تاوانی ئەنفال، یەکێک بوو لە گەورەترین تاوانەکانی رژێمی بەعس
دژبە مرۆڤایەتی، هێرشەکان نەخشە بۆداڕێژراو بوون، بە شەش پەلاماری جیا و بە هەشت قۆناغ
بەڕێوەچوون.
جگە لە دزین
و تاڵانکردنی سامانی گوندنشینان، وێرانکردنی سەدان گوندیشی لێکەوتەوە، تێکڕا
182000 مرۆڤی بێتاوان بە شێوازی جیاجیا دەستگیرکران و زیندەبەچاڵکران لە بیابانەکانی
ناوەڕاست و خوارووی عیراقدا.
قۆناغى یەکەم:
ئەنفالی دۆڵی
جافایەتی لە ناوچەى سلێمانى، چوار هەفتەى خایاند و ناوچەکانى سەرگەڵو، بەرگەڵو
کرانە ئامانج. ئەم قۆناغە لە23 ى شوباتى 1988 دەستیپێکرد و لە 19 ى ئادار کۆتاییهات.
لە شەوی 22-23ی شوباتدا خەڵکی یاخسەمەر و هەڵەدن و سەرگەڵو و بەرگەڵو لە تاریکی و
باراندا بە دەنگ و ناڵەی راجیمە و تۆپ بە ئاگاهاتنەوە.
سەرلەبەیانی
هەمان رۆژ، هێرشە زەمینییەکان دەستیانپێکرد، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سوڵتان هاشم کە
وەزیری بەرگری بوو، بە بەشداری 20 لیوا و
60 فەوج و دەیان فەوجی جاشە کوردەکان. ئەم قۆناغە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە
ئازادکراوەکان و دەستبەسەرداگرتنی سەرکردایەتی
ی.ن.ک بوو.
پاش سێ هەفتە لە شەڕ و بەرگری، سەرەنجام هێزی پێشمەرگە کشایەوە
بۆ ناوچەی قەندیل، خەڵکەکەش ژمارەیەکی زۆریان لەگەڵ پێشمەرگەدا رۆیشتن. چەندین کەسیش
لەناو بەفر و سەرمادا رەقبوونەوە، ژمارەیەکیش لە گوندنشین و پێشمەرگە بەهۆی چەکی کیمیاییەوە،
شەهیدبوون.
قۆناغى دووەم:
لە ناوچەکانى قەرەداغ و بازیان و دەربەندیخان
کرا و لە22ى ئادارەوە دەستىپێکرد و لە 1ى نیسان تەواو بوو، هێرش کرایە سەر ناوچەی
قەرەداغ، سەرەتا بە کیمیاباران دەستیپێکرد، ویستی ورەی جەماوەر و هێزە بەرگریکارەکان
بڕوخێنێت، بە چڕی سێوسێنانی کیمیابارانکرد، زیاتر لە 69 هاووڵاتی شەهید بوون، ناوچەکە بەر زەبر و چەپۆکی دڕندانەی بەعس کەوت و گوندەکان
وێرانکران و بە ئەنفالکردن و شەهیدکردنی هەزاران هاووڵاتی و پێشمەرگە کۆتایی بەم قۆناغەش
هات.
قۆناغى سێیەم:
ناوچەکانى گەرمیان
و کەلار، کفرى، خورماتوو، چەمچەماڵی گرتەوە،
ئەم قۆناغەش لە 7ى نیسان دەستیپێکرد و راستەوخۆ عەلی حەسەن مەجید سەرپەرشتی دەکرد
و بە ئەنفالی رەش ناسراوە.
ئەگەرچی هێزی
پێشمەرگە و هێزی بەرگری توانیان هەفتەیەک بەرگری بکەن، بەتایبەتی شەڕەکانی شێخ تەویل
و تازە شار، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی بۆمبی کیمیاییەوە کشانەوە.
سێ مەڵبەندی
سەرەکی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، خەڵکی گوندەکانی سنووری سەنگاو و جەباری و قادرکەرەم
بەرەو چەمچەماڵ راپێچران. ناوچەکانی قەرەحەسەن و لەیلان و داودە بە زۆری بەرەو
خورماتوو بران. زەنگنە و سەرقەڵا و کفری و پێباز و دەوروبەریان، برانە بارەگای فیرقەی
21 لە قۆرەتوو. نزیکەی 30 هەزار هاووڵاتی و گوندنشین لەم هێرشانەدا ئەنفالکران.
رۆژی
14/4/1988 چوار شارۆچکە و سەدان گوند خاپوور کران، زۆرترین قوربانی لەم رۆژەدا
درا، بۆیە بە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دانراوە.
قۆناغى چوارەم:
دووبەری
ناوچەکانى زێی بچووکی گرتەوە، لە زێڕاندوڵەوە تا نزیک پردێ، واتە کۆیە، تەقتەق،
ئاغجەلەر، چەمی رەزان، ناوشوان و دەوروبەری چەمچەماڵ. ئەم قۆناغە لە 3 تا 8/5/1988
بەڕێوەچوو و بە ئەنفالی خاڵخاڵان ناسراوە.
لە ئێوارەی
3/5 بە کیمیابارانکردنی گۆپتەپە و عەسکەر و هەیدەر بەگ دەستیپێکرد، نزیکەی 300
هاووڵاتی و پێشمەرگە شەهید بوون، بە سەدانی دیکەش بریندار بوون، جگە لەوانەی دەستگیرکران
و دواتر ئەنفالکران. بەرەبەیانی 4/5 هێرش لە سەرجەم قۆڵەکانەوە دەستیپێکرد ئەوانیش
رێگاکانی:
تەکیە ـ
ئاغجەلەر و قەڵاسێوکە
چەمچەماڵ ــ
ناوشوان
تەقتەق ــ بە
هەر دووبەری زێدا
کۆیە ــ دەشتی
کۆیە
دوکان ــ کەڵکەسماق
237
گوند لەم ناوچەیە خاپوورکران. نزیکەی 2500 کەس لە بەری کۆیە و 3000 کەس لە بەری
شوان و شێخبزێنی و قەڵاسێوکە ئەنفاکران.
تەنانەت لە
شوێنێکی وەک بناری خاڵخاڵاندا و لە چەمی
بابە رووشەی جەلەمۆرد بە سەدان کەس لەو گوندانە ئەنفالکران، تەنها لە سنووری گوندی
جەلەمۆرد 480 کەس گیران و ئەنفالکران.
قۆناغەکانى
پێنجەم و شەشەم و حەوتەم:
ناوچەکانى خۆشناوەتی
و شەقڵاوە و رواندز و خەلیفان کەوتنە بەر شاڵاوەکانى ئەنفال، ئەم قۆناغە لە 15ى مایسەوە
تا26 ى ئابی 1988 بەردەوام بوو.
لەم قۆناغەشدا
دۆڵی بالیسان و گوندەکانی نازەنین و سماقوڵی و ئەسپیندارە و عەلیاوە و کامووسەک-یان
بەر بۆمبی کیمیایی دا، لەبەرئەوەی پێشتر چوڵکرابوون بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، کەمترین
زیانی مرۆییان بەرکەوت، پێشمەرگەش لێرە و لەوێ هەبوون، بەڵام ئەوان زووتر ناوچەکەیان
چۆڵ دەکرد، بەهۆی سەختی و چڕوپڕیی ناوچەکەوە دوژمن نەیدەتوانی بە هێرشی زەمینی دەستی
بەسەردا بگرێت، بۆیە جارێکی دیکە لە 23ی ئایار
بەشێک لە هیران و دۆڵی بالیسانی کیمیاباران کردەوە.
لەم ناوچەیە،
بەتایبەتی لە وەرتێ و بلەی خوار، خەڵکانێکی زۆر دەستگیرکران و بۆ تۆبزاوای باشووری کەرکوک نێردران و لەوێشەوە بۆ بیابانەکان.
ئەم هێرشانە
بەردەوامبوون، لە دۆڵەکانی مەلەکان و وەرتێ و هیران و سماقوڵی ۆ بالیسان بۆ ئەوەی
خەڵکەکان لە ناو جەنگەڵی دارستان و ئەشکەوتەکاندا بێنە دەرەوە، کیمیایی دەڕژاند بەسەریاندا،
بۆیە ئەوانەی لەوێ بوون، پۆل پۆل خۆیان تەسلیم دەکرد.
تێکڕا 52
گوند لە ناوچەکانی خەلیفان و رواندز و خۆشناوەتی وێرانکران، خەڵکەکەشی ئەوانەی گیران
رەوانەی مەرگ کران و هەرچی سامانیشیان هەبوو، بە تاڵان برا.
قۆناغى هەشتەم:
ئەنفالی بادینان،
دواقۆناغ بوو. ناوچەکانى ئامێدى و ئاکرێ و زاخۆ، شێخان و دهۆکى گرتەوە، ئەم قۆناغە
لە 25 ى ئابەوە تا 6 ى ئەیلولى 1988 خایاند.
هێرشەکان دیسان
بە چەکی کیمیایی دەستیانپێکرد، کەمتر خەڵک بەو هێرشانە تیاچوون، چونکە بەگشتی هۆشیاری
بەرامبەر چەکی کیمیایی بڵاوکراببۆوە لەلایەن پێشمەرگەوە.
تێکڕای گوندەکان
کە بەر ئەنفال کەوتن، 450 گوند دەبوو، ژمارەی دەستگیر کراوەکانیش بە 32 هەزار کەس
مەزەندە دەکرێت.
سەرچاوە: ئەنفال،
چەمک و قۆناغەکانی / کاروان عوسمان شوانى / کوردستانی نوێ – 13/4/2024