‌سه‌ڵات و شۆڕش.
له‌م شانۆگه‌رییه‌دا شكسپیر ته‌نها وه‌كو نووسه‌رێك قسه ناكات، به‌ڵكو وه‌كو مێژوونوسێك باسی قۆناغێكی مێژوویی گرنگی ئیمپراتۆریه‌تی رۆما ده‌كات، كه یه‌كێك بووه له ئیمپراتۆرییه گه‌وره و گرنگه‌كانی ئه‌وروپا و جیهان. زۆر كتێبی مێژوویی و فیكریی و ئه‌ده‌بیش له‌باره‌ی ئه‌م ئیمپراتۆرییه‌ته‌ی رۆماوه نووسراوه، یه‌كێكیش له‌و كارانه ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ی شكسپیره.
ناوه‌ڕۆك
یولیوس قه‌یسه‌ر جه‌نه‌ڕاڵ و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی رۆمانییه، له ساڵی 100 ی پێش زایین له‌دایكبووه و له 15 مارسی 44 پێش زایین، له‌ناو رۆمادا تیرۆر ده‌كرێت. له ساڵی 49 پێش زایینه‌وه تاوه‌كو ساڵی 44 پێش زایین حاكمی ئیمپراتۆرییه‌تی رۆمانی بووه. یۆلیۆس رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له گه‌وره‌بوون و به‌هێزبوونی رۆما، توانی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌كه‌ی فراوان بكات و رۆما له كۆمارێكه‌وه بكاته ئیمپراتۆرییه‌كی گه‌وره كه كاریگه‌ری به‌سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی داناوه. به‌ڵام ئه‌م ئیمپراتۆره مه‌زنه، وه‌كو هه‌موو حاكمێكی تری جیهان، جگه له دوژمنانی ده‌ره‌كی، كۆمه‌ڵێك نه‌یاری گه‌وره دژی ده‌وه‌ستنه‌وه، هه‌ر ئه‌وانیش تیرۆری ده‌كه‌ن. له‌پاش ئه‌وه‌ی یۆلیوس قه‌یسه‌ر له جه‌نگی ئیسپانیا به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌ناو رۆما ئاهه‌نگی گه‌وره رێكده‌خرێت، هێنده‌ی تر ناوبانگی گه‌وره تر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات نه‌یارانی له پێش هه‌موویانه‌وه كاسیۆس كه نه‌جیبزاده‌یه‌كی رۆمانییه و ئێره‌یی زۆری پێده‌بات، ده‌توانێت جگه له خۆی، بازنه‌ی رق و كینه له دژی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر، گه‌وره‌تر بكات به‌تایبه‌تی له‌پاش راكێشانی بروتوس كه جه‌نه‌ڕاڵێكی سه‌ربازی ناسراوه، پیلانێكی گه‌وره داده‌ڕێژن بۆ تیرۆركردنی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر. لێره‌وه بروتوس دێته ناو شانۆگه‌رییه‌كه‌وه، هه‌رچه‌نده ناونیشانی شانۆگه‌رییه‌كه " یۆلیۆس قه‌یسه‌ر"ه به‌ڵام بروتوس پانتایی گه‌وره‌ی شانۆگه‌رییه‌كه داگیرده‌كات و ده‌بێته پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی شانۆگه‌رییه‌كه.
له‌رۆژی ئاهه‌نگی تایبه‌تدا، هه‌رچه‌نده ژنه‌كه‌ی قه‌یسه‌ر " كالبۆرنیا"، گوشار بۆ قه‌یسه‌ر ده‌هێنێت كه نه‌چێته ده‌ره‌وه، چونكه شه‌و خه‌ونی خراپی دیوه، هه‌روه‌ها یه‌كێك له عه‌ڕافه‌كانیش پێیده‌ڵێت كه نه‌چێته ده‌ره‌وه ئه‌مڕۆ ده‌كوژرێت. سه‌ره‌تا رازی ده‌بێت به‌ڵام پاشان دیسیوس كه یه‌كێكه له كه‌سه نزیكه‌كانی قه‌یسه‌ر، دژی ئه‌و قسانه ده‌وه‌ستێته‌وه قه‌ناعه‌ت به قه‌یسه‌ر ده‌كات كه به‌شداری ئاهه‌نگه‌كه بێت چونكه ده‌ڵێت: "ئه‌مه شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره تووشی قه‌یسه‌ر ده‌كات و خه‌ڵكی ده‌ڵێن، قه‌یسه‌ر ئاماده‌نه‌بوو له ئاهه‌نگه‌كه، چونكه خانمه‌كه‌ی خه‌ونی ناخۆشی دیوه ، قه‌یسه‌ر كه‌سێكی ترسنۆكه."
ئه‌م قسانه‌ش ده‌ماری پیاوانه له قه‌یسه‌ر ده‌جووڵێنێت و له بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمان ده‌بێته‌وه و به‌شداری ئاهه‌نگه‌كه ده‌كات، كه ده‌گاته مه‌یدان و له‌لایه‌ن شه‌ش له كوده‌تاچییه‌كانه‌وه په‌لامار ده‌درێت و 33 خه‌نجه‌ر ده‌كرێت به جه‌سته‌یدا، دواینیان له‌لایه‌ن بروتوسی جه‌نه‌ڕاڵی نزیك خۆی ده‌بێت، كه ئه‌مه‌ش له هه‌موویان ناخۆشتره بۆی، چونكه بروتوس به هاوڕێیه‌كی نزیكی خۆی داده‌نا.
به‌ڵام له‌پاش كوشتنی قه‌یسه‌ر، بروتوس وتارێكی گه‌وره پێشكه‌شی خه‌ڵكی رۆما ده‌كات و تێیدا ده‌ڵێت: "ئه‌و قه‌یسه‌ری زۆر خۆشویستووه، به‌ڵام ئه‌و رۆمای له قه‌یسه‌ر زیاتر خۆشویستووه." به‌م شێوه‌یه رۆمای له دیكتاتۆریه‌ت و گه‌نده‌ڵی پاراستووه. رێگه‌ش ده‌دات كه ئه‌نتۆنیۆ جه‌نه‌ڕاڵێكی نزیكی قه‌یسه‌ره، وتارێك پێشكه‌ش بكات، به‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كرد چونكه ئه‌نتۆنیۆ له رێگه‌ی ئه‌م وتاره‌وه، توانی سۆزی خه‌ڵكی رۆما له دژی كوده‌تاچییه‌كان بجووڵێنێت و به‌م شێوه‌یه‌ش جه‌نگێكی ئه‌هلی گه‌وره له رۆما سه‌رهه‌ڵده‌دات و له كۆتاییشدا له‌شكره‌كه‌ی ئه‌نتۆنیۆ و برازاكه‌ی قه‌یسه‌ر ئۆكتافیوس كه جێگه‌ی قه‌یسه‌ر ده‌گرێته‌وه، ده‌توانن به‌سه‌ر له‌شكره‌كه‌ی بروتوس و كوده‌تاچییه‌كانی تردا سه‌ربكه‌ون، ئه‌مه‌ش له پاش ئه‌وه‌ی بروتوس به شمشێره‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت و له‌شكره‌كه‌ی شكست ده‌هێنێت.
سیستمی دیكتاتۆری
یه‌كێك له بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م شانۆگه‌رییه په‌یوه‌ندی به جۆری ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه له پێش هه‌موویانه‌وه سیستمی دیكتاتۆری. پێش دوو هه‌زار ساڵ له‌م جۆره سیستمه هه‌بووه كه‌چی مرۆڤایه‌تی هێشتا نه‌یتوانیوه ئه‌م سیستمه خراپه له كۆڵ خۆی بكاته‌وه. پێده‌چێت له‌رووی شێوازه‌وه گۆڕانكاری روویدا بێت، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكی هه‌موو سیستمه دیكتاتۆرییه‌كان یه‌ك شته، له‌م شانۆگه‌رییه‌شدا باسی هۆكاری دروستبوونی ئه‌م جۆره حوكمڕانییه ده‌كات.
كاسیۆس ده‌ڵێت:
بۆچی قه‌یسه‌ر بوو به حاكمێكی ملهوڕ؟
داماو؟ من ده‌زانم ئه‌و نه‌ده‌بووه گورگ
هه‌تا ئه‌و كاته‌ی زانی كه رۆمه‌كان بوونه‌ته رانه‌مه‌ڕێك.
نه‌شده‌بووه شێر، هه‌تا ئه‌وكاته‌ی كه رۆمه‌كان بوونه ئاسكێكی بێهێز و بێ هه‌ست.
ته‌نانه‌ت تۆش بروتوس!
خاڵێكی گرنگی تر كه له‌م شانۆگه‌رییه‌دا پانتایی باشی بۆ دانراوه،مه‌سه‌له‌ی براده‌ریی و خیانه‌تلێكردنه. بروتوس یه‌كێكه له كه‌سه نزیكه‌كانی یۆلیوس، كه‌سێكی نه‌جیبزاده و نیشتمانپه‌روه‌ر، به‌ڵام له كۆتاییدا له‌به‌ر خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان پشت له یۆلیوس قه‌یسه‌ر ده‌كات، دوایین خه‌نجه‌ریش كه له یۆلیوس ده‌وه‌شێنرێت له‌لایه‌ن بروتوسه‌وه ده‌بێت، یۆلیوس بۆ هه‌موویان هیچ قسه ناكات، به‌ڵام بۆ پرۆتوس ته‌نها دێڕێك ده‌ڵێت: ته‌نانه‌ت تۆش بروتوس. ئه‌مه‌ش ده‌بێته ناونیشانێكی تر بۆ ئه‌م شانۆگه‌رییه و هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش وه‌كو ئیدیۆمێك بۆ خیانه‌تی هاوڕێیان به‌كارده‌هێنرێت.
مه‌سه‌له‌ی ئێره‌یی پێ بردن و ده‌سه‌ڵات
بابه‌تێكی گرنگی تر مه‌سه‌له‌ی ئێریی پێ‌بردن و جه‌نگی ده‌سه‌ڵاته. هۆكاری سه‌ره‌كی له تیرۆركردنی یۆلیوس قه‌یسه‌ر په‌یوه‌ندی به جه‌نگی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه. راسته یۆلیوس قه‌یسه‌ر توانی به‌سه‌ر دوژمنه ده‌ره‌كییه‌كانیدا سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵام نه‌یتوانی به‌سه‌ر ئاگری رق و كینه‌ی هاوڕێكان و كه‌سه نزیكه‌كانی سه‌ربكه‌وێت. یه‌كێك له‌و كه‌سانه كه به عه‌قڵی ئه‌م كوده‌تایه داده‌نرێت كاسیوسه، كه ئاگری رق و كینه‌ی به‌رامبه‌ر یۆلیوس قه‌یسه‌ر ناكوژێته‌وه. ده‌توانێت پیلانێك له دژی یۆلیوس قه‌یسه‌ر دابنێت و به‌ناوی نیشتمانپه‌روه‌ریشه‌وه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك هه‌ڵبخه‌ڵێتێنێت له‌پێش هه‌موویانه‌وه بروتوس. ئه‌م شانۆگه‌رییه وه‌كو ده‌قێكی مێژوویی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه جه‌نگی ده‌سه‌ڵات چه‌نده مێژووه‌كه‌ی درێژ و قێزه‌ونه، چۆن ئه‌م كورسی ده‌سه‌ڵاته بۆته هۆی كوشتن و جه‌نگی ماڵوێرانی وه‌كو ئه‌وه‌ی له پاش یۆلیوس قه‌یسه‌ر رووبه‌ڕووی رۆما بوویه‌وه.
شۆڕش و ده‌سه‌ڵات
بابه‌تێكی گرنگی‌تر له شانۆگه‌رییه‌كه په‌یوه‌ندی به پرسی ده‌سه‌ڵات و شۆڕشه‌وه هه‌یه. ئایا له ئاست ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆردا ده‌بێت مرۆڤ هه‌ڵوێستی چۆن بێت؟ ئایا هه‌میشه شۆڕشگێره‌كان هه‌موویان یه‌ك ئامانجیان هه‌یه؟ لێره ئێمه بروتوس ده‌بینن هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری هانی ده‌دات تاوه‌كو دژی یۆلیۆس بوه‌ستێته‌وه به‌ڵام هانده‌ری سه‌ره‌كی كاسیۆس ته‌نها ئێره‌یی پێ بردن و ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌سته.
له‌لایه‌كی تره‌وه له‌م شانۆگه‌رییه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه دوای مردنی دیكیاتۆر و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش، زۆرجار جه‌نگی ئه‌هلی دروست ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له زۆر وڵات‌دا ئه‌م ئه‌زموونه تاڵه‌مان بینییوه. له‌م شانۆگه‌رییه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه كه زۆربه‌ی جار، خه‌ڵكی ئاماده‌ن بۆ ئامانجێكی پیرۆز قووربانی بده‌ن، به‌ڵام دواتر له‌پشت ئه‌م ئامانجه پیرۆزه‌ی ئه‌وانه‌وه، كۆمه‌ڵێك كه‌سی ده‌سه‌ڵات ویست هه‌یه، كه حه‌ز و ئامانجی ئه‌وان، ته‌واو دژی حه‌ز و ئامانجی خه‌ڵكه.
گرنگی وتاردان
خاڵێكی گرنگی تر له‌م شانۆگه‌رییه‌دا په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی هێز و توانای وتاردانه‌وه هه‌یه. سه‌ره‌تا بروتوس ده‌توانێت قه‌ناعه‌ت به خه‌ڵكی رۆما بكات بۆ كوشتنی یۆلیوس قه‌یسه‌ر، به‌ڵام دواتر ئه‌نتۆنیۆ له رێگه‌ی وتاره‌كه‌یه‌وه توانی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی بۆلای خۆی رابكشێت و خه‌ڵكی رۆماش له دژی كوده‌تاچییه‌كان به‌كاربهێنێت و دژیان بجه‌نگێت. لێره‌وه گرنگی وتاردانمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، چۆن وتارێك ده‌توانێت رووداوه سیاسییه‌كان ژێره‌وژوور بكات.
سوود وه‌رگرتن له كتێبی مێژوویی
زۆربه‌ی چاوێرانی ئه‌ده‌بی شكسپیر له‌و باوه‌ڕه‌دان كه شكسپیر زۆر سوودی له كتێبی مێژوونووس و فه‌یله‌سوفی یۆنانی بلوتارخ " ساڵی 45 له‌دایك بووه‌و ساڵی 125 ز كۆچی دوایی كردووه"وه‌رگرتووه . كتێبه به‌ناوبانگه‌ی بلوتارخ به‌ناونیشانی " میرو پاشاكانی یۆنان و رۆما" كه دووجار له‌سه‌رده‌می شكسپیردا چاپبووه، یه‌كه‌میان ساڵی 1579 و دووه‌میان ساڵی 1595. له‌م كتێبه‌دا بلوتارخ تێیدا به وردی باسی چۆنێتی تیرۆركردنی یۆلیوس قه‌یسه‌ری كردووه، شكسپیریش بۆ نووسینی ئه‌م شانۆگه‌رییه، به‌شێكی زۆر له‌و كتێبه‌ی پلو‌تارخ وه‌رگرتووه.
شانۆگه‌رییه‌كی ئاڵۆزه
یه‌كێك له‌و ره‌خانه‌ی كه له‌م شانۆگه‌رییه ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه كه ناوه‌ڕۆكی شانۆگه‌رییه‌كه جۆره ئاڵۆزییه‌كی پێوه دیاره، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به كۆتایی شانۆگه‌رییه‌كه‌وه هه‌یه، له‌لایه‌كه‌وه یۆلیۆس قه‌یسه‌ر ده‌كوژرێت، به‌ڵام ئه‌مه كۆتایی بابه‌ته‌كه نییه، به‌ڵكو له دوای خۆی جه‌نگێكی ناوخۆیی سه‌رهه‌ڵده‌دا. به‌شێكی زۆری مێژوونووسان و پسپۆرانی ئه‌ده‌بی شكسپیر پێیان وایه، كه له ده‌قه‌كه‌دا هه‌ست به جۆره سۆز و لایه‌نگرییه‌ك ده‌كه‌یت بۆ یۆلیۆس قه‌یسه‌ر كه شكسپیر وه‌كو حاكمێكی دیكتاتۆر پیشانی داوه، دواتریش هه‌مان سۆز و خۆشه‌ویستی ده‌بینین بۆ كاره‌كه‌ی بروتوس كه هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی داوه .
ده‌ره‌نجام
به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ی شكسپیر وه‌كو هه‌موو شانۆگه‌رییه‌كانی تری، چ له‌ڕووی فۆرم و چ له‌رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به مێژووی رۆمانییه‌وه، گرنگی و بایه‌خی زۆری هه‌یه. هه‌ربۆیه هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ی وه‌كو شانۆگه‌رییه‌كانی تری، له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆكان نمایشده‌كرێت و ته‌نانه‌ت كراویشه به فیلم، چونكه هێشتا رۆحێكی زیندووی هه‌یه.
سه‌رچاوه:
ویلیا‌م شكسبیر. یولیوس قیصر. ترجمه محمد عنانی. موسسه هنداوی. 2017.