موحەڕەم محەمەد ئەمین، رووناکبیرێک لە میهرەبانی و هەڵوێست

10:22 - 2024-02-20
کەلتور
201 جار خوێندراوەتەوە
موحەڕەم محەمەد ئەمین لە تەمەنی گەنجیدا

سەرکەوت عەلی حەبیب


ئەم شارە کە لە تەمەن و نەخشەی جوگرافیادا بچووکە، بەڵام بە زۆریی بەهرەمەند و رووناکبیرەکانی زۆر گەورەیە، لە تەمەنی دوو سەدەی رابردوویدا، دەیان و سەدان گەورە پیاو و خەمخۆری بە کورد و کوردستان بەخشیووە،  بۆیە کەم نین ئەو خەمخۆرانەی بۆ خەمەکانی ئەم خاک و گەلی کوردستانە هەمیشە ماڵ لە کۆڵە خوڵقاون و یەکبینە لە خەمی خەڵکدا بوون و بە خەمەوە بۆ هەموو خەمێکی ژیانی کوردەوارییان رووانیووە و دەڕوانن.

بەرهەمی ئەودیو سنوورە دەستکردەکان
خەمخۆران و دڵسۆزانی کورد، هەمیشە خەمی گەورەیان، خەمی رۆژگارە سەختەکانی ژیانی کوردەواری بووە و دەبێت.
موحەڕەم محەمەد ئەمین، خەمخۆرێک و رووناکبیرێک کە لێوانلێو بووە لە خزمەت، خزمەتێک کە دڕی بە تاریکیی شەوەزەنگی رێی باریک داوە.
ئەم ماندوونەناسە، ئەم داربەڕووە، لە رۆژگارێکدا ئەگەر قەڵەم و هەوڵ و کۆششی یەکبینەی ئەم تێکۆشەرە نەبووایە، بە زۆر بابەت و بەرهەمی دەرەوەی سنوورە دەستکردەکان ئاشنا نەدەبووین و تینوێتی ئێمەمانان و رێبوارانی رێگەی عیشق و ئازادی نەدەشکا.
موحەڕەم محەمەد ئەمین، لە هەر شوێن و جێگەیەکدا کاری کردبێت، شوێن دەستی دیاربووە و خزمەتی بەرچاوی بە دنیای چاپ و بڵاوکراوە و رۆشنبیریی کوردی کردووە.

دوو ساڵ لە رێی گۆڤاری شارەوانییەوە
کاتێک کە فەرمانبەر دەبێت لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، شانبەشانی پارێزەری وشەی کوردی، پارێزەر جەمال بابان کە ئەوکاتە سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بووە لە 1968، موحەڕەمی خەمخۆر، هەر لە خەمی دەرکردنی گۆڤارێکدا دەبێت بۆ شارەوانیی سلێمانی، بۆیە بیرۆکەی گۆڤارێک پێشنیاز دەکات و هەر خۆیشی دەبێت بە سکرتێری نووسین و لە مانگی تەممووزی ساڵی 1968دا، یەکەم ژمارەی گۆڤاری شارەوانیی سلێمانی چاپ و بڵاودەبێتەوە و چاو بە دنیای رۆژنامەنووسی هەڵدێنێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتێکی گەورە لەو رێگەیەوە بە بواری رۆژنامەنووسیی کوردی بە گشتی و سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی بە تایبەتی دەکات.

لە رۆژنامەنووسییەوە بە دنیای ئەدەبی ئاشنا کردین
محەڕەم محەمەد ئەمین، نووسەر و چیرۆکنووسێک بە واتای وشە، قەڵەمێکی بە بڕشتی هەبوو کە لەو رێگەیەوە خزمەتێکی گەورەی بە دنیای ئەدەبی کوردی کردووە.
ئەم ئەستێرە درەوشاوەیەی ئاسمانی کوردەواریی و سلێمانی لە ساڵی 1921 لە گەڕەکی دەرگەزێنی سلێمانی لەدایکبووە.
خوێندنی قۆناغی سەرەتایی لە ساڵانی 1930 – 1936 تەواوکردووە.
لەبەر هەندێک هۆکاری تایبەت بەخودی خۆی، نەیتوانیووە لە کۆلێجی حقوق- زانکۆی بەغدا بەردەوام بێت.
ساڵی 1944، وەک فەرمانبەر لە فەرمانگەی تەموینی سلێمانی دەستبەکاربووە.
ساڵی 1945، لە فەرمانگەی مەعاریف (پەروەردە)ی سلێمانی وەرگیراوە و ماوەیەکیش ئەمینداری نامەخانەی سلێمانی بووە.
ساڵانی 1952 – 1956 لە فەرمانگەی قەڵاچۆکردنی نەخۆشییەکانی مەلاریای  سلێمانی دامەزراوە.
ساڵی 1957، گواستراوەتەوە بۆ فەرمانگەی شارەوانیی سلێمانی.
نووسەر و چیرۆکنووس، موحەڕەم محەمەد ئەمین، هەمیشە لە خەمی (چاپ و بڵاوکراوەی کوردی)دا بووە، بۆیە ساڵی 1960، دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری رۆژی نوێ.
ساڵی 1974 بووەتە سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی.
ساڵی 1975، لە دەزگای هاوکاری بۆ چاپ و بڵاوکراوەی کوردی کاریکردووە و سەرنووسەری گۆڤاری بەیان بووە.

کارزان و کارا لە زمان و نووسیندا
ئەو وەک نووسەرێکی بە توانا و شارەزا و بە سەلیقە، جگە لە زمانی کوردی وەک زمانی دایک، زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیشی زانیوە و چیرۆکەکانی (گۆگڵ، گۆرکی و دیستۆڤسکی) جگە لە دەیان بابەتی ئەدەبی، فیکری، سیاسی و زانستی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی، جگە لەوەش دەیان چیرۆک، وتار، نووسین، رەخنە و بیرەوەریی لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی (ژین، رۆژی نوێ، بڵێسە، شەفەق، نەورۆز و بەیان)دا بڵاوکردووەتەوە.
بە درێژایی ئەو کاروانە پڕ بەرهەمە، خاوەنی چەند بەرهەمێکی ناوازەیە وەک (مام هۆمەر، گۆمی شڵەقاو، گردی شەهیدان، یادی گۆڕستانەکە، رێگەی ئازادی، ئادەمیزاد، مەبدەئە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە و شۆڕشی بارزان).
ساڵی 1977، خانەنشین کراوە.

تا بە گەردنکەچی نەمرێت
موحەڕەم محەمەد ئەمین، پەروەردەی شارێکە، کە کوانووی شۆڕشە و قوتابخانەی کوردایەتییە، بۆیە هەر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، تێکەڵی کۆڕی خەبات و تێکۆشان بووە و بۆ ئازادی، یەکسانی گەل و مرۆڤایەتی خەباتی کردووە کامەران موکری وتەنی: "تا بە گەردنکەچی و کەساسی نەمرێ، دیارە خەڵاتی ئازادیخوازانیش هەر زیندانیکردن و لێپێچینەوە و ئەشکەنجەدان بووە، بۆیە ئەم نەمرەی نیشتمان لەلایەن پیاوانی رژێمی بەعسەوە دەگیرێت و زۆر بێبەزەییانە لە (دائیرەی ئەمنی سلێمانی) ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت و لە 23/7/1980، گیانی بەرزەفڕی بە کورد و کوردستان دەبەخشێت.

بەرگی پێشەوەی مانگنامەی شارەوانیی سلێمانی - 1969

 



#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان