دوای ئەوەی رۆژی شەممە ئاگربەست لەنێوان هیندستان و پاکستان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەستبەجێ ئاوی بەنداوێکیش بەردرایەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی «تایمز ئۆف ئیندیا»، هیندستان دوو دەرگای بەنداوی باگلیهاری لەسەر رووباری چیناب کردۆتەوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاو لە رووبارەکەدا بەرزبۆتەوە.
بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە ماڵپەڕەکە بڵاویکردۆتەوە، هیندستان لە رێگەی ئەو بەنداوەوە ئاوی بۆ پاکستان بەرداوەتەوە.
بەنداوی باگلیهار، پرۆژەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوییە لەسەر رووباری چیناب و خاڵێکی ناکۆکییەکانی نێوان هیندستان و پاکستانە، لەکاتێکدا پەیماننامەی ئاوی رووباری سند لەنێوانیاندا هەیە.
بەگوێرەی پەیماننامەکە، کە لە ساڵی 1960دا ئیمزاکراوە، ئاوی رووباری سند و لقەکانی لەنێوان هیندستان و پاکستاندا دابەش دەکرێت، بەڵام مانگی رابردوو پاش ئەوەی پەلامارێكی خوێناوی کرایەسەر گەشتیاران لە کشمیری هیندی، هیندستان لە پەیماننامەکە کشایەوە.
کوردستانی نوێ