لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە ساڵ و نیوێكە یەکێتی پلان و ئامادەكاریی تەواوی بۆ هەڵبژاردن كردووە، دەشڵێت، سەرۆك بافڵ سەرۆكی قەوارەی یەكێتی دەبێت بۆ هەڵبژاردن.
رزگار حاجی حەمە، بۆ بەرنامەی شرۆڤەی کەناڵی گەلی کوردستان کە بڕیارە سەعات 8:00ی ئەمشەو پێشكەش بكرێت، باسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و ئامادەكاریی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن دەکات. لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە رزگار حاجی حەمە دەڵێت، "هەمواری یاسای هەڵبژاردن ناعەدالەتی زۆری تێدابوو، ئەم سیستمی هەڵبژاردنەی پێشوو تەنها لە هەرێم مابوو، تۆماری دەنگدەرانیش بەشێك بوو لە كێشەكان".
لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردن جەختیكردەوە، یەکێتی لەگەڵ نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكاندان و ئەو رێژە دیاریكراوە ناعەدالەتی تێدابووە، بەجۆرێك "لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا یەك كاندیدی كریستیان لە سلێمانی دەرنەچووە و قۆرخكراو بووە و نوێنەری راستەقینەی خۆیان دەرنەچووا".
نموونەشی بەوەهێنایەوە كە "لە ناوچەی شارەزوور توركمان دەنگی لە محەمەدی حاجی مەحمود زیاترهێناوە"، "بەرەی توركمانی لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان، بەراشكاوی پێی وتین، رازی نین، هیچ كورسییەكی كۆتای توركمان دابنرێت بۆ توركمانەكان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا".
وتیشی، "ئێمە لەو نوێنەرانەی كۆتاكان كە لە پەرلەمانی كوردستان بوون، زۆر خەمخۆرتر و پەرۆشتری پێكهاتەكانین، لە هەر چوار پارێزگاكە ئەگەر بیانەوێت، لەگەڵ ئێمە خۆیان كاندید بكەن دەتوانن و ئێمە ئامادەین". لەبارەی ئەوەی كە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی لیستی حزبەكەی بێت بۆ هەڵبژاردن لەسلێمانی رزگار حاجی حەمە ئاشكراشی كرد، "سەرۆك بافڵ سەرۆكی قەوارەكە دەبێت لە هەموو پارێزگاكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا". دەشڵێت، ئامانجی یەكێتی گۆڕانكارییە لە هەموو سێكتەرەكان و لە نێو حزب و حكومەت و هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی دێنە پێشەوە، بایەخ بەگەنجان دەدەین.