هەوڵەکانی خۆرئاوا بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارە بلۆککراوەکانی روسیا

09:47 - 2024-03-11
ئابووری
343 جار خوێندراوەتەوە

ئا: عەبدوڵڵا سدیق

جەنگی ئۆکرانیا و روسیا دوو ساڵ زیاتری تێپەڕاند، ئەمەش لەڕووی سەربازیی و ئابوورییەوە زۆر لەسەر روسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کەوتووە. بۆ دابنیکردنی خەرجی ئەم جەنگە ماڵوێرانکەرەش، بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەوروپا داوای دەستبەسەرگرتنی پارە بلۆککراوەکانی روسیا دەکەن لە دەرەوەی ئەو وڵاتە کە بە نزیکەی 300 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەمەش بۆ دابنیکردنی خەرجیی جەنگی ئۆکرانیا. لە دوایین هەوڵیشدا هەریەک لە ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و  ئۆرزولا ڤۆن دێر لاینی  سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا راشکاوانەی ئەم داوایەیان کردووە.  هەتاوەکو ئێستاش دیارنییە ئاخۆ وڵاتانی خۆرئاوا دەتوانن ئەو پارانە دەستبەرسەردا بگرن یان نا. لە بەرامبەریشدا ئەنتوان سیلوانۆف وەزیری دارایی روسیا هەڕەشەی لە وڵاتانی خۆرئاوا کرد، کە روسیا لە بەرامبەر ئەو کارەدا بێدەنگ نابێت ئەویش دەست بەسەر پارەی وڵاتانی خۆرئاوا لە روسیادا دەگرێت. بەمەش جەنگی خۆرئاوا و روسیا، لەرووی ئابوورییەوە بەهێزتر دەبێت.
ریشی سوناک 
بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر جەنگی ئۆکرانیادا، ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە وتارێکیدا کە لە رۆژنامەی سەندای تایمزی بەریتانیادا بڵاوبۆتەوە، داوای کردووە کە دەست بەسەر پارەکانی روسیادا بگیرێت لە جیهاندا. سوناک لە وتارەکەیەدا دەڵێت: ئۆکرانیا بۆئەوەی لە جەنگەکە بەردەوام بێت، پێویستی زیاتری بە چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زەخیرە و هاوکاری زیاتر هەیە. بۆیە دەبێت دەوڵەتانی خۆرئاوا فشاری زیاتر بخەنە سەر روسیا، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە زەرەری زیاتری لێبدرێت، پێویستە دەست  بەسەر ئەو ملیاران دۆلارەی روسیا لە جیهاندا بگیرێت، بۆئەوەی بتوانین هاوکاری گەلی ئۆکرانیا بکەین. 
بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا
لە درێژەی وتارەکەیدا سوناک داوای بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا دەکات بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە و دەڵێت:  نابێت هیچ کاتێک ئەو هاوکاری و یارمەتییانەی ئەمریکا پشتگوێ بخەین  کە لە ماوەی پێشوودا پێشکەشی ئۆکرانیا و ئاسایشی دەوڵەتانی ئەوروپای کردووە،  من  داوایان لێدەکەم کە لەم هاوکاری و یامەرتیدانە بەردەوام بن، من دڵنیاشم هەر بەردەوام دەبن. 
245 ملیۆن پاوەن هاوکاری بۆ ئۆکرانیا
لەلایەکی ترەوە هەفتەی پێشوو وزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند: حکومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە کە بڕی 245 ملیۆن پاوەن» کە دەکاتە 311 ملیۆن دۆلار» وەکو هاوکاری پێشکەشی ئۆکرانیا بکات بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی جەنگ لە دژی روسیا.
کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیا
جێگەی ئاماژەیە مانگی پێشوو   دۆمینیک جۆنسۆن وەزیری وەبەرهێنانی بەریتانیا لەگەڵ  والی ئەدیمۆ جێگری وەزیری خەزانەی ئەمریکا کۆبوونەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا باسی چۆنێتی دەستبەسەراگرتنی پارە بلۆککراوەکانی روسیا کراوە. دوای کۆبوونەوەکە دۆمینیک جۆنسۆن بە میدیاکانی راگەیاند: پێویستە ئەم کارە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکرێت و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبێت. 
هەوڵەکانی گروپی 7 
لەلایەکی ترەوە میدیاکانی ئەوروپا ئەوەیان بڵاوکردەوە کە وڵاتانی گروپی 7 کە پێکهاتووە لە « ئەمریکا، کەنەدا، ژاپۆن، بەریتایا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا»  لە درێژەی فشارەکانیان بۆسەر روسیا،    لە هەوڵی ئەوەدان کە پارە بلۆککراوەکانی روسیا لە جیهاندا، دەستی بەسەردا بگرن، ئەمەش وەکو زەرەر لێدان لە ئابووری ئەو وڵاتە، هەروەها بۆ دابینکردنی خەرجی جەنگەکە. جێگەی ئاماژەیە پێشتر روسیاش ئەندامی ئەم گروپە بوو، بەڵام دوای داگیرکردنی دوورگەی قرمیا، لە ساڵی 2014 روسیا لەو گروپە دەرکرا.

 

ماوەیەکی زۆرە ئەم مەسەلەیە بە گەرمی لە وڵاتانی خۆرئاوا باسی لێوە دەکرێت، بەڵام لەرووی یاسای نێودەوڵەتییەوە پێدەچێت کارێکی هەروا ئاسان نەبێت

 

یەکێتی ئەوروپا
لای خۆشیەوە ئۆرزولا ڤۆن دێر لاینی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە وتەیەکیدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبورگ رایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە کە دەستبەسەر ئەو پارانەدا بگیرێت کە روسیا لەرێگەی پارە بلۆککراوەکانییەوە دەستی دەکەوێت. وتیشی: پێویستە بەو پارەیە کەلوپەلی سەربازی چەکوتەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا بکڕین.
200 بۆ 300 ملیار دۆلار
جێگەی ئاماژەیە ماوەیەکە لەناو میدیاکانی ئەوروپا و ئەمریکا بە گەرمی باس لە دەستبەسەردا گرتنی پارە بلۆککراوەکانی روسیا لەلایەن  وڵاتای خۆرئاوا دەکرێت. هەر لەپاش سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکرانیا پێش دووساڵ، وڵاتانی خۆرئاوا، هەموو پارەکانی روسیا لە وڵاتانی ئەوروپا و کەندا و ئەمریکا و  ژاپۆن  بلۆک کرد. ئێستاش دەیانەوێت بە تەواوەتی دەستی بەسەردا بگرن. وا مەزندە دەکرێت کە روسیا لە دەرەوەی روسیا، خاوەنی  نزیکەی 300 ملیار دۆلار بێت، نزیکەی 200 ملیار  لەم پارەیە، لە وڵاتانی ئەوروپایە.
فەرەنسا یەکەمە
جێگەی ئاماژەیە فەرنسا لە ریزی یەکەمی وڵاتانی خۆرئاوا دێت کە روسیا وەبەرهێنانی تێدا کردووە، کۆی گشتی وەبەرهێنانی روسیا لە فەرەنسا دەگاتە 71 ملیار دۆلار، دوای ئەویش ژاپۆن دێت کە بڕی 58 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا 56 ملیار دۆلار، ئەمریکا 39 ملیار دۆلار، بەریتانیا 26 ملیار دۆلار. جگە لە وڵاتانی خۆرئاوا، چین بە پلەی یەکەم دێت کە دەگاتە  نزیکەی 83 ملیار دۆلار.
روسیا بەتوندی وەڵام دەداتەوە
لەپاش بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە لە میدیاکانی خۆرئاوا، ئەنتوان سیلوانۆف وەزیری دارایی روسیا هۆشداری توندی بە وڵاتانی خۆرئاوا داو، وتی: ئەگەر بیانەوێت دەست بەسەر پارە بلۆککراوەکانی روسیادا بگرن، روسیا بێدەنگ نابێت و وەڵامی توندی دەبێت. وتیشی: روسیاش دەست بەسەر پارەی وڵاتانی خۆرئاوا لە روسیادا دەگرێت، ئەو پارانەش نزیکەی ئەو پارانەی روسیا دەبێت کە لەو وڵاتانە هەیە. جێگەی ئاماژەیە وڵاتانی خۆرئاواش پارەیەکی زۆریان لە بواری کەرتی وزە و بانکی و خانووبەرەی روسیا  وەبەرهێنانیان کردووە.  
متمانە نامێنێت
لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەنتوان سیلوانۆف رایگەیاند: ئەگەر وڵاتانی خۆرئاوا کارێکی وا بکەن، ئەمە بە زەرەری خۆیان تەواو دەبێت، چونکە ئەم کارە وا دەکات کە کەس متمانەی بە وڵاتانی خۆرئاوا نەبێت و  ترس بخاتە دڵی وەبەرهێنە بیانییەکانەوە و لەو وڵاتانە وەبەرهێنان نەکەن و زوو پارەکانیان دەربکەن. 
دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە
لەلایەکی ترەوە ئەنتوان سیلوانۆف وتی: ئەم کارەی ئەوان دژی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و زەرەری بۆ ئابووری جیهان دەبێت. 
جێگەی ئاماژەیە ماوەیەکی زۆرە ئەم مەسەلەیە بە گەرمی لە وڵاتانی خۆرئاوا باسی لێوە دەکرێت، بەڵام لەرووی یاسای نێودەوڵەتییەوە پێدەچێت کارێکی هەروا ئاسان نەبێت، هەروەها ئەگەری زۆریشی هەیە، کە ترس بخاتە دڵی زۆرێک لە وڵاتانی تری جیهانەوە، چونکە ئەگەر ئەمە بەرامبەر بە روسیا بکرێت، ئەوا بەرامبەر بەوانیش دەکرێت.

سەرچاوە:سکای نیوز
روسیا الیوم

#روسیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان