پەیامی سەرۆک بافڵ بۆ دووەم کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن

09:12 - 2024-02-11
کوردستان
317 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێز لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
هەڤاڵان و تێکۆشەرانی خەباتی رێکخراوەیی 

سەرکەوتنی دووەمین کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن پیرۆزبێت و لە دڵەوە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی (میتۆدێکی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە) لەماوەی سێ رۆژ و گفتوگۆی یەكێتییانە و هەڤاڵانەتان بۆ گەڵاڵەکردنی راسپاردە و پێشنیازی نوێ بۆ خۆڕێکخستنەوەی کاری رێکخراوەییتان لە سەر ئاستی مەکتەب، مەڵبەند، کۆمیتە و ئۆرگانەکان، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینمانە

 هەڤاڵانی خۆشەویست.
بەدڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیازەکانتان هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی وردیان بۆ دەکرێت، وەک نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ کاری رێکخراوەییتان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەم هەنگاوەش سەرجەم ئۆرگانەکانمان بە رێگەیەکی مۆدێرن و تەندروست درێژە بە کاری رێکخراوەیی خۆیان دەدەن، زیاتر لە خزمەت هاونیشتمانیان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا دەبن.

بەڕێزان 
رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و ژنان وەک وزە و دیدگایەکی نوێ، روویەکی گەشتری بە کۆنفرانسەکەتان بەخشی و دڵنیام بە بەشداریی کارای ئەوان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی فراوان و دەوڵەمەندی تێکۆشەرانمان، دەتوانین کارەکانمان لە هەموو ئاستەکاندا بەشێوەیەکی باشتر رێکبخەینەوە و کار و ئەرکەکانمان وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستییەکانی ئەمڕۆ بێت.


هەڤاڵانی یەکێتی 
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، پاشان کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن، سەرەتای قۆناغێکی نوێی کاری رێکخراوەییمانە. نوێکردنەوەی سەرجەم مەکتەب و دامەزراوەکانی ‌حزب، پێویستیی  قۆناغەکەیە و دەبێت هەموولایەک بە رۆحێکی یەکێتییانە و بەرپرسیارانە هەنگاو بەرەو نوێگەری بنێن و بەرنامە و پڕۆژەکانتان هاوتەریب بێت لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆ و گۆڕانکارییەکان، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.

شاد و سەرفرازبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان