״ئاسانكاریی تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی پڕۆژە گەشتیارییەكانی سەرچنار بكەن״

11:13 - 2024-02-19
کوردستان
153 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا ئاسانكاریی تەواو بكەن بۆ وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت تا هەرچی زووتر پڕۆژە گەشتیارییەكانیان جێبەجێ بكەن.
دوێنێ، قوباد تاڵەبانی بە یاوەریی ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی كرد و وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی خاتوو شاناز عامر بەدران وەك بەڕێوەبەری نوێی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە چۆنێتی بەرەوپێشچوونی پڕۆژە گەشتیارییەكانی كۆڵییەوە و رایسپاردن لەگەڵ فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەدا هەماهەنگی زیاتر بكەن بۆ ئاسانكاریی تەواو بۆ وەبەرهێنەران تا هەرچی زووتر پڕۆژە گەشتیارییەكان جێبەجێ بكەن.
جێگری سەرۆك وەزیران، باسیشی لە گرنگیی پڕۆژەی گەشتوكاڵ كرد و ئاماژەی بەوەدا ئێستا پڕۆسەكە بۆتە پڕۆگرامی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا و دەبێتە پاڵپشتێكی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی هەردوو كەرتی گەشتیاری و كشتوكاڵ و دواجار وەك كەرتێكی نوێ دەبێتەهۆی زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات و رەخساندنی هەلی كاری زیاتر لە كەرتی تایبەتدا. داواشیكرد بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ هەماهەنگی تەواوبكەن بۆ سەرپێخستن و پەرەپێدانی ئەم كەرتە لە كوردستاندا.
دواتر، جێگری سەرۆك وەزیران، سەردانی زۆنە گەشتیارییەكانی سەرچناری كرد كە بڕیارە چەند پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری تێدا بكرێت و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاریشی راسپارد بەخێرایی ئاسانكاری تەواو بكەن بۆ وەبەرهێنەرانی پڕۆژە گەشتیارییەكانی سەرچنار تا هەرچی زووتر پڕۆژەكانیان جێبەجێ بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان