سکاڵانامەی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ئێزدییەکان لە پارتی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەوروپا

07:00 - 2022-03-24
کوردستان
921 جار خوێندراوەتەوە
ئێزدییەکان

بەڕێز / سەرۆکایەتی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا
سڵاو و رێز
سەرەتا سوپاستان دەکەین لە پای ئەو گرنگی پێدانەتان بە پێکهاتەى ئێزدی و مەسەلە رەواکەیان.
بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمان
لەم رۆژانەدا وەفدێک بە ناوی ئێزدییەکانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرى پارتی دیموکراتی کوردستان لە برۆکسل سەردانی پەرلەمانی ئەوروپایان کرد.
پێشتر و لە چەند یادداشت و پیًشنیارێکماندا بەرێزتانمان لەو مەینەتی و کارەساتانە ئاگادار کردبۆوە کە لە کوردستان و عیراق و جیهاندا بەسەر ئێزدییەکاندا هاتوون، تازەترینیان سەپاندنی بەڕێز حازم تەحسین سەعید وەک ( ئەمیر) و عەلی یاس وەک ( بابەشێخ)ى ئێزدییەکان بوو لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بووە کە بێ رەچاوکردنی ئیرادەی ئێزیدییەکان و دوور لە بنەما و نەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتی ئێزدی
کران، ئەم دوو بەڕێزە بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتی ئێزدیی و مەسەلە رەوا و مافەکانیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی حزبەکەیان پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، بۆیە داواکارین لە بەڕێزتان وەک نوێنەری ئێزدی مامەڵە لەگەلً ئەم گروپە نەکەن.
سەرۆکی بەڕێز
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمان
بەرێزتان و هەموان باش ئەوە دەزانن کە:
١-ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی بوون کە لە ٣ی ئاب و لە سنووری شەنگال لە مامەڵەیەکی نامرۆڤانەدا ئێزدییەکانی ئەو ناوچەیەیان فرۆشت بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
٢- پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی گرتووە بەسەر ئەنجومەنی رۆحانی ئایینی ئێزدی و بە سیاسەتی ترس و پەلکێش کردن پەرستگا و سەکۆ و شوێنەکانی کردووە بە شوێنی بانگەشەی حزبایەتی بۆ خۆیان.
٣-ماوەی ٨ ساڵە پارتی لە چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتیدا بۆ مەبەستی ئەمنی و سەربازیی دوور لە هەموو پێوەرێکی مرۆیی 400000 کەسی ئێزدیی لە خێوەت و چادرگەى ئاوارەییدا هێشتۆتەوە و نایەلێت بچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
٤-هەموو لایەک دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێزدییەکان بۆ ململانێ حزبیەکانی بەرکاردێنێت دژ بە حزبەکانی تر ، هەروەها ژیانی کولەمەرگیی ناو چادرگەى ئاوارەکان بەکار دەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنگەکانیان لە هەلبژاردنەکاندا.
بۆیە داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەندامان و لیژنە تایبەت بە کاروبارى کەمایەتییە ئایینیەکان دەکەین کە بەردەوام بن لە پشتگیرییکردنی ئێزدیی و گشت کەمینەکانی تر لە عیراقدا، بەڵام دواکارین بەشداری هیچ پڕۆژەیەک نەکەن کە بۆ چەوساندنەوە و کەنارگیرکردنی ئێزدی و کەمینەکانی تر بێت.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان بۆ ئێوە و بۆ نەتەوەکانتان
کۆمەڵێک لە :
رۆشنبیر و پیاوانی ئایینی و خاوەنکار و مامۆستاوخوێندکارى زانکۆ و چالاکوانی کۆمەڵگەى مەدەنی و رۆژنامەنووس و میدیاکار لە عیراق و جیهان.
تێبینی : لەبەرهۆکاری ئەمنی، ناوەکانمان تەنها ئەدەین بە لایەنی رەسمی پەیوەندیدار.

#ئێزدییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان