ماوەی دوو ساڵە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ھەموو ھەوڵەکانی خستووەتەگەڕ لەبارەی چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و لەو چوارچێوەیەشدا چەندینجار سەردانی بەغدادی کردووە و لەگەڵ لێپرسراوانی حزبی و حکومیی عیراقدا کۆبۆتەوە.
لە ناوخۆشدا سەرۆکی یەکێتی لەمیانی پێشوازیکردن لە دیپلۆماتکار و نێردەو کونسوڵی وڵاتان، جەختیکردوەتەوە کە ھەر پرسێک پەیوەست بێت بە ژیانی خەڵک و مووچەوە، دووربخرێتەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکان.
سەرۆکی یەکێتی ھەر بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو چەندین میکانیزمی پێویستی خستووەتەڕوو تاوەکو ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و بە یاسا ماف و ژیانی خەڵکی ھەرێم مسۆگەر بکرێت.
ھەوڵەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆکەکەی، بۆ پشتیوانی تەواو بووە لە سەرخستنی ئامانجە نیشتمانییەکان بە شێوەیەک یەکسانی و دادپەروەریی تێدا رەچاو بکرێت.
ھەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختکردنەوە بوو لە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ نەھێشتنی بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی بەتایبەت لە نێوان ھەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی گرفتی 10 ساڵەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم.
ئەوەی بەدیشدەکرا تەواوی ھەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی بە دوور بوو لە عینادی سیاسی و نەخوێندنەوەی لایەنی عیراق، بەڵکو بە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەردەوام لەسەر ھێڵ بووە تاوەکو دواجار گرفتەکە بەرەو چارەسەری یەکجاری ھەنگاوی نا.
سەرۆکی یەکێتی ھەمیشە ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە چارەسەری کێشەکانی ھەرێم بەتایبەت گرفتی مووچە، لە بەغدایە نەک وڵاتانی دەرەوە، دواجار ھێزەکانی دیکەش گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە چارەسەری کێشەکان لە بەغدایە و ناچاربوون وەفدەکانیان بۆ دانوستان و رێکەوتن بنێرنە بەغدا.
لە دوایین سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆ بەغدا لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمەوە کە لەگەڵ تەواوی لایەنە عیراقییەکان و سەرۆک وەزیرانی عیراقدا کۆبۆوە، بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم درا.
میدیا عیراقییەکانیش بڕیاری ناردنی مووچەیان کردە دەسکەوتێک بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەو پێیەی لە چەند سەعاتێکی کەمی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سودانی، بڕیاری گرنگ لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی ھەرێم درا.