راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
لە رۆژی 3ی ئەم مانگەوە، هێزێكی ئەمنی بەبێ ئاگاداركردنەوەی خاوەن دوكانەكانی گەڕەكی پەنجاعەلی كە تایبەتن بە كەرەستەی بیناسازی، بەشێك لە دوكانەكانیان روخاندووە و خاوەن دوکانە رووخاوەکانیش دەڵێن: لەناكاو و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، هێزێكی ئەمنیی زۆر هەڵیانكوتاوەتە سەرمان و رێگەیان نەدا كەرەستەكانیش بهێنینە دەرەوە.
هەرجارە و بیانوویەک
ماوەی چەند ساڵێكە ناوبەناو هێزە ئەمنییەكان هەر جارەو بە بیانویەك هەڵدەكەوتنە سەر گەڕەكە كوردنشینەكان گوایە بۆ جێبەجێكردنی یاسا و لابردنی زیادەڕۆییەکان و بە مەرامی جیاجیا تا پڕۆسەی بەعەرەبكردن لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی غەیرە کورد لە پارێزگاكەدا جێبەجێ بكەن.
هەروەها دەڵێن: ماوەیەك پێش ئێستا هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتابووە سەر گەڕەكە كوردنشینەكانی وەكو (نەورۆز، عەرەفە، كوردستان)، بەمەبەستی چۆڵكردنی خانووەكانیان، بەڵام ئێستا دەستیان بۆ روخاندنی دوكان و شوێنی پەیداكردنی بژێویی رۆژانەی هاووڵانیان بردووە، نموونەش روخاندنی دوکانەکانی گەڕەكی پەنجا عەلییە.
هێزە ئەمنییەکە مەرامەکەی گوماناوییە
عەلی محەمەد، خاوەنی یەكێك لەو دوكانانە كە دوکانەکەی روخێنراوە، وتی: لەناكاو و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەمان هێزێكی ئەمنی نادیار بە شۆفڵەوە هەڵیانكوتاوەتە سەرمان و دوكانەكانمانیان روخاند، گومانیش دەکرێت کە كوڕی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای زیقار لەپشت ئەم هەڵمەتەوە بێت كە كاری بەڵێندەرایەتی دەكات.
بەگوێرەی لێدوانی بەشێکیان پێدەچێت پارەی دابێتە پارێزگاری بەوەکالەت و هێزە ئەمنییەكان ، بۆیە ئەوانیش لەو پڕۆسەیە بێدەنگن.
ئەو خاوەن دوکانە دەشڵێت: ئەوەی جێی داخە شارەوانیی كەركوك خۆی لەم مەسەلەیە بێئاگا نیشاندەدات و هێزە ئەمنییەكانیش بە تەواوەتی ناچنە ژێر بارەوە، بۆیە هاووڵاتیان نیگەرانن لە پاشاگەرانی و بێ سەروبەرەیی ئیدارەی شارەكە.
نا حەقی لە بڕیارەكەدایە
مەحمود محەمەد-یش یەكێكی ترە لە خاوەن دوكانە روخاوەکان، لەبارەی روخاندنی دوكانەكەیەوە، وتی: راستە ئەم دوکانانە بە زیادەڕۆیی دروستکراون، بەڵام بڕیارەكان لە قایمقامیەتی كەركوكەوە دەردەچێت و ناحەقییەكی گەورە لە جێبەجێكردنیدایە، چونكە لە گەڕەكە عەرەب نشینەكانیش دوکان و شوێنی زۆری لەم بابەتە بە زیادەڕۆیی دروستكراون و زەوی شارەوانیشیان داگیركردووە، بەڵام كەس لێیان ناپرسێتەوە، کەچی لە گەڕەكە كوردنشینەكانی وەكو پەنجاعەلی، بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت و بەبێ هیچ بڕیارێكی دیاریكراو، بەشێكی زۆری دوكانەكانیان بەسەر کەرەستەکانی ناویدا روخاند كە تایبەتن بە كەرەستەی بیناسازی و زیانێكی زۆری مادییان بە خاوەنەكانیان گەیاندووە و چونکە ناهێڵن کەرەستەکانیش بگوازنەوە.
بڕیاری مانگرتن دەدەن
هەر لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا حەمید، دوکاندار و یەکێک لە زەرەرمەندانی هەڵمەتەکە دەڵێت: ئەگەر بێت و ئەم ناحەقییە بەردەوام بێت، ئەوا مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیەنین و خێوەتی پەناگیری لە شوێنی دوكانە رووخانەكان دادەنێین و شەقامە گشتییەكان دادەخەین تا هێزە ئەمنییەكان و پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بەدەنگ داواكارییەكانمانەوە دێن، ئەوكات ئێمەش مانگرتنەكەمان رادەگرین.
بە وتەی ئەو دوکاندارە ئەوەی جێگەی داخ و گومانیانە ئەوەیە كە هێزێكی ئەمنی گوماناوی لەم پشێوییەدا رۆڵی هەیە بەمەبەستی دروستکردنی ئاژاوە و هەریەک لە شارەوانی و قایمقامییەت و لایەنە سیاسییەكانی كەركوك تێیدا لەپشتەوە رۆڵ دەبینن.
هەموو پێكهاتەكان زەرەمەندن
وتیشی: ئەو دوكانانەی كە رووخێنراون، خاوەنەكانیان لە گشت پێكهاتەكانی شارەكەن، بەڵام لە گەڕەکێکی کوردنشیندایە. ئەگەرچی دوای روخاندنی دوكانەكان خەڵکی گەڕەكی پەنجاعەلی و خاوەن دوكانەكان پەنجەی تۆمەت بۆ شارەوانیی كەركوك درێژ دەکەن، بەڵام دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كەركوك روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە لابردنی شوورای چەند گەراجێكی گەڕەكەكە بۆ رای گشتی راگەیاند و بەپێی نووسراوێك پارچە زەوی ژمارە 1031م/1 رجێبات لەلایەن وەزارتەوە بۆ وەبەرهێنان تەرخانكراوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین نووسراوی جیاواز ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە سەبارەت بە لابردنی ئەو زیادەڕۆییانەی كراوەنەتە سەر ئەو پارچە زەوییە و دەڵێت: بەهیچ شێوەیەك نابێت دوكان و خانووی هاووڵاتیان بڕوخێندرێت، بەڵكو شوورای چەند گەراجێكی تایبەت وەكو كۆگای كەرەستەی پلاستیك بەكاردەهێنرێت لابراون، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی كەركوك پابەندین بە تەواوی رێنماییەكانەوە، چونكە لە ماوەی رابردوودا لیژنەیەكی هاوبەش كە تایبەت بوون بە تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان دەستبەكاربوون بۆ پشکنینی خانووەكان و تائێستاش كارەكانیان بەردەوامە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ روخاندنی دوكان و خانووی هاووڵاتیان نین.
نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگا هۆكارە
هەر لەو رووەوە پەروین فاتیح، سەرۆكی ئەنجومەنی كاتیی كەركوك، رایگەیاند: هەرچەندە هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك كراوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە كەركوك، لیژنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار هەڵنەبژێردراون كە ئەمەش هۆكارێكی گرنگە بۆ ئەو پشێوییەی كە لە پارێزگاكەدا روودەدات و هێزە ئەمنییەكان بە دەسەڵاتێكی رەهاوە كاردەكەن بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگاكە.
وتیشی: ئەگەر بهاتایە كەركوك ئەنجومەنی پارێزگای خۆی هەبوایە، ئەوا نە قایمقام و نە هێزە ئەمنییەكان رەهایانە بڕیاری خۆیان نەدەسەپاند، بۆیە دەبێت گشت لایەك هەوڵبدەین بە زووترین كات ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردرێت.
نابێت هیچ شوێنێک بڕوخێنرێت!
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بەپێی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بێت كە لەم دواییەدا دەربارەی روخاندن و زەوییە كشتوكاڵییەكان دەریكرد، ئەوە دەخاتەڕوو كە هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە (خانوو، شوێنە گشتییەكان) بڕوخێنێت ئەگەر لەسەر زەوی زیادەڕۆییش دروستكرابێت، بۆیە پێویستە لایەنی باڵای پەیوەندیدار ئاگاداری ئەم كارەی هێزە ئەمنییەكان بن كە ئێستا لە گەڕەكی پەنجاعەلی دەیكەن، چونكە بارێكی سیاسی لە پشتەوەیە، بۆ نانەوەی پشێوی و دروستكردنی ئاژاوە.