خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی

رۆڵی کورد لە سەردەمی بوژاندنەوەی ئەدەبی و رووناکبیریی عەرەبیدا

10:04 - 2024-03-12
کەلتور
547 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد شێخ حەسەن

سەردەمی رێنیسانس و بووژانەوەی ئەوروپا، پاش کۆمەڵگەکانی خۆیان زۆر ناوچە و میللەتی تری گرتەوە بەتایبەت ئەو میلەتانەی خاوەن دەوڵەت و دەسەڵات بوون، سوودیان لێوەرگرت بۆ پێشکەوتن و دەرکەوتنی  خۆیان.
کوردیش بەجۆرێک لە جۆرەکان بەشداریی کردووە لە بووژانەوە و رێنیسانسدا، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەسەڵات و دەوڵەتەوە، نەیتوانیوە سودی زۆری لێ وەربگرێت، بەڵام زۆر رووناکبیر و نوسەر و شاعیری بەڕەگەز کورد هەبوون لە وڵاتانی ناوچەکەدا، کە رۆڵی گەورە و پێشەنگیان گێڕاوە  لە پێشخستنی بواری ئەدەبی و رووناکبیری لەو وڵاتانەدا .
ئەو رووناکبیرانە، بە زمانی ئەو نەتەوانەی کە لەناویاندا ژیاون نوسیویانە و بەرهەمەکانیان بڵاوکردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شانازیان بە نەتەوەی خۆیانەوە کردووە و کوردبوونی خۆشیان نەشاردۆتەوە.
لەناو رۆشنبیران و ئەدیبانی کوردیشدا لە کوردستان، هەوڵێک هەبووە بۆ کردنە دەرەوەی ئەمانە لە کوردبوون و خۆ بێ بەریکردن لێیان، بە بیانوی ئەوەی، بۆ بە کوردی نەیان نووسیوە و بابەتی کوردییان لە دوا بەجێ نەماوە، لە کاتێکدا هەندێک لەو رووناکبیرانە ئەوەندە خزمەتەکانیان لە بواری ئەدەب و رووناکبیریدا فراوانە، سەرجەم ناوچەکە شانازییان پێوە دەکات.
کتێبی (رۆڵی کورد لە سەردەمی بووژاندنەوەی ئەدەبی و رووناکبیریی عەرەبیدا) لە نوسینی نووسەر و رۆژنامەنووس (گۆران فەتحی) لێرەدا گرنگی خۆی دەردەخات، کە ئەم بابەتە بە ووردی و جوانی  و بەپشتبەستن بە دەیان سەرچاوە باس دەکا ، هەربۆیە بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە بەدوای خۆیدا کۆمەڵێک باس و خواسی وروژاند، کە جێگەی دڵخۆشییە کتێبێک یان نوسینێک بتوانێت ئاوا گفتوگۆ و مناقەشە، دروست بکات، کە ئەمە بەڵگەیە لەسەر سەلیقەی نووسەر و گرنگی بابەتەکە .
لە کتێبی (رۆڵی کورد....) نووسەر  لە دوتوێی 106 لاپەڕەدا باسی ئەو ئەدیب و نووسەر و شاعیرانەمان بۆ دەکات، کە لە زۆرێک کتێب و سەرچاوەکاندا، بە کەسانی ناوداری سەردەمی بووژاندنەوەی ئەدەبی عەرەبی ناویان هاتووە، نوسەر دەیەوێت رۆڵی کورد و کەسایەتییە بەڕەچەڵەک کوردەکانی دەرەوەی کوردستان، بناسێنێت تا رۆڵی کورد بزانرێت، لەو بزوتنەوە گەورەیەی رێنیسانس و بووژانەوەی ناوچەکە، بۆ ئەوەی کەسە لێهاتوەکانمان بناسین و خزمەتەکانیان ببینین کە بە شارستانیەت و رووناکبیری و ژیاری مرۆڤایەتیان کردووە .
ئەم کارەی کاک گۆران پێچەوانەی ویست و خواستی زۆرێک لە نووسەرانی کوردە، کە ئەم کەسانە بە کورد لە قەڵەم نادەن و خزمەتەکانیان لە بەرچاوناگرن، بەڵکو لە زۆر شوێندا دژایەتیان دەکەن و بەخزمەتکاری عەرەب و بێگانەیان لەقەڵەم دەدەن .
بۆیە ئەم هەوڵەی جێگای دەستخۆشی و خوێندنەوەیە و بە نووسینێکی واقعی و پێویست دێتە هەژمارکردن، تا ئێمە کەسە لێهاتووەکانی خۆمان لەناو وڵاتانی دراوسێدا بدۆزینەوە، بە میللەتەکەی خۆمانیان ئاشنا بکەین، ئەم کەسایەتیانەش ببنە ناسنامەی ئێمە و وەک پاسپۆرتی چوونە ناو ئەو میللەت و وڵاتانە، بۆ ناساندنی خۆمان و توانا و لێهاتویی رۆشنبیرانمان بەکاریان بهێنین، هەروەها بتوانین سوود لە ناو و ناوبانگی ئەم کەسایەتیانە ببینین بۆ چونە ناو ئەو میللەت و وڵاتانە، خۆمان و میللەتەکەمان لەڕێگەی ئەوانەوە وەک خاوەن پێشینەیەکی جوان بناسێنین و خزمەت بە میللەتەکەمان بکەین .
  ئێمە دەتوانین هەوڵبدەین پێگە و ناسراویی ئەوان بەکاربێنین و لەڕێی ئەوانەوە خزمەت بە کوردستان و میللەت و بەئەدەب و رۆشنبیریمان بکەین، جارێکی تر و بەبەرگێکی ترەوە بەخەڵکیان بناسێنین و سوود لە بەرهەم و هەوڵەکانی ئەوان وەربگرین بۆ بووژانەوەی ئەدەب و رووناکبیری خۆمان.
پێویستە نووسەرانی خۆمان، لەکاتی نوسیندا ئاگاداری ئەوە بن، چەمکی (عــەرەبی) و (ئیسلامی) تێکەڵ نەکەن و  لە شوێنی خۆیاندا بەکاریان بهێنن، چونکە بەشێک لە نووسەرانی عەرەب بەمەبەست دەیانەوێت ئەم دوو چەمکە بکەن بە هاوواتای یەک، ئەوەش هەڵەیە، چونکە نەتەوەی عەرەب بەشێکە لە  ئومەتی ئیسلام کە دەیان نەتەوەی تری تێدایە.
 چەند کەسایەتییەک لەوانەی لەم کتێبەدا ناویان هاتووە وەکو (عەبدولڕەحمان کەواکیبی،  مەعروف رەسافی، نووسەر باسیکردون کە ئەگەڕێنەوە سەر کورد و بە بنەماڵە کوردن، یان بنەماڵەکانی وەکو حەیدەری و کەواکیبی و سەفەوی و جەباری و خەرپانی و ....) من لەو کۆڕەی یەکێتی نووسەران لقی سلێمانی، بۆ ناساندنی کتێبەکە کردبووی، وتم و لێرەشدا دەینوسم.ئەو بنەماڵانە بەگوێرەی شەجەرەی خۆیان و شەجەرەی ساداتی کوردستان ئەگەڕێنەوە سەر (ئیمام هەمزەی کوڕی ئیمام موسای کازم) کە مەرقەدی لە دێی تەکێی قەرەداخە و سەرەتای دەرچوون و بڵاوبونەوەیان لەو دێیەوە بووە، بە نزیکەی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر .
بۆیە دەبێ بەشانازی بزانین، کە کورد لە زۆر بواردا و لە زۆر وڵاتدا، چەندین رۆڵەی ناوی دەرکردووە و خزمەتیان بە مرۆڤایەتی و ئەدەب و رووناکبیری کردووە .
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە کاک گۆران فەتحی دەکەم بۆ ئەم کار و بەرهەمە جوانەی ..بەئومێدم کتێب و بەرهەمی جوانتری بە دوادا بێت.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان