بۆردی هۆشیاری، وۆرك شۆپێكی بۆ خستنەڕووی رێگەچارەی كێشەكان رێكخست

10:49 - 2024-03-12
کوردستان
418 جار خوێندراوەتەوە

بۆردی هۆشیاری-مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وۆرك شۆپێكی بەناونیشانی (عیراق و هەرێمی كوردستان-جیاوازی، بەربەرەكانی، هاوبەشی) رێكخست.
لە وۆرك شۆپەكەدا، كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرەتا نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری، وتەیەكی پێشكەشكرد و باسی لە مەبەستی وۆركشۆپەكە كرد و رایگەیاند: ئامانج لەم وۆرك شۆپە گفتوگۆكردن و خستنەڕووی ئەو كێشانە بوو كە ئێستا لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا هەن و بوونەتە كێشەیەكی گەورە بەتایبەتی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران و هۆكاری كێشەی دیكەشن، وتیشی: لەم وۆرك شۆپەدا ئامادەبووان قسەیان لەسەر ئەو رێگەچارانە كرد كە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكان، كە ئەوەش پێویستی بەوە هەیە هەنگاوی كرداری بۆ بنرێت.
پاشان لە وۆركشۆپەكەدا سێ پەیپەر پێشكەشكران، كە لە پەیپەری یەكەمدا ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری پێشووی عیراق و ئەندامی لیژنەی دارایی، لەژێر ناوی (لایەنەكانی ململانێ و ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا) ئاماژەی بە چەند خاڵێكی كێشەكان كرد و ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە بۆ لەمەودوا وەفدێكی دانوستانكار هەبێت لە بەغدا بۆ بەئاگابوون لە بنەما و خاڵە دەستوورییەكان، وتیشی: پێویستە بۆ ئێستا و داهاتوو لە لایەنی هەرێمی كوردستانەوە بەشێوەیەك مامەڵە بكرێت كە وەكو كورد مافمان هەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا و ئەو مافانەش لە چوارچێوەی دەستووردا بەدەستبهێنرێن.
هەروەها، لە پەیپەری دووەمدا لەژێر ناونیشانی (هەرێم و بەغدا، گرفت و چارەسەرەكان) سەمیر هەورامی، كە ئەندامی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمە لەگەڵ بەغدا، رایگەیاند: كێشەی دارایی و بودجە لە نێوان حكومەتەكانی هەرێم و بەغدا، چەندین ساڵە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، بۆ چارەسەركردن و كۆتاییهێنان بە بڕگە سەرەكییەكانی ئەو كێشەیەش، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیارێكی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەركرد، كە بڕیارەكە ئیجبارییە لەسەر هەردوو حكومەت و دەبێت جێبەجێبكرێت.
لە دواهەمین پەیپەریشدا بەناونیشانی (پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق، لێكەوتە سیاسی و ستراتیژییەكان)، د.یاسین تەها مامۆستای زانكۆ، ئاماژەی بە چەند كێشەیەك كرد كە ناوخۆی عیراقی گرتووەتەوە و ئەو كێشانەش بوونەتە سەرچاوەی چەندین كێشەی دیكە، كە چارەسەركردنیان هەوڵی هەموو لایەنە سیاسییەكانی دەوێت و پێویستیشە ئەو هەنگاوە بگیرێتەبەر، ئەگەرنا كێشەكان گەورەتر دەبن و هەمووان لێی زەرەرمەنددەبن.
هەر لە وۆرك شۆپەكەدا، رێكەوت ئیسماعیل بەڕێوەبەری وۆرك شۆپەكە، وتی: رێكخستنی ئەم جۆرە وۆرك شۆپانە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەسەرەكان كارێكی باشە و مەبەست لێیان هەڵسەنگاندنی دروستە بۆ دۆخەكە، بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران لە كێشە داراییەكان رزگاربكرێن، كە مەبەستی سەرەكیی ئەم وۆرك شۆپەش خستنەڕووی رێگەچارەكانی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بوو.

#مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان