رەمزی فەتاح گەڵایەک لە داربەڕووی تێکۆشانی سلێمانی

10:20 - 2024-03-10
کەلتور
514 جار خوێندراوەتەوە
رەمزی فەتاح

سەڵاح سالار

رەمزی فەتاح یەکێکە لە ناودارانی شاری سلێمانی و لە بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانین. ئەم کەسایەتییە مامی ئیبراهیم ئەحمەدە، هەروەها پەروەردەکاری ئەو نووسەر و سیاسەتمەدارەیە.
وەک لە کتێبی (شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی)دا نووسراوە رەمزی کوڕی فەتاح، کوڕی مستەفا، کوڕی رەشید، کوڕی غەفووری کوڕی حسێنە و شەجەرەکەیان بەم شێوەیە دروستکراوە.  بەڵام لە کتێبی (برایم ئەحمەد، رۆڵی لە بزاڤی رزگاریخوازی و رووناکبیریی گەلی کورددا) دوو ناوی پێش کۆتایی پاش و پێشن و لەوێ غەفوور کوڕی رەشیدە، هەروەها رەمزی فەتاح ناوی (محەمەد رەمزی)یە، ئەڵبەت نووسەری کتێبەکە لە پەراوێزیشدا ئاماژەی بۆ دەستنووسێکی ئیبراهیم ئەحمەد و هەندێ ژێدەری دیکەی بنەماڵەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کردووە وەک سەرچاوەی زانیارییەکانی. 
بەگوێرەی زانیارییەکانی خودی خانەوادەکە بنەچەی ئەم بنەماڵەیە دەگەڕێتەوە سەر هۆزی هەمەوەند، لە کتێبی (شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی) بە وردی تیشک خراوەتە سەر ئەم خانەوادەیە، هەندێک پێیان وایە خانەوادەی مستەفا رەش لە قەڵاچوالانەوە هاتووەنەتە سلێمانی، بەڵام عەتیەخانی برازای رەمزی فەتاح، کە دەکاتە خوشکی ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: (لە باوکمم بیستووە کە بنج و بناوانی ئەم بنەماڵەیە دەگەڕێتەوە سەر هۆزی هەمەوەند). 
دیارە وتەی عەتیەخان کە ئەویش لە زاری باوکی خۆی دەیگێڕێتەوە زیاتر جێگەی باوەڕە و گومانێک ناهێڵێتەوە بۆ رەچەڵەکی خانەوادەکەیان کە دەگەڕێنەوە سەر هۆزی هەمەوەند. دەشگونجێت هەردوو بۆچوونەکەش یەک بگرنەوە، لە قەڵاچوانەوە هاتبن و هەمەوەندیش بووبن، چونکە ئەو دووانەش دژی یەک ناوەستنەوە.
ئەم بنەماڵەیە وا دیارە پیاوەکانیان ئەسمەربووبن بۆیە وەشەی رەش بووەتە نازناویان، بۆ نموونە مستەفا رەش، حاجی فەتاحە رەش، ئەحەڕەش، کە ئەمانە باپیر و باوک و برای رەمزی فەتاح و باپیرە گەورە و باپیر و باوک و مامی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدن.
ئیبراهیم ئەحمەد کاتێک منداڵ بووە و ماڵی باوکی دەستکورت بوون رەمزی فەتاحی مامی هەستی بە زیرەکیی ئەم برازایەی کردووە ئیتر جێگەی باوکی بۆ گرتووەتەوە و ناردوویەتە بەرخوێندن تا ئەو کاتەی کۆلێژی حقوقی لە بەغدا تەواو کردووە ئەو سەرپەرشتیی کردووە و ئەرکی خوێندنی بۆ دابین کردووە.
بەهۆی ئەوەی رەمزی فەتاح پیاوێکی نیشتمانپەروەر و نوێخواز و کەسایەتییەکی خاوەن هەستی نەتەوەیی بووە، کاریگەریی تەواوی کردووەتە سەر برازاکەی، هەر بۆیە ئیبراهیم ئەحمەد بەتەواوی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بیر و بۆچوونەکانی مامی. 

لە دەوڵەتی عوسمانییدا کۆمەڵێ پۆستی وەرگرتووە
رەمزی فەتاح ساڵی 1890 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، پیاوێکی هۆشیار و خوێندەواری سەردەمی خۆی بووە، خوێندنی بەم شێوەیە تەواوکردووە: لە خوێندنگەی روشدیەی سەربازیی سلێمانی و پاشان سەربازیی لە بەغدا و دواتریش حەربیەی ئەستەنبووڵی تەواو کردووە. دواتر بووەتە ئەفسەر لە سوپای عوسمانییدا و یەکێکە لەو ئەفسەرانەی سوپای عوسمانی کە پاش دروستکردنی کابینەی حکومەتەکەی شێخ مەحمود بەمەبەستی خزمەتی نەتەوەکەی گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. 
لە دەوڵەتی عوسمانییدا کۆمەڵێ پۆستی وەرگرتووە وەک: پلەی یوزباشی و ماوەیەکیش مەرکەز قوماندانی قائیمقام بووە لە خانەقین.
پاش گەڕانەوەشی لە دەوڵەتی عیراق لە ساڵانی 1937 ـ 1947 قائیمقامی ئەم شوێنانە بووە: خانەقین، شنگال، چەمچەماڵ، کەرکووک. 
پاش شکستی حکومەتەکەی شێخ مەحمود، رەمزی فەتاح لەگەڵ کۆمەڵێ کەسایەتیی سیاسیی و رۆشنبیری هاوڕێی کۆمەڵەیەک پێکدەهێنن بەناوی دەستەی نیشتمانی (هەیئەتی وەطنیە).
مەعرووف جیاوک دەربارەی هەیئەی وەتەنیە لە کتێبەکەیدا (مأساە بارزان المظلومە) دەڵێت: هەیئەی وەتەنیە لە سلێمانی لەسەر بنەمای ئازادیی و سەربەخۆیی دامەزرا، ئەوەی بیرم بێت ئەندامەکانی بریتیبوون لە: حەمەئاغای ئەوڕەحمان ئاغا، شێخ قادری حەفید، محەمەدساڵح بەگ، تۆفیق قەزاز، رەمزی فەتاح، عیزەت تۆپچی، عەزمی بەگی بابان، عیزەت بەگی وەسمان پاشای جاف، عەبدولڕەحمان ئەحمەد پاشا، مەجید ئەفەندی کانی ئاسکان، فایەق بەگی بابان و شێخ محەمەدی گوڵانی. سکرتێری ئەم دەستەیەش رەشید نەجیب بوو. 
نەوشیروان مستەفا دەربارەی دەستەی نیشتمانی دەڵێت: پیاوە ناسراوەکانی سلێمانی کە بە زاراوەی ئەوسا پێیان وتوون (ئەشراف و وجەها) ئەکەونە خۆیان و چەند جارێ لە ماڵی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا و چەند جارێ لە ماڵی عەزمی بەگی بابان دادەنیشن لەسەر پاشەڕۆژی کورد، بەتایبەت دوای تەواوبوونی ئینتیداب و سەربەخۆیی عیراق لەگەڵ یەک راوێژ دەکەن، ئەمانە لەناو خۆیانا جۆرە کۆمیتەیەک بەناوی (هەیئەی وەتەنیە)ـەوە پێکدەهێنن، عەزمی بابان کە لەهەموویان بەساڵاچووتربووە سەرۆکایەتیی کردوون. 

رۆڵی بەرچاوی دەبینی
لە سەروبەندی راپەڕینی شەشی ئەیلوولی 1930 یەکێ لەو کەسایەتییانەی کورد، کە رۆڵی بەرچاوی دەبینی لە جۆشدانی گیانی کوردایەتیی و ئەندامی شاندی گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی گەلی کورد و حکومەتی پاشایی عیراق بوو، رەمزی فەتاح بوو لەگەڵ هاوڕێکانی لە دەستەی نیشتمانیی و چەند کەسایەتییەکی دیکەی دەرەوەی دەستەی نیشتمانی. رمزی فەتاح لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی پاشایی عیراق زۆر توند و جەسوورانە گفتوگۆی دەکرد و مکوڕبوو لەسەر مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، زۆرجار قسەی زبریش دەکەوتە نێوانی ئەو و نوێنەرانی عیراقییەوە. حسێن محەمەد عەزیز لە کتێبەکەیدا (پەیماننامەیەکی ڕەش و رۆژێکی سوور) بە دوورودرێژیی هەڵوێست و لێدوانەکانی نوێنەرانی کوردی گواستووەتەوە و زۆرێکیش لە گوتار و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی رەمزی فەتاحی نووسیوەتەوە.
بۆ نموونە کاتێک سەرۆکوەزیرانی عیراق و نوێنەری ئینگلیز لە هاوینی ساڵی 1930 دێنە سلێمانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی هەڵبژاردن و بارودۆخی کورد و دەوڵەتی پاشایی عیراق، حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا هەستاوە و گوتوویەتی: ئەم کۆمەڵەی لێرەن نوێنەرایەتیی هەموو پیاوماقووڵان، شێخان، زانا و هۆزەکانی شاری سلێمانی و بەشێک لە شاری کەرکووک دەکەن، بە تێکڕای دەنگ رەمزی ئەفەندییان هەڵبژاردووە وەک نوێنەری ئامادەبووان وەڵامی وتەکانی هەردوو بەڕێزان نوێنەری نێردراوی بەریتانیا و سەرۆکوەزیرانی عیراق بداتەوە. 

مافی سەربەخۆیی گەلی کورد
دوایی رەمزی فەتاحیش ڕووی دەمی لە سەرۆکوەزیران کردووە و گوتوویەتی: گەلی کورد هاتنتان بۆ ژیانی سەربەستیی و ئاییندەی خۆیان بە فاڵێکی خێر دەژمێرێت، بەڵام گوتەکانی سەرۆک شالیاران و نوێنەری بەریتانیا لەگەڵ بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان و دانپێدانانی بەریتانیا و عیراق بە مافەکانی گەلی کورددا تەواو جیاوازە. 
تەنانەت پێشتریش لە 16ی تەمووزی 1930 شازادە غازی، کوڕی شافەیسەڵی یەکەم هاتووەتە سلێمانی، هەیئەی وەتەنیە بەیانامەیان دەرکردووە و داوای خۆپیشانانیان لە خەڵکی سلێمانیی کردووە، لەو خۆپیشاندانەدا رەمزی فەتاح و تۆفیق قەزاز وتاری پڕ جۆشوخرۆشیان خوێندووەتەوە. 
ئەو ماوەیە چەند جارێک شاندی دەوڵەتی پاشایی و نوێنەری ئینگلیز هاتوونەتە سلێمانی، رەمزی فەتاح لە هەموویان زیاتر سووربووە لەسەر مافی سەربەخۆیی گەلی کورد و تا ئەو ڕادەیەی نوێنەری ئینگلیز خۆی پێنەگیراوە و قیژاندوویەتی بەسەریاندا.

بیری کوردایەتیی لە ناخیدا چاند
پاش ئەوەی نوێنەرانی کورد و دەوڵەتی پاشایی عیراق و ئینگلیز لەسەر شێوازی هەڵبژرادن و دەستینشانکردنی نوێنەرانی کورد بۆ پەرلەمانی ئەوسای عیراق نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوەبوو لە 5 و 6ی ئەیلوولی 1930 راپەڕینی شاری سلێمانی بەرپابوو، شەڕی بەردەرکی سەرا زۆری لەسەر گوتراوە و لێرەدا دووبارەی ناکەینەوە، تەنیا ئەوە دەڵێین: پاش سەرکوتکردنی راپەڕینەکە و کوشتارێکی زۆری خەڵکی دڵسۆز و خوێنگەرمی ئەو شارە پێشەنگەی کوردستان، رژێمی ئەوسای عیراق کۆمەڵێ کەسایەتیی دیار و تێکۆشەری دەستگیر کرد، لەنێویاندا رەمزی فەتاح بوو کە ماوەیەک زیندانیی کران و فشاری زۆریان خرایە سەر.
رەمزی فەتاح کەسایەتیی سیاسیی و رۆشنبیر و تێکۆشەری کورد، لەپاڵ هەوڵەکانی خودی خۆیدا بۆ نەتەوەکەی، لەژێر پەڕوباڵ و سێبەری خۆیدا کەسێکی دیکەی پێگەیاند و خوێندنی پێ تەواوکرد و بیری کوردایەتیی لە ناخیدا چاند، کە ئەویش ئیبراهیم ئەحمەدی برازای بوو، کەسایەتیی سیاسیی، یاسایی، شاعیر، نووسەر، چیرۆکنووس و رۆژنامەنووسی کورد، لە هەموو بوارەکاندا جێپەنجەی خۆی بە لاپەڕەی مێژووی کوردەوە بەجێهێشتووە، فەزڵی هەموو دەرکەوتن و سەرکەوتنێکی ئیبراهیم ئەحمەد بۆ رەمزی فەتاحی مامی دەگەڕێتەوە.
رەمزی فەتاح پاش تەمەنێک لە خزمەتی گەلی کورد و نیشتمانەکەی، ساڵی 1979 لە تەمەنی 89 ساڵییدا کۆچی دوایی کرد.

پەڕاوێز و سەرچاوەکان:
1- عەبدولخالید سابیر، شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی، بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی لەنێوان ساڵانی 1784 ـ 1914، چاپی دووەم: 2010 زاینی، 2700 کوردی، چاپی: دووەم، چاپخانەی: گرین گلوری ـ بەیروت، ل: 1331 ـ 1335.
2 - ئامانج حەسەن ئەحمەد:  برایم ئەحمەد رۆڵی لە بزاڤی رزگاریخوازی و ڕووناکبیریی گەلی کورددا، چاپخانەی: رەنج سلێمانی 2009. ل: 13.
3 - عەبدولخالید سابیر. سەرچاوەی پێشوو. ل: 1331.
4 - مارف خەزنەدار: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم. چاپی دووەم، چاپخانەی: ئاراس، هەولێر 2010. ل: 301.
5 - ئامانج حەسەن ئەحمەد:  برایم ئەحمەد ... سەرچاوەی پێشوو. ل: 14. 
6 - عەبدولخالید سابیر. س.پ. ل: 1332.
7 - معروف جیاوک: مأساە بارزان المظلومە. من منشورات ئاراس رقم 81. الطبعە الثانیە 1ربیل 2001. ص: 69
8 - نەوشیروان مستەفا ئەمین: بەدەم رێگاوە گوڵچنین. کتێبی دووەم، بەرگی یەکەم، ل: 204.
9 - حوسێن محەمەد عەزیز: پەیماننامەیەکی ڕەش و ڕۆژێکی سوور. چاپی یەکەم، چاپەمەنی ئەزمەڕ، سلێمانی 2003. ل: 45.
10 - س.پ. ل: 45.
11 - س.پ. ل: 34.
-12 عەبدولخالید سابیر، شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی، بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی لەنێوان ساڵانی 1784 ـ 1914
 -13 معروف جیاوک: مأساە بارزان المظلومە.
-14 نەوشیروان مستەفا ئەمین: بەدەم رێگاوە گوڵچنین. کتێبی دووەم، بەرگی یەکەم.
-15 حوسێن محەمەد عەزیز: پەیماننامەیەکی رەش و ڕۆژێکی سوور.
-16 ئامانج حەسەن ئەحمەد: برایم ئەحمەد، رۆڵی لە بزاڤی رزگاریخوازی و رووناکبیریی گەلی کورددا.
-17  مارف خەزنەدار: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان