مه‌ریوان مه‌سعود
له چوارچێوه‌ی كاره نایاب و ناوازه‌كانی مامۆستا عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه، ئه‌مجاره‌یان دوو ژماره نه‌بینراوه‌كه‌ی گۆڤاری (رزگاری) چاپ كردۆته‌وه، كه دیاره وێڕای چاپكردنه‌وه‌یان، لێكۆڵینه‌وه‌و شیكارییه‌كی باشی له‌باره‌وه نووسیوه، له‌گه‌ڵ ناساندنی ستافی گۆڤاره‌كه‌و پێناسه‌یه‌ك له مێژوو و تێكۆشانیان و هه‌ندێك سه‌رنجی وردی خۆی له باره‌ی رۆژگار و هۆكاری ده‌رچوونی گۆڤاره‌كه، یان وه‌كو مامۆستا خۆی ناوی ناوه شێوه گۆڤاره‌كه، چونكه پێده‌چێت شێوه‌ی بڵاوكراوه‌كه له نێوان گۆڤار و رۆژنامه بووبێت، ته‌نانه‌ت توێژه‌ره‌وانیش هه‌ندێك به گۆڤار و هه‌ندێك به رۆژنامه ناوی دێنن.
عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه، به‌م پرسیاره ده‌ستپێده‌كات: رزگاری گۆڤاری برایه‌تی كورد و عه‌ره‌به یانی چی؟!.
سه‌ره‌تا، ده‌ڵێت: له ساڵی 1945 به دواوه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، ناوی (رزگاری) هه‌تا ده جاران، جا چ به شێوه‌ی گۆڤار بووبێت یان رۆژنامه و بڵاوكراوه، له نێو مێژووی رۆژنامه‌نووسیی كوردیدا تۆماركراوه و جێی خۆی كردووه‌ته‌وه. له ساڵی 1959دا له باروزرووفی دوای 14ی ته‌موزی 1958، هه‌لومه‌رجێكی تۆزێك له‌بار بۆ كورد ره‌خسا بوو، ئه‌م جاره‌یان چه‌ند كادیرێكی باڵای پارتی به خۆكه‌وتن و به ئاشكرا شێوه (گۆڤار)ێكیان به ناوی (رزگاری) ده‌ركرد. ئیمتیازه‌كه‌ی به ناوی ساڵح حه‌یده‌ری بووه، سه‌ره‌كی مه‌سئولی نووسین: پارێزه‌ر فوئاد جه‌واد بووه، هه‌رچی هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباریشه له ئه‌ستۆی جه‌لال تاڵه‌بانی بووه.
كتێبه‌كه‌ی مامۆستا عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه كه له لایه‌ن ئه‌كادیمیای كوردی بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌شێكی ته‌رخانكراوه بۆ ئه‌و بۆچوون و سه‌رچاوانه‌ی كه قسه‌یان له‌باره‌ی گۆڤاری رزگاری-ه‌وه كردووه و نووسه‌ریش وه‌كو خۆی دایناوه‌ته‌وه‌و بۆیه ده‌ڵێت: ده‌كرێت بڵێین یه‌كه‌م كه‌سێك باسی ئه‌م گۆڤاره‌ی كردبێت، ئه‌وه نوری عه‌لی ئه‌مین بووه، ئه‌وه‌تا له سه‌رده‌می ده‌رچوونی ئه‌م گۆڤاره نووسیویه‌تی:
(گۆڤارێكی سیاسییه، هه‌ر به حه‌وت رۆژ جارێ له به‌غدا ده‌رئه‌چێ به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی له لایه‌ن صالح حه‌یده‌ری-یه‌وه).
عه‌لائه‌دین سه‌جادیش نووسیویه‌تی: گۆڤارێكی نیو مانگی بووه، صالح حه‌یده‌ری له یه‌كی نیسانی ساڵی 1959 له به‌غدا ده‌ری كردووه، زمانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه، ته‌نها دوو ژماره‌ی لێ ده‌رچووه، ئه‌ویش هه‌ر له‌و ساڵه‌دا په‌كی كه‌وت.
له به‌رگی ژماره (1)ی گۆڤاری رزگاری وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم قاسم دانراوه‌و له‌ژێری نووسراوه: (ره‌مزی برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب سه‌رۆكی خۆشه‌ویست)، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه، وێنه‌كه عه‌بدولكه‌ریم قاسم به ئیمزای خۆی پێشكه‌شی گۆڤاره‌كه‌ی كردووه‌و به عه‌ره‌بی له‌سه‌ری نووسیوه.
له سه‌روتاری گۆڤاره‌كه‌دا، به ناوی (ئامانجان)، به دوورودرێژی ئامانجی ده‌ركردنی گۆڤاره‌كه ده‌خاته‌ڕوو، ده‌ڵێت: ده‌رهێنانی رۆژنامه‌یه‌كی سیاسی، یان هه‌ر هیچ نه‌بێ گۆڤارێكی هه‌فته‌یی، به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی یه‌كێكه له‌و ئاواتانه‌ی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌كیه‌تی عیراقییه‌وه له دڵی هه‌موو خوێنده‌وارێكی كوردی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ردا خول ئه‌خۆن.
له سه‌روتاره‌كه‌ی خۆیدا، گۆڤاری رزگاری، خۆشحاڵی زۆری خۆیان ده‌رده‌بڕن به سه‌ركه‌وتنی (شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958)، بۆیه ده‌ڵێت:
(جا له‌م رۆژه‌دا كه به‌سایه‌ی شۆڕشی پیرۆزی چوارده‌ی ته‌موزه‌وه، به سایه‌ی مه‌ردایه‌تی له‌شكر و فیداكاری گه‌له‌وه، به‌سایه‌ی بلیمه‌تی و ئازایی قاره‌مانی تاقانه‌مانه‌وه، بۆ یه‌كه‌مجار گۆڤاری رزگاری دێته روو خۆی به قه‌رزاری گه‌ل و شۆڕش و له‌شكر و سه‌رۆك ئه‌زانی بۆیه له‌هه‌موو كاتێكی كه‌ی سوورتره له‌سه‌ر خه‌باتكردن له پێناو ئامانجه‌كانیه‌وه).
ئه‌وه‌ی شایانی باسكردن و وه‌ستانه له‌باسی ئه‌م گۆڤاره، ئه‌وه‌یه كه هه‌موو یان باشتره بڵێم زۆرینه‌ی بابه‌ته‌كانی ستایش و پیاهه‌ڵدانی به (14) ته‌مووز و زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم قاسم، ته‌نانه‌ت بۆ نموونه چیرۆكی (مرۆڤ)ی مه‌كسیم گۆڕكیان ته‌رجه‌مه كردووه، كه‌چی نووسراوه پێشكه‌شه به زه‌عیمی وڵات عه‌بدولكه‌ریم قاسم، یان بۆ نموونه خالید دلێر-ی شاعیر، شیعرێكی وه‌سف و سه‌نای له گۆڤاره‌كه به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم قاسم نووسیوه. دیاره بابه‌ته‌كانی تریش هه‌مووی په‌یوه‌ست كراوه به‌وه‌وه.
یه‌كێكی تر له سه‌رنجڕاكێشییه‌كانی من بۆ گۆڤاره‌كه ئه‌وه‌یه كه له‌وه ناچێت ئه‌م گۆڤاره تازه ده‌رچووبێت، چونكه بابه‌ت و نووسینه‌كانی ئه‌وه‌نده به شاره‌زایی و به‌پێز نووسراون ده‌ڵێی چه‌ندین ساڵه ئه‌م گۆڤاره ده‌رده‌چێت، چونكه چ مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و چ مام جه‌لال تاڵه‌بانی رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌یه له گۆڤاره‌كه به هه‌ردوو به‌شی كوردی و عه‌ره‌بی ئه‌وه‌ش وایكردووه گۆڤاره‌كه، به فیعلیی گۆڤارێكی سه‌نگین و پڕ به‌ها بێت و مامۆستا عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه‌ش توانیویه‌تی هه‌م به توێژینه‌وه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر گۆڤاره‌كه، هه‌م له چاپكردنه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی جوان خوێنه‌ران ته‌واو تێربكات له زانیارییه‌كان.
به داخه‌وه، ئه‌م گۆڤاره‌ش به ده‌ردی بڵاوكراوه كوردییه‌كانی تر برا، چونكه سه‌ره‌ڕای ستایشیان بۆ شۆڕش و زه‌عیمه‌كه‌ی، توانیان ته‌نیا دوو ژماره‌ی لێده‌ربكه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ت دژ به چه‌په‌كان ده‌ستی پێكردو هه‌موو بڵاوكراوه چه‌په‌كان له عیراق وه‌ستێندران، ئه‌م گۆڤاره‌ش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا داخراو و له‌مباره‌یه‌وه حه‌سه‌ن بارام-ی له توێژینه‌وه‌یه‌كی خۆیدا له‌باره‌ی (رزگاری)ده‌ڵێت:
رزگاری، رۆژنامه‌یه‌كی سیاسیی هه‌فتانه بووه‌و به هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌رده‌كرا. خاوه‌نه‌كه‌ی صالح حه‌یده‌ری و سه‌رنووسه‌ركه‌ی فوئاد جواد بووه له رۆژنامه چه‌په‌كان له 6ی كانونی یه‌كه‌می ساڵی 1958 ئیمتیازی وه‌رگرتووه. له 7ی نیسانی 1960 ئیمتیازه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ی زۆرێك له رۆژنامه چه‌په‌كان داخران.
دواجار، پێمخۆشه، جارێكی تر ده‌ستخۆشی بۆ كاره ناوازه‌كانی مامۆستای عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه دووپات بكه‌مه‌وه، كه دڵنیام ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌سێكی وه‌كو به‌ڕێزیان نه‌بێت، ئه‌وا كورد ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌ی له ده‌ست ده‌چێت به تایبه‌ت له بواری رۆژنامه‌وانی به شێوه‌یه‌كی گشتیی. و به‌هیوام هه‌موو ئه‌رشیفه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ورده ورده چاپ بكاته‌وه‌و ئێمه‌ی پێ ئاشنا بكات.