شرۆڤەی / جەمال ئارێز
روسیا لە نوێترین پەیامیدا داوای ئەو کەسانە لە ئۆکرانیا دەکات کە لەپشت کردەوە تیرۆریستییەکەی هۆڵەکەی کروکۆس-ەوە بوون یان تێوەگلاون لە پشتیوانیکردنی تیرۆریستەکان، ئەوەش لەدوای ئەوەی کە ئەو کەناڵەی دانرابوو بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ بکەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە، لە تۆڕی تیلیگرام سڕدرایەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەدوو ساڵی رابردوودا هەر کردەوەیەکی تیرۆریستی یان سایبیرانی لە هەرکام لەو دوو وڵاتەدا روویدابێت، بەرپرسانی هەردوو وڵات یەکتریی پێ تۆمەتبار دەکەن و پەنجەی تاوانباریی بۆ یەکتری رادەکێشن، بە چاوپۆشی لەوەی کە جەنگی ئەو دوو وڵاتە لە 2008-ەوە بەشێوەی جەنگی سارد لەئارادایە، بەرژەوەندیی زۆرێک لە وڵاتانی خستۆتە مەترسییەوە و زۆریش لە سایەیدا پاکتاوی کێشەکانی خۆیان لەتەک ئەو دوو وڵاتەدا یەکلایی دەکەنەوە.
جەنگەکە و بەرژەوەندییە جیاوازەکان
رێڕەوی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەئاراستەی کیێف-ی پایتەخت لە 24/2/2022 داو ئەو خێراییەی پێشڕەویی سوپای روسیا کە بووە مایەی شڵەژانێکی گەورەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لەو وڵاتە و ژمارەی قوربانییەکانی و زیانە گیانی و مادییەکانی لە سەرەتاوە جۆرێک لە هاوسۆزیی جیهانیی بۆ ئۆکرانیا پەیداکرد کە جگە لە بێلاڕوسیا زۆربەی هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی روسیاشی تووشی جۆرێک لە راڕایی کردبوو لەوەی داخۆ پشتگیریی روسیا بکەن، یان ئیدانەی ئەو هێرش و پیشڕەوییە سەربازییە بکەن!
رەهەندە نێودەوڵەتییەکانی پەلامارەکە
تا ئەو شوێنەی هێزەکانی ئۆکرانیا و خودی ئۆکرانیاش وەک دەوڵەت لە پاشەکشە و لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا بوون، جۆرێک لە هاوسۆزیی جیهانی لەگەڵ ئۆکرانیادا بوو، بۆیە پشتیوانییە میدیایی و سەربازیی و مرۆییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا هێز و گوڕێکیان بە کیێف دا تا خۆی کۆبکاتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان رێڕەوی پاشەکشە بگۆڕێت بۆ بەرگریی و دواتریش لەگەڵ بەدەستهێنانی کۆمەکی سەربازیی ناڕاستەوخۆ و راستەوخۆی وڵاتانی ناتۆ ستراتیژی بەرگریی بگۆڕێت بە هێرش و بەرپەرچدانەوە و پاشەکشە پێکردنی هێزەکانی مۆسکۆ لە هەندێک شوێنی وڵاتەکە و کەمکردنەوەی لۆد و دوورخستنەوەی هەڕەشە لەسەر پایتەخت.
روسیا و کاریگەریی گەمارۆکان
سەرەڕای ئەو خێراییەی سەرەتای جەنگەکە، بەڵام روسیا جگە لە بینینەوەی خۆی بە تەنهایی لەو گۆڕەپانەدا، رووبەڕووی گەمارۆیەکی ئابووریی کوشندە کرایەوە، بەجۆرێک نەشیدەتوانی هەڕەشەکانی سەبارەت بە بابەتی گرتنەوەی غاز لە ئەوروپا بەتەواوەتی بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، چونکە هەنگاوێکی لەو جۆرە ئابوورییەکەی بەتەواوەتی دادەڕماند، بۆیە ئەو هەڕەشەیەی سەرەتا تەنها وەک هەڕەشەیەک مایەوە و لەسەر ئەرزی واقیعدا هێشتا ئەوروپا بە پلەی یەکەم پشتی بە هەناردەی غازی روسیا بەستووە تا ئەوکاتەی ئەڵتەرناتیڤێکی جێگیر و تا رادەیەک هەرزان دەدۆزێتەوە.
گەنم و دانەوێڵەی ئۆکرانیا
جەنگی نێوان کیێف و مۆسکۆ جگە لەوەی خەڵک و حکومەتی هەردوو وڵاتەکەی گیرۆدە کرد، بارگرانییەکی گەورەشی خستە سەر وڵاتانی جیهان بەتایبەتی وڵاتە هەژارەکان بەو پێیەی بەرهەمی دانەوێڵەی زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێیەم لەو دوو وڵاتەوە هاوردە دەکەن.
شەڕی ئەوان و خێری تورکیا
ئەگەرچی مەسەلەی غازی روسیا بۆ ماوەیەک ئەوروپای بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد، بەڵام بابەتی دانەوێڵە زۆربەی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، بەو پێیەش کە روسیا دەیتوانی رێگربێت لە هەناردەکردنی دانەوێڵەکە و ئەوروپا و ناتۆش بە توانایەکی گەورەوە چوونە خزمەتی ئۆکرانیاوە، ئیتر جیابوونەوەی بەرەکان لەسەر ئاستی جیهان بە ئاشکرا دەرکەوتن، بەڵام ئەوەی توانی لە شەڕی ئەو دوو وڵاتە خێری دەست بکەوێت تورکیا بوو.
تورکیا بەو پێیەی تەنگەی بەلفۆڕی سەر بازرگانیی بەدەستەوەیە، توانیی جۆرێک لە ناوبژیوانیی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بکات و نوێنەرانی روس و ئۆکرانیا بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مێزێک لەماڵی خۆیدا کۆبکاتەوە، دیارە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری گەمارۆکانیش هەردوو وڵات پێویستیان بەو ناوبژیوانییە هەبوو، بەڵام هەردوولاش گومانیان لە پابەند نەبوونی لایەنی بەرامبەر هەبوو، بۆیە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو رێکەوتنە سێ مانگ سێ مانگ نوێ دەکرێتەوە و نەبۆتە رێکەوتنێکی کۆنکرێتی.
جیۆپۆلەتیکی تورکیا چانسی ئەوەی پێداوە کە بتوانێت لە جەنگی زۆربەی دژەکان سوودمەند بێت، چونکە ئەوە تورکیایە ئۆکەی دەدات بەو وڵاتە ئەوروپییانە لە ترسی روسیا پەلەیانە بۆ چوونە ناو هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆوە و هەر ئەویشە وەک تاکە وڵاتی ئەندامی سەرەکیی ناتۆ دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیادا بپارێزێت و نەک هەر ئەوەش بەڵکو تاکە وڵاتی ئەندامی ناتۆیە دەتوانێت لە دەرەوەی پڕەنسیپەکانی ناتۆوە موشەکی جۆری ئێس – 400 لە روسیا بکڕێت و لەولاشەوە درۆنی بەیرەقدار بە ئۆکرانیا بفرۆشێت و خەریکی سەودا و مامەڵەی کڕینی ئیف 35 –یش بێت لە ئەمریکا، ئەمەش رێک ئەو پەندەیە کە دەڵێت شەڕی منە و خێری ئەوی تێدایە.
غەززە و پەیوەندیی بە جەنگی ئۆکرانیاوە
زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە کە ئەگەر جەنگی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا دیوێکی پەیوەست بێت بە ململانێ مێژووییەکەی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلەوە، ئەوا بە دیوەکەی دیکەدا دابڕاو نییە لەو فرە جەمسەرییەی زلهێزە سیاسی و سەربازیی و ئابوورییەکانەوە کە لەدوای جەنگی ئۆکرانیاوە بەزەقی بەرجەستە بووە، بۆیە هەندێک دەڵێن پەیوەستە بە رێگای ئاوریشمی چین پەکخستنی پڕۆژەی سەودای سەدەی ئەبراهامەوە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداودا، هەندێکیش پێیانوایە هاوکێشەی جەنگی روسیا – ئۆکرانیا و گوشارەکانی ئەوروپا و ناتۆ بۆسەر روسیا بەشێکە لە گەمەکە کە لەو رێگەیەوە روسیا بیەوێت گوشار لە ئیسرائیل و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانی بکات تا بە گۆڕینەوەی رۆڵ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر مۆسکۆ ببەستێتەوە بە گوشارەکانی سەر غەززەوە، ئەوە جگە لەوەی زۆرێکیش وای بۆ دەچن کە سەرقاڵکردنی ئەمریکا و زلهێزەکانی خۆرئاوایە بۆ ئەوەی چیتر قسە لەبارەی سەودای سەدە و دورگەی تایوان نەکەن. سەرەڕای ئەوەش گرفتی نێوان خۆرئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا و ئێرانیش بەشێکە لە کەرەستەکانی گەمەکە بەتایبەتی لەدوای ئەوەی حوسییەکان و حزبوڵڵای لوبنان و هەندێک گروپی چەکداری عیراق خۆیان خستۆتە ناو هاوکێشەکەوە تا ئەمریکا و خۆرئاوا ناچار بکەن گەمارۆکانی سەر ئێران سووک بکەن و بیانگێڕنەوە بۆ رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و گروپی (5 + 1).
قوربانییەکان وەک کارتی گەمە
هەموو ئەو پەڵپ و بیانووانەی کە روسیا و ئۆکرانیا، ئێران و ئەمریکا، خۆرئاوا و چین، خۆرئاوا و روسیا بەیەکتری دەگرن لە گەمەیەکی بەدەستهێنانی ناوچەی هەژموونی سیاسی و ئابووری زیاتر هیچی دیکە نییە، بەڵام گرفتە گەورەکە ئەو قوربانییە سڤیلانەن کە لەسەر مێزی لایەنە بەشەڕهاتووەکان بوونەتە کارتی گەمەکان و زلهێزەکان لەدوای بردنەوە و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دەیانخەنە پەراوێزەوە تا گەڕێکی دیکەی دەستپێکردنەوەی گەمەکانیان.