كارتی شین

10:33 - 2024-02-11
وەرزش
116 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) بڵاویكردتەوە كە سزایەكی نوێ بۆ یاریزانانی تۆپی پێ زیاد دەكرێت ئەویش بەرزكردنەوەی كارتی شینە بەڕووی یاریزاناندا.
ئەم كارتە لەگەڵ هەردوو كارتی سوور و زەرد دەبێتە سێیەم كارت و سزای دەستی ناوبژیوانان بۆ سزادانی یاریزانان، كارتی شین جیاواز لە دوو كارتەكەی تر، یاریزان بۆ ماوەی 10 دەقیقە لە یارییكردن بێ بەش دەكات و دەكرێتە دەرەوە، دواتر یاریزانەكە دێتەوە ناو یاریی، هەروەك چۆن لە یاریی تۆپی دەستدا ناوبژیوان دەتوانێت لەسەر سەرپێچی قورس یاریزان بۆ ماوەی 2 دەقیقە لە تیپەكەی دوور بخاتەوە و تیپەكە بەو نوقسانییەوە یاریی بكات، لەمەی تۆپی پێشدا بەهامان شێوەیە.
بڕیار وایە 2/3/2024 یەكێتیی نێوەدەوڵەتی تۆپی پێ لە كۆبوونەوەی دەستەی گشتی خۆیدا گفتوگۆی تەواو لەسەر كارتی شین بكات و دوا بڕیاری خۆی لەسەر بدات، رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی لە دوا ژمارەی خۆیدا باسی ئەوەی كردووە ئەنجومەنی تۆپی پێی رەزامەندیی لەسەر كارتی شین داوە كە كاری پێبكرێت، وەك یەكەمین هەنگاویش لە خولی جامی یەكێتیی ئینگلیزیدا كاری پێدەكرێت و بەكار دێت، بەڵام لە بۆنە گرنگ و مەزنەكاندا جارێ كاری پێ ناكارێت.
فیفا لەلای خۆیەوە  ئەوەی بڵاوكردۆتەوە كە ئەو هەواڵانە راست نین كە گوایە كارتی شین لە پاڵەوانێتیی و خولە گرنگەكاندا بەكاردێت، هەروەها دەڵێت» ئەم ئەزموونە دەبێت لە خولە ئاسان و كەم ناوەكانەوە تاقیبكرێتەوە نەك لە خول و پاڵەوانێتییە گرنگ و بەهێزەكانی وەك مۆندیال و چامپیۆنس لیگ و خولە بەهێزەكانی وەك پریمەر لیگ و لالیگاوە.
كارتی شین كاتێك بەڕووی یاریزاندا بەرز دەكرێتەوە ئەگەر كارتی زەردی نەبوو، ئەوا 10 دەقیقە لە یاریكردن دوور دەخرێتەوە و دواتر دێتەوە ناو یاریگا، بەڵام ئەگەر كارتی زەردی پێشتر وەرگرتبوو، ئەوا بەكارتە شینەكەوە دەكاتە دوو كارت و دواتر بەكارتی سوور دەكرێتە دەرەوە، كارتی شینیش لەكاتێكدا بەرووی یاریزاندا بەرز دەكرێتەوە ئەگەر هەڵەیەكی تەكتیكی یان رەخنەی لە بڕیاری ناوبژیوان گرت، دوو كارتی شینیش دەكاتە كارتی سوور و دواتر دەكرێتە دەرەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان