بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، خۆتان ماندوو مەکەن، هەڵوێستی سەرۆک بافڵ بەرامبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناگۆڕێت.
ئاماژەشی کردووە، رۆیشتنی ئێمە بۆ بەغدا لە لایەن هاووڵاتیانی هەرێم و عيراق شتێکی نامۆ نییە و پێویست بە تەفسیر و فاڵگرتنەوەی ئێوە ناکات، چونکە لە هەرێم بین یان لە بەغدا بەزمانی کوردی قسە بکەین یان بە زمانی عەرەبی، ئێمە یەک پەیاممان هەیە، ئەویش چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، بەڵام کاتێک ئێوە روودەکەنە بەغداد، هاووڵاتیان ناهەقیان نییە گومان لە مەرامی سەردانەکانتان بکەن.
بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی باس لەوەش دەکات کە هەرچی بڵێن، هەرچی بکەن، چەندە خۆتان ماندوو بکەن، هەڵوێستی سەرۆک بافڵ و حزبەکەی بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ناگۆڕێت، دەمانەوێت هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، بە هەڵبژاردن دەتوانین رێرەوی حوکمرانی لە هەرێم راستبکەینەوە.