بەسەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، مەکتەبی سیاسی کۆبۆوە

06:15 - 2024-03-19
کوردستان
498 جار خوێندراوەتەوە

راگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکاری یەکێتیی لە سەرجەم بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی 10-6-2024 لە هەرێم بکرێت.
 کۆبوونەوەکە پێداگری کردەوە لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی کە ئەمرۆ (19-3-2024) لە دەباشان بەڕێوەچوو، وێرای وەبیرهێنانەوەی ئامادەگی لە مێژینەی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن،  تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیشی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت. وەک تەنها و تەنها رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پڕۆسەی دیموکراسی و شەرعیەتی حوکمڕانی لە وڵاتەکەماندا.
کۆبوونەوە پێی وایە نەکردنی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی  خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
تەئکیدیشی کردەوە  پاراستنی قەوارەکەمان لە هەڕەشە و مەترسی، تەنها لەرێی گەڕانەوە بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک.
کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی هەڵوەستەی  لە ئاستی ئەو راستیەشدا کرد کە ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی کوردستانی ئازاد بە  قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لە رێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2024/3/19

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان