بەرەجەژنانییش بازاڕی کاسبکارانی رانیەی نەجووڵاندووە

09:51 - 2024-04-01
ڕاپۆرت
184 جار خوێندراوەتەوە
هێندەی سەیرکەر روو لەبازاڕ دەکات هێندە کڕیاری تێدا رووی تێناکات

راپۆرتی/ جێگر خدر


کاسبکارانی ناو شاری رانیە نیگەرانن لەو دۆخە داراییەی کە بەتایبەتی لە چەند مانگی رابردوودا بەرۆکی مووچەخۆران بەگشتی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەتایبەتی گرتووە، ئەو دۆخەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گیرفان و داهاتی کاسبکارانیش دروستکردووە، بەجۆرێک کە ساڵان لە بەرەجەژناندا بازاڕەکان جمەیان دەهات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی دواکەوتنی زۆری مووچەوە، بازاڕەکانیش سارد و سڕیی زۆریان پێوە دیارە.   
لەوبارەیەشەوە دانا کە یەکێکە لە کاسبکارانی ناوبازاڕی شاری رانیە و دوکانی جلوبەرگی پیاوانەی ھەیە، بە بۆنەی نزیکبوونەوەوە لە جەژنی رەمەزان، دوکانەکەی پڕکردبوو لە کاڵا و جلوبەرگی نوێی بەهارە بە پێودانگی ساڵانی رابردوو، کە لە دوای 15-ی رەمەزانەوە هاووڵاتیان بەگشتی و  مووچخۆران بەتایبەتی روویان لە بازاڕەکان دەکرد وەک خۆئامادەکردن بۆ جەژن، بەڵام دەڵێت ئەمساڵ جیاوازە و دۆخەکە وەک لەبەرژەوەندیی مووچەخۆران نییە، لە بەرژەوەندیی کاسبکارانیشدا  نییە .
روونیشیکردەوە کە وەرنەگرتنی مووچە ھۆکاری سەرەکیی بێبازاڕییە بۆ زۆربەی کاسبکارانیش.

پارە بۆ ئامادەکاریی جەژن نییە
هەروەها وتی: ساڵانی رابردوو لە رۆژانی ئاسایدا بازاڕ لە ئێستا گەرمتر بوو، لەکاتێکدا جەژن بۆنەیەکی پیرۆزە و خەڵک بە گرنگییەوە ئامادەکارییان بۆ دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بێمووچەییەوە کە لەماوەی شەش مانگدا هێشتا دوو مووچە دابەشکراوە کە وا لە مانگی نیسانداین، هێشتا مووچەی مانگی شوبات تازە دەستیپێکردووە، بۆیە پێیوابوو کە خەڵکەکە ناحەقیان نییە، نە پارەیان پێیە تا بێن جلوبەرگ بکڕن،  نە دڵیشیان بە دۆخەکە بەگشتی و ھاتنی جەژن بەتایبەتی خۆشە و وتی: ئەو دۆخەی بەسەر مووچەخۆراندا ھاتووە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ھەموان بەجێهێشتووە، رانیە و ئیدارەی راپەڕینیش تاکە شوێنێک نییە، بەڵکو ھەموو خەڵکی ھەرێم باجەکەی دەدەن. ھەروەک بینیمان بەشێک لە کاسبکارانی شاری ھەولێر داوای بەھاناوە چوونیان کرد بۆ باشترکردنی دۆخی بازاڕ.

قەیرانەکە بۆ ھەموانە
هاووڵاتییەکیش بەناوی ئاری کە کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات لە پیشانگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە چوارقوڕنە، ھاوشێوەی بازاڕی پۆشاک و پێداویستی ناوماڵ، بازاڕی ئەو و ھاوپیشەکانیشی بەراورد بە ساڵانی رابردوو کز بووە، ئاری رایگەیاند: ھەمیشە بەرە جەژنان لە ساڵانی رابردوودا رۆژانێکی پڕ جووڵە بووە لە ناو پیشانگەکانی ئۆتۆمبێلدا، قەیرانی نەبوونی مووچە و رێی لە مامەڵەی گەرمی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیش گرتووە، وتیشی: ئەوانەی ئۆتۆمبێل دەفرۆشن زۆرن، بەڵام کڕیار نییە، رەنگە کەسانێک هەبن بڵێن بە پێی ئەو قەرەباڵغییە بێت بازاڕ گەرمە، بەڵام ئەو خەڵکە زۆرینەیەکی ھەرەزۆری فرۆشیارن و چاوەڕوانی کڕیار دەکەن کە نییە، خۆ ئەگەر خواستێکی کەمیش بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل ھەبێت، ئەو کەسانەن کە خۆیان یان کەسێکیان لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ جەژن دەگەڕێنەوە، دەنا بە دەگمەن کڕیار روو لە پیشانگەکانمان دەکات. وتیشی: ئەوانەی ئەو کارە دەکەین، لە ناو خۆماندا ئاڵوگۆڕ بە ئۆتۆمبێلەکانمان دەکەین.
هەر لەو بارەیەشەوە ھیوا عەزیز ئابووریناس دەڵێت: بە بێ گومان ئەو قەیرانە کاریگەریی راستەوخۆ بەسەر کاسبکارانی بازاڕەوە بەجێدەھێڵێت، بە تەنھا ھەر کاسبکارانیش نین، بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانیش دوچاری بێبازاڕی دەکاتەوە، تەنانەت کۆمپانیا بیانییەکانیش کە شمەک ھاوردەی ھەرێم دەکەن، پشکی زیانمەندبوون دەیانگرێتەوە.

دەبوو جەژن ئابووریی بازاڕ ببوژێنێتەوە
لەلایەکی دیکەشەوە کاریگەری نەرێنی درێژمەوداش ئەو ئابووریناسە وتیشی: ئەو مانگەی مووچە دوادەکەوێت، ئەوەی فەرمانبەر و مووچەخۆرە پلانی خەرجییەکانی لێ تێکدەچێت، رەنگە گوزەرانی ئەو وابێت ئیدارەی ماڵەکەی بە خەرجی مووچەکەی بۆ مانگێک دیاری کردبێت، دواکەوتن وای لێدەکات پارەی مانگی پێشووی بەشی نەکات و بەناچاری قەرز لە کەسێکی خۆی بکات کە دواجار ئەویش لەناو بازاڕەکەدایە، یان لە فرۆشیارێکی ناو بازاڕ، دواجار هەم مووچەخۆرەکە و هەمیش کاسبکارەکە قەرزار دەبن، ئەوە جگە لەوەی زۆرینە رەنگە پێداویستی سەرەتاییش نەکڕن، چونکە وای دادەنێن رەنگە مووچەی مانگی داهاتوو زیاتر دوابکەوێت و بەشی نەکات و دووبارە قەرز بکاتەوە، ھەروەھا وتی: جەژن و بۆنە ئاینیی و نەتەوایەتییەکانیش لە ھەر وڵاتێکدا دەرفەتن بۆ گەرمبوونی بازاڕ، بەڵام بێ مووچەیی ئەوەشی لە هەرێمدا تێکداوە.
دیارە دەرچوونی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عیراقەوە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ناچارکردنی ھەردوو حکومەت بە پێدانی مووچەی ھەموو مانگێک، بەشێک لە ھاووڵاتی و مووچەخۆرانی ھەرێمی دڵخۆشکرد، بەڵام جارێکی دیکە میکانیزمی دابەشکردنی مووچە، بووەوە هۆی  دواکەوتنی مووچە و دیاریش نییە کەی ئەم گرفتە لە بنەڕەتەوە چارەسەر دەبێت کە لە ساڵی 2014وە مووچەخۆرانی ئەم هەرێمە بەدەستییەوە دەناڵێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان