ده‌ربه‌ندیخان و رزگاری بۆ نایاب

10:28 - 2024-03-10
وەرزش
301 جار خوێندراوەتەوە
تیپی باسکەی یانەی دەربەندیخان

هەردوو تیپی پێشکەوتووان و تازەپێگەیشتووانی باسكه‌ی یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌به‌غداوه‌ توانیان سه‌ركه‌وتووانه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ خولی نایابی یانه‌كانی عیراق، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی هەردوو تیپ لە‌ خولی پله‌ یه‌كی باسكه‌ی یانه‌كانی عیراقدا گه‌یشتنه‌ یاریی كۆتایی خوله‌كه‌.
تیپی پێشکەوتووانی باسكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌ هۆڵی شه‌عب له‌ به‌غدا توانی سه‌ركه‌وتووانه‌ هه‌ردوو قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌می ئه‌و خوله‌ ببڕێت و بگاته‌ قۆناغی چوار گۆشه‌ی زێڕینی خوله‌كه،ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌شداره‌كانی وه‌رزی داهاتووی خولی نایابی یانه‌كانی عیراق.
له‌ قۆناغی چوار گۆشه‌ی زێڕینیشدا رۆژی هه‌ینی رابردوو توانی له‌تیپی یانه‌ی ئالیاتی شورته‌ی به‌غدا بباته‌وه‌، به‌وه‌ش بۆ یاریی كۆتایی سه‌ركه‌وت، ده‌بێت دوێنێ شه‌ممه‌ 9/3/2024 یاریی كۆتاییشی به‌رامبه‌ر  تیپی یانەی سه‌ماوه  كردبێت .
تیپی تۆپی پێی یانه‌ی رزگاریش توانی پله‌ی دووه‌می خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی كوردستان به‌ده‌ستبهێنێت، به‌وه‌ش بۆ خولی نایابی یانه‌كانی كوردستان سه‌ركه‌وت و وه‌رزی ئاینده‌ له‌م خوله‌دا یاریی ده‌كات و ده‌بێته‌ سێیه‌م یانه‌ی گه‌رمیانی به‌شدار له‌و خوله‌دا پاش یانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان و شیروانه‌.
تیپی رزگاری كۆتا یاریی خۆی له‌م خوله‌دا رۆژی هه‌ینی رابردوو له‌ نێو یاریگا و هانده‌رانیدا كرد و توانی 1-0 له‌ تیپی یانه‌ی شۆرجه‌ بباته‌وه، بەمەش كۆی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ 35 خاڵ و پله‌ی دووه‌می خوله‌كه‌ی گرت، تیپ یانه‌ی پیشه‌سازیش 2-1 له‌ سێمێلی برده‌وه‌و كۆی خاڵه‌كانی ئه‌میش بوون به‌ 37 خاڵ و نازناوی پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ركرد له‌گه‌ڵ رزگاری وه‌رزی ئاینده‌ له‌ خولی نایابدا یاریی ده‌كه‌ن.

تیپی تۆپی پێی یانەی رزگاری

#وەرزش

بابەتە پەیوەندیدارەکان