راپۆرتی: جێگر خدر
قەیرانی دارایی و زیادبوونی باج و کرێی کارەبا و گازوایل 85 ٪ ی کارگەکانی بلۆکی سنووری ئیدارەی راپەڕینی رووبەڕووی داخستن کردۆتەوە و خاوەنی ئەو کارگانەش کە تائێستا کاردەکەن، نیگەرانن لە بێ بازاڕی و روبەڕوبوونەوەی زیان.
نزیکەی 100 ٪ بازاڕمان کەمیکردووە
بە درێژایی رێگەکانی سنووری قەزای حاجیاوا و ناحیەی چوارقوڕنە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، چەندین کارگەی دروستکردنی بلۆک هەن، بەڵام بەشێکییان تەنها بە کەرەستەکانیاندا دەزانرێت کە پێشتر کارگەی بلۆک بوون و بەشێکی دیکەشییان بە هەزاران بلۆکیان هەڵچنیووە وەک ئەوەی بۆ پڕۆژەیەکی دیاریکراو دروستکرابن، بەڵام کە خاوەنی کارگەکان دەدوێنیت، تێدەگەی ئەو هەڵچنینە لە ئەنجامی بێبازاڕییە و وەک خۆیان دەڵێن کەمترین کەس سەردانیان دەکات بۆ بلۆک کڕین.
لەوبارەیەوە سەفین فریاد خاوەنی یەکێک لەو کارگەکانە دەڵێت: بۆ نزیکەی 100 ٪ بازاڕمان کەمیکردووە، قەیرانی دارایی ساڵ بە ساڵ داخوازیی بلۆکی کەمکردۆتەوە، پێشتر بە دەیان کارگە هەبوون، بلۆکمان رەوانەی تێکڕای شارەکانی هەرێم دەکرد، بەڵام ئێستا بێبازاڕین و لەسەروو ئەوەشەوە زەرەرمەندین.
راشیگەیاند کە زیادبوونی چەند قاتی باج و کرێی زۆری کارەبا و ئاو و گازوایل و کرێی کرێکار، هۆکاری سەرەکین بۆ داخستنی بەشێکی زۆری کارگەکان.
لەلایەکی دیکەشەوە قەیرانی دارایی جووڵەی بینا دروستکردن و کڕینی بلۆکی بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزاندووە.
وتیشی: ئەگەرچی هەندێک لەو کارگانە تائێستا دانەخراون، بەڵام بەهۆی بێ بازاڕیەوە لە زەرەردان و تەنانەت تێچووی بەکارهێمانی ئامێرەکانیشمان دەکەوێتە ئەستۆی خۆمان، کە هەندێکیان بەهۆی کارنەکردنەوە لەکاردەکەون و ماوە ماوە چاککردنەوە و چالاککردنەوەیان دەوێت.
لە 100 کارگە، 25 یان ماوە
سنووری راپەڕین بەهۆی لەباریی خاکەکەی و کەشوهەواکەیەوە دەرهێنانی چەو و لم تێیدا گونجاوە، بەو هۆیەشەوە ناوچەیەکی گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی بلۆک و خشت، تا ساڵی 2014 زیاتر لە 100 کارگەی دروستکردنی بلۆک لەم سنوورە هەبوو، کە بلۆکی رانیە بەناوبانگ بوو و لێرەوە بۆ زۆربەی شار و ناوچەکانی هەرێم دەڕۆیشت، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و نەمانی پێشینەی خانووبەرە و خواستی هاووڵاتییان لەسەر بلۆک کەمبۆوە، بەوەش کارگەکان روویان لە بێ بازاڕی کرد و زۆربەیان داخران، ئێستا لەو 100 کارگەیە تەنها 25 کارگەیان کار دەکەن و ئەوانیش وەک خۆیان دەڵێن بازاڕێکی ئەوتۆیان نییە.
بە سەدان کرێکار، بێکار بوون
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی داخرانی ئەو کارگانەوە، سەدان کرێکار بێکار بوون و بێ بازاڕییش ژمارەیەکی کەمی کرێکاری هێشتۆتەوە.
عوبێد عوسمان یەکێکی دیکەیە لە خاوەن کارگەکان، باس لەوە دەکات کە بەهۆی داخستنی ئەو کارگانەوە سەدان کرێکار کە زۆرینەیان دەستی کاری ناوخۆیی بوون، بێکاربوون و دەشڵێت: لە کارگەکەی مندا زیاتر لە 20 کرێکار کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا تەنها شەش کرێکارم هەیە، روونیشیکردەوە کە جگە لە کارگەکانی بلۆک، بەشێکی زۆر لە کرێکارانی دەرهێنانی چەو و لم-یش بێکاربوون، ئەوە جگە لە شۆفێرانی بارهەڵگر کە بلۆکەکانیان لە کارگەوە دەگواستەوە، هەموو ئەوانەش بێکار بوون، یان کارێکی کەمیان ماوە.
جیا لەو کرێکارانەش کە بۆ بارکردن و داگرتنی بلۆک و سەفتەکردنی کاریان دەکرد.
نرخی بلۆکیش دابەزیوە
وێڕای بێبازاڕی، خاوەنی کارگەکان سکاڵا لەوەش دەکەن کە نرخی بلۆکیش دابەزیووە، بەوەش ئەوان زەرەرمەندن، لەو رووەشەوە عوبێد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نرخی بلۆک سەرەڕای باج و خەرجیی زۆریان، کەمیکردووە، بەجۆرێک پێشتر نرخی جووتێک بلۆک بە 1500 دینار بوو و بەڵام ئێستا 700 دینار لەو نرخە هەرزانتر بووە واتە بە 800 دینارە و وتیشی: ئێمە خۆشحاڵین بە هەرزانیی نرخی بلۆک، بەڵام ئەمە کاتێک باشە کە کرێی کارەبا و ئاومان لەسەر کەم بکەنەوە، نرخی گازوایل کەم بکرێتەوە، باج بەو رێژەیە زیادی نەکردایە، ئەگەرنا بەو بازاڕە و بەو نرخە، ئێمە دەبێت لەسەر گیرفانی خۆمان خەرجی هەندێک پێداویستی بدەین، یاخود وەک ئەو دەیان کارگانەی دیکە ئێمەش دایبخەین.
ئەگەرچی لە وەرزی زستان و سەرمادا کاری بیناکردن کەم دەبێتەوە و خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازیی بەگشتی کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەو خاوەن کارگانە دەڵێن: ساڵانی رابردوو بەو شێوەیە نەبووە و ئەو کارگانەشی کە داخراون، لەسەر بازاڕی ساڵ، بە گەرما و سەرما داخراون، داواش لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەن هاوکار و هەماهەنگ بێت و کارئاسانییان بۆ بکات و ئەو بازاڕە گرنگەی سنووری ئیدارەی راپەڕین ببوژێندرێتەوە.