لەتیف نێروەیی: فرەبازنەیی خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە

02:51 - 2024-02-22
کوردستان
129 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوابەدوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان هەوڵی شێواندنی راستییەكانیان لەبەرچاوی هاووڵاتیان و شەقام و جەماوەردادا، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لەو میدیایانە پەنجەی تۆمەتیان بۆ یەكێتی درێژكرد و لەجێگەی دەستخۆشی پەیامی چەواشەكاریان دایەپاڵی، ئێمە وەك میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی هیچ كام لەو كەناڵانە نادەینەوە، بەڵام خستنەڕووی راستییەكان بە ئەركی خۆمان دەزانین.
هەروەها وتیشی: فرە بازنەیی لە چەند روانگەیەکەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە و هاووڵاتیانی پارێزگایەک لەسەر ئاستی پارێزگا و ناوچەکەی خۆیان، کاندیدی خۆیان هەڵدەبژێرن. هاوکات دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ساختەکاری و ئەگەر ساختەکاریش لە پارێزگایەک بکرێت، ئەوا کاریگەریی لەسەر پارێزگاکانی تر نابێت.
ئاماژەی بەوەشدا فرەبازنەیی تەنیا لە بەرژەوەندی حزبێک نییە بەڵکو لە سوود و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و کاندیدەکان و هەموو حزبەکانیشدایە. هەروەها عەدالەتی حزبیش دەهێنێتە ئاراوە و چیتر دەنگی سلێمانی بۆ دهۆک یان هەولێر و دەنگی دهۆک بۆ سلێمانی و هەولێر ناڕوا. بەڵکو ژمارەی کورسییەکان بەپێی پارێزگاکان دادەنرێت.
سەبارەت بە پێکهاتەکانیش، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، باسی لەوەشکرد: لە دوای راپەڕینەوە، هیچ لایەنێک هێندەی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال هەوڵی پارستنی دەنگ و بەرژەوەندی پێکهاتەکانی نەداوە. بە جۆرێک لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، هیچ حزبێکی کوردی و شیعە و سوننە بە ئەندازەی یەکێتی ئەندامی پێکهاتەکانی سەرنەخستووە. لە پارێزگاکانی نەینەوا و دیالە چەند کادرێکی یەکێتی کە لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانن، لەسەر لیستی یەکێتی بوونەتە ئەندامی پارێزگاکان.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراق جێی دڵخۆشییە و بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، خواست و داواکاری مامۆستایان و کارمەندانی هەرێمی کوردستان دەهێنرێتەدی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان