لە یادی 46 ساڵەی شەهیدبوونی سەعدی گچكە و هاوڕێكانیدا دەشتێو، داستانی ملپێكەچكردنی دوژمن

11:07 - 2024-03-07
کوردستان
458 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی
شەهیدی سەركردە، سەعدی عەزیز ناسراو بە سەعدی گچگە، لە دایكبووی ساڵی 1946ی گوندی (سێبیران)ی نزیك قوشتەپە، كوڕی بنەماڵەیەكی هەژار و نیشتمانپەروەرە.
بەهۆی دەستكورتی و بۆ پەیداكردنی بژێوی خێزانەكەی هەر لە قۆناغی سەرەتاییدا وازی لە خوێندن هێناوە، لە تەمەنی لاوێتیشیدا هەستی بە چەوسانەوەی گەلەكەی كردووە و لە تەمەنی 17 ساڵیدا بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1963دا.
سەرەتا لە سنووری كۆیە و دواتریش لە چەمی رەزان و ناوچەی خۆشناوەتی و باڵەكایەتی درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە، بەهۆی ئازایەتی و لێهاتوویی لە شەڕ و نەبەردیەكاندا هەرزوو پلەی سەرپەل و پاشان سەرلق و دواجاریش فەرماندەی بەتالیۆنی بەدەست هێناوە.
لە زۆربەی شەڕەكانی دەشتی هەولێر، كۆیە، خۆشناوەتی، باڵەكایەتیدا بەشداریی دیار و كاریگەرانەی هەبووە، ساڵی 1974 یەكێك بووە لە فەرماندە مەیدانییەكانی شەڕەكانی چیای ماكۆك و ماوەی سێ مانگی رەبەق بەرگریی كردووە و هەر لەوێ برینداركراوە.
دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵ 1975، یەكێكبووە لەو تێكۆشەرانەی كە بیری لە درێژەدان بەشەڕكردۆتەوە و هەوڵیداوە سەنگەری بەرگریی چۆڵ نەكرێت، بەڵام كە كارلەكار ترازا، هەر زوو لەگەڵ هاوڕێكانی كەوتەخۆ بۆ سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە و دەستپێكردنەوەی جوڵانەوەیەكی نوێ، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لە سەرەتای هەرەسدا لە ئێران و لەكاتی ئاوارەییدا لەگەڵ تێكۆشەران عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید و عەلی هەژار و كاردۆ گەلاڵی و یاسین قادر و سەید كاكە و قادر عەزیزدا، بنەمای رێكخراوێكی نوێیان داڕشت كە دواتر خۆی لە بزوتنەوەی سۆسیالیستیدا بینییەوە و بووە باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
كە شۆڕشی نوێش هەڵگیرسا، شەهید سەعدی گچكە یەكێك بوو لەو تێكۆشەرانەی لەگەڵ شەهید عەلی عەسكەری لە رۆژی 8/8/1976 گەیشتنە قەندیل و دەستیانكرد بە دروستكردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕش.
بە ماوەیەكی كەم بووە ئەندامی سەركردایەتیی بزوتنەوە و ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەروەها كرایە فەرماندەی هەرێمی دەشتی هەولێر و سەركردایەتی یەكەم مەفرەزەی پارتیزانی كردووە بۆ ناوچەكانی خۆشناوەتی و دەشتی هەولێر، یەكەم چالاكیشی لە رۆژی 4/1/1977 لە جادەی نێوان بەستۆرە و مەلا ئۆمەر ئەنجامدا كە بووە هۆی كوشتنی بەڕێوەبەری ئەمنی پیرمام و پارێزەرەكانی، لەو چالاكیەشدا بریندار بووە.
لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێدا بەشداریی چەندین شەڕ و داستان و نەبەردیی گەروەی كردووە و لە زۆربەشیان فەرماندەیەی یەكەم بووە، دوژمنی بە چۆكدا هێناوە و سەركەوتنی گەورەی تۆماركردووە،  سێجاریش بە سەختی برینداركراوە.
رۆژی 8/3/1978 كە لەگەڵ پێشمەرگەكانی هەرێمەكەی بە رێگەوەبوون بۆ بەشداریكردن لە زنجیرەكۆبوونەوەكانی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕش نوێ، لە شاخی (دەشتێو)ی سنووری قەڵادزێ كەوتنە ناو شەڕێكی كتوپڕی سوپای عیراقەوە، دوای زیانگەیاندنی گەورە بە دوژمن، وەك: كوژرانی زیاتر لە 400 سەرباز و پلەداری سوپای بەعس، خستنەخوارەوەی سێ هەلیكۆپتەر، لەگەڵ 12 كادیر و پێشمەرگەی تردا شەهید بوون و گەیشتنە كاروانی سەروەران، چوار پێشمەرگەش بە دیلی كەوتنە دەستی دوژمن و دواتر لە سێدارە دران.
فەرماندەكەی سوپای بەعس لە شەڕەكەدا بەناوی ئیسماعیل نعێمی، دوای شەڕەكە كتێبێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی روون و ئاشكرا دەكات بە ئازایەتیی پێشمەرگە و چۆنێتی گۆڕانی شێوازی شەڕ و بەرگرییەكانی پێشمەرگە، هەروەها ئامۆژگاریی سوپاكەیان دەكات ئیتر لەمەودوا وریابن و حسابی زیاتر بۆ شەڕی پێشمەرگە بكەن.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان