چرۆ حەمەشەریف ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پشكی پارێزگای هەڵەبجە، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ PUKMEDIA رایگەیاندووە: «جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هیچ لایەنێكی دیكە بە خەمی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە نییە». ئاماژە بەوەش دەكات كە «بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، تاكە سەركردە بوو سەردانی بەغدا كرد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەن».
هیچ لایەنێكی دیكە بەخەمی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە نییە
سەبارەت بە پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، چرۆ حەمەشەریف، دەڵێت: «لە كۆتادانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا لەسەر پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، 25 پەرلەمانتار ئیمزایان كۆكردەوە تا خوێندنەوەی سێیەم بۆ پڕۆژەیاساكە نەكرێت، بەڵام هەوڵماندا دانیشتنەكە دوابخەین بۆ ئەوەی نەكەوێتە خولێكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، هەرچەندە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بەبیانووی ئەوەی سنووری جوگرافیای هەڵەبجە نەنێردراوەتە پەرلەمان و لەبەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، دانیشتنەكانی لەسەر ئەو پرسە دواخست و بەڵێنیدا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان هەڵەبجە بكاتە پارێزگا، بەداخەوە ئەوە بووە هۆكارێك تا جارێكی دیكە خوێندنەوەی سێیەم بۆ پڕۆژەیاساكە نەكرێت و دواتریش پشووی زستانە دەستیپێكرد، دوای پشووەكانیش خودی خۆم دووجار بە نووسراوی رەسمی داوای ئەوەم كردووە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی كارەوە، هەرچەندە ئەوەی بەلای یەكێتییەوە گرنگە ئەنجامەكەیە نەك خستنە بەرنامەی كارەوە». ئەوەشی خستۆتەڕوو كە «بەداخەوە جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هیچ لایەنێكی دیكە بەخەمی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە نییە، تەنانەت ئەو كاتەشی كە كێشەیان بۆ خوێندنەوەی سێهەم دروستكرد، تاكە سەركردەیەك كە سێ سەعات دوای دواخستنەكە گەیشتە بەغدا، سەرۆك بافڵ بوو، جگە لەو هیچ سەركردەیەكی دیكە نەهاتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە وەستاونەتەوە».
هەوڵی یەكێتی بۆ ئەوەیە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا
لەپێناوی بەڵێ بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، یەكێتی دەنگی بەڵێی دەداتێ
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، تەئكیددەكاتەوە كە یەكێتی دەیەوێت لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، هیوادارم بتوانین ئەو كارە بكەین. «مەرجی سەرەكیی یەكێتی ئەوەیە كە هەر كەسێك دەكرێتە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، لەپێناوی بەڵێ بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، یەكێتی دەنگی بەڵێی دەداتێ».
سەبارەت بە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش، چرۆ حەمەشەریف، باس لەوە دەكات كە «بەڵێ سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەكاتی خۆیدا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دیاریكراوە، بەڵام محەمەد حەلبوسی، وەك بیانوویەك بەكاریهێنا، چونكە ناڕەزایی هەبوو لەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگا».
PUKMEDIA