دەنگی ئاشتی لەسەر خاكی رۆژهەڵات

12:09 - 2025-05-12
جیهان
31 جار خوێندراوەتەوە

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان دوو جەمسەری شەڕ و ئاشتیدایە، لەلایەك جێگەی پێكدادانە قورسەكان و پێكداهەڵپژانی وڵاتانە، لەلایەکیشەوە بووەتە مێزگردی كۆكردنەوەی سەرۆكی وڵاتان بۆ قسەكردن لەسەر پرسی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە جەنگ.
دوێنێ، خولی چوارەمی گفتوگۆكانی ئەمریكا و ئێران لە مەسقەت بەڕێوەچووە، سبەینێ و رۆژانی دیكەش لە توركیا و ریازی سعودیە ژمارەیەك دیدار و لووتكەی نوێ دەكرێت تایبەت بە پرسی ئاشتی روسی – ئۆكرانی، ئیسرائیل – فەلەستین.

لووتکەی پێنج لە سعودیە

کەناڵی السوري الیوم بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی پێنجقۆڵی لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەدەچێت و تێیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین و جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان و ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا، کۆدەبنەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە سعودیە هیوادارە رەزامەندیی ترەمپ بۆ مەرجی بنچینەیی خۆی بۆ پاڵپشتیکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی مسۆگەر بکات، کە سەرکردایەتی سعودیە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانیدا بە دەسکەوتێکی ستراتیژی دەزانێت.
هاوکات رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە زاری سەرچاوەیەکی کەنداو بڵاویکردۆتەوە، ترەمپ بەنیازە لە سەردانەکەی ئێستایدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانپێدانانی رەسمی بە دەوڵەتێکی فەلەستین رابگەیەنێت.

دانوستانەکانی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکرانیا

 لەهەواڵێکدا کە لە ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاوبووەتەوە. بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، دوێنێ یەکشەممە، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پێشوازی لە پێشنیازی هاوتا روسییەکەی کرد بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتیی روسیا و ئۆکرانیا لە ئەستەنبوڵ.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەردۆغان لەگەڵ هاوتا روسییەکەیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی تاوتوێکردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە پەنجەرەیەکی دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئاشتی کراوەتەوە و ئاگربەستێکی هەمەلایەنە زەمینەی پێویست بۆ گفتوگۆی ئاشتی دەخوڵقێنێت.
ئەم هەوڵەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا پێشنیازی کرد کە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە ئەستەنبوڵ، دانوستانە راستەوخۆکان لەگەڵ ئۆکرانیا بەبێ مەرجی پێشوەختە، دەستپێبکرێتەوە.
شایانی باسە، لە مانگی ئازاری 2022دا، ئەستەنبوڵ میوانداری چەندین خولی وتووێژی نێوان وەفدی روسیا و ئۆکرانیای کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ. رێککەوتنەکە بەنێوەندگیریی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ ناردنی دانەوێڵەی ئۆکرانی بۆ ئەودیوی دەریای رەش.

خولی چوارەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا

 خولی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە نێوان عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا ئەنجام درا و بەپێی ئەو هەواڵانەی لە دوای گفتوگۆکان بڵاوکراونەتەوە و رۆژنامەی (الشرق الاوسط) نووسیویەتی «ئەم گفتوگۆیە بووە هۆی رێککەوتنی سەرەتایی بۆ درێژەدان بەو دیالۆگانە».
میدیاکان رایانگەیاندووە: خولی چوارەمی دانوستانەکان زیاتر لە سێ سەعاتی خایاندووە و لەو ماوەیەدا بەدر ئەلبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عوممان، ناوبژیوانی وتووێژەکانی کردووە و پەیامی نێوان وەفدی ئێران و ئەمریکای گەیاندووە بە یەکتر.
لای خۆیەوە، ئەلبوسەیدی رایگەیاندووە: ئەمڕۆ خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکامان لە مەسقەت تەواوکرد، گفتوگۆکان بیرۆکەی بەسوودیان لەخۆگرتبوو کە رەنگدانەوەی خواستێکی هاوبەشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی شەرەفمەندانە». 
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی: سەرەڕای سەختی دانوستانەکان، خولی چوارەم لە خولەکانی پێشوو جددیتر و روونتر بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان