پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە یادی تاوانی ئەنفالدا

06:03 - 2024-04-13
کوردستان
257 جار خوێندراوەتەوە

36 ساڵ لەمەوبەر گەلەکەمان لەسەر دەستی رژێمی ستەمکاری بەعس لەژێر تایتڵی ناڕەوای  (ئەنفال) دا بە هەشت قۆناغ رووبەڕوی دڕندانەترین تاوان بۆوە کە سەرەڕای کۆمەڵکوژی وبێ سەروشوێنکردنی 182 هەزار منداڵ وگەنج و پیری کورد، گشت سیمایەکی ئاوەدانیشی لە نزیکەی پێنج هەزار گوند و شارۆچکەی ناوچەکانی کوردستاندا سڕییەوە.
تاوانی ئەنفال برینێکی وەهای لەسەر دڵمان و لە کۆهزری گەلەکەماندا دروستکرد کە ئازارێکی نەبڕاوەیە و بۆ ساڕێژی ئەو برینە قووڵە، بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی ئەو کارەساتە ناخهەژێنە، پێویستە هەموو لایەکمان لە حکومەتی هەرێم  وحکومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە هەوڵەکانمان چڕتڕ بکەینەوە بۆ خزمەتکردنی هەمەلایەنە و زیاتری زیانلێکەوتوانی ئەو کارەساتە.
هەرچەندە لە ساڵی 2008 وە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق کەیسی ئەنفالی وەک تاوانی جەنگ و  دژە مرۆیی ناساندوە، بەڵام قەبارەی تراژیدیاکە و دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەنفال، پێویست دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیسان وەک تاوانی قڕکرنی بە کۆمەڵ و جینۆساید بناسرێت و گەلی کوردستانیش بە دابینکردنی تێکڕای مافە دەستوورییەکانی بۆ یەکجاری لە ئایندەی خۆی دڵنیا بکرێتەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەو ئامانجانەی سەرەوە بێ درێغ لە خەباتدا دەبێت.
ـ درود بۆ رۆحی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی ئەنفال، سڵاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ خۆراگریی کەسوکاری ئەنفالکراوان.

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان