راپۆرتی/ جێگر خدر
دوای زیاتر لە 12 ساڵ وەستانی پڕۆژەیەکی ستراتیژی لەناو بازاڕی رانیە، بە هەوڵی راستەوخۆی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە یادی راپەڕیندا، ئاستەنگەکانی بەردەمی لابران و پڕۆژەکە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان کەوەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەشێکی پڕۆژەی دووسایدی ناو بازاڕی رانیە، ماوەی 12 ساڵ بوو پەکیکەوتبوو، دەیان دوکانی تاپۆ بەر رێگەکە دەکەوتن و ئاستەنگیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دروستکردبوو، بەڵام لە یادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستاندا، کە لە دەڤەری راپەڕینەوە بڵێسەی سەند و وەک وەفایەک بۆ گیانی شەهیدانی سنوورەکە و تێکڕای شەهیدانی راپەڕین، ی.ن.ك لە رێگەی لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕین و سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و قایمقامیەت و شارەوانی رانیەوە، لەو یادە مەزنەدا دەستکرا بە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆژەکە و بە هەوڵی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی، قۆناغی یەکەمی ئەو بەشە تا کۆتایی پڕۆژەکە دەستیپێکرد و شەوی 5/3 وەک دیارییەک بۆ یادی راپەڕین دوکانەکان رووخێنران.
قوباد تاڵەبانی: خۆشحاڵم بە چارەسەری بەربەستەکان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بەرلە چەند سەعاتێک لە رووخاندنی دوکانەکان، مژدەی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکەی لە پەیامێکدا لە فەیسبووکی خۆیەوە بڵاوکردوە و نووسیوێتی: «خۆشحاڵم بە چارەسەرکردنی هەموو بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی دووسایدی ناو بازاڕی شاری رانیەی خۆشەویست. هەر لە سبەینێ و لە ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەدا، دەست دەکرێت بە کارکردن لە پڕۆژەکەدا. بەهیواین لەکاتی دیاریکراودا هەموو کارەکانی تەواو ببێت و بەم پڕۆژەیە خزمەتێکی بچووکی ئەو شارە خۆشەویستە بکەین».
هەروەها دەشڵێت: «دەستی هەموو ئەو کەس و لایەنانە خۆش بێت کە هاوکاربوون لە رێکخستن و چارەسەرکردنی بەربەستەکاندا. بێگومان پڕۆژەی دیکەشمان هەیە بۆ دەڤەری راپەڕینی ئازیز و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەو دەڤەرە و هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان».
لوقمان وەردی: ئەوە دیارییەکی بچووکی یادی راپەڕینە
هەر لەوبارەیەوە لوقمان وەردی لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین، درەنگانێکی شەو چاودێریی روخاندنی دوکانەکانی دەکرد و رایگەیاند: ئەوە دیارییەکی بچووکی یادی راپەڕینە مەزنەکەیە و پێشکەشی دەروازەی راپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینی دەکەین، وتیشی: لەدوای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییەوە، کاتێک کە من ئەرکی لێپرسراوێتی مەڵبەندم وەرگرت، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایسپاردین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری دەڤەری راپەڕین و خەڵکە تێکۆشەرەکەی، هاوکار و هەماهەنگی سەرپەرشتیاری ئیدارە و قایمقامییەتەکان و تێکڕای فەرمانگەکان بین بۆ کارئاسانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی خۆشەویست.
راشیگەیاند: لەماوەی رابردوودا هاوڕێ لەگەڵ هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانمان کرد و پرسی پڕۆژە وەستاوەکانی رانیە، دوو سایدی ناوبازاڕ و دوو سایدی رانیە-سەرکەپکانمان تاوتوێکرد، خۆشبەختانە تەواوی هەوڵی خۆی خستەگەڕ و پشتیوانیی تەواوی زۆی بۆ دەربڕین، دوای ئەوەش راستەوخۆ هەردوو پڕۆژەکە بەگەڕ خرانەوە، دووسایدی رانیە- سەرکەپکان رۆژانی رابردوو جێبەجێکراو و پڕۆژەی دوو سایدی ناو بازاڕیش، قۆناغی رووخاندنی دوکانەکان دەستیپێکرد و قۆناغی دواتریش بە زوویی جێبەجێ دەکرێت.
قەرەبووی خاوەن موڵکەکان بە نەختینە دەکرێتەوە
ریزێک دوکانی تاپۆ لە ناوبازاڕی رانیە ماوەی 12 ساڵبوو بەهۆی قەرەبوو نەکردنەوەی خاوەن موڵکەکان و بوونی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەی نەختینەوە لە بانکەکاندا، شەقامی گشتی ناوبازاڕی رانیەی بە یەک سایدیی هێشتبۆوە، سیمایەکی ناشیرینی بە شارەکە بەخشیبوو و ئاستەنگی هاتوچۆشی دروستکردبوو. لە بارەی قەرەبووکردنەوەی دوکاندارەکان و نەفەوتانی مافەکانیانەوە، هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند: هەموو خاوەن دوکانەکان بە نەختینە قەرەبوو دەکرێنەوە و رێکاری پێویستییان لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەگیرێتەبەر.
باسیشی لەوەکرد کە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بە هەوڵی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی بڕیارەکە جێبەجێ کراوە و وەک ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش پشتئەستوور بە هەوڵەکانی یەکێتی و سەرۆک بافڵ و پشیتیوانی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی، پڕۆژە وەستاوەکانی دیکە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەخرێنەوەگەڕ و هەروەها کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری دیکەش بۆ خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی دەروازەی راپەڕین و تەواوی دەڤەری راپەڕین جێبەجێ بکرێت.