چۆن 14/4 کرا بەساڵڕۆژی ئەنفال؟

11:13 - 2024-04-14
دووتوێ
77 جار خوێندراوەتەوە
#زۆرترین ژمارەی ئەنفالکراوان لە ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان بوو

تەیب جەبار

 تا ساڵی 1996 هیچ کاتێک دیاری نەکرابوو بۆ بەرزڕاگرتنی یادکردنەوەی رۆحی ئەنفالکراوان و یادی ئەو تاوانە، واتە هیچ مەراسیم و یادکردنەوەیەک نەبوو، نە لەلایەن حکومەتی هەرێم و نە لەلایەن حزبەکانەوە. سەرەتای ساڵی 1995 بە دەستپێشخەرییەک لەلایەن مامۆستا شێخ محەمەد شاکەلییەوە، جموجۆڵێک کەوتە ناو رۆشنبیر و کەسانی کۆمەڵایەتی و ناسراو لە خەڵکی پارێزگای کەرکوکی جاران، ئەوانەی ئاوارە و دانیشتووی هەرێمن، بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەیەک کە بتوانێت هەموویان لەژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە و بە دەنگ داواکانیانەوە بچێت و کێشە و گرفتیان چارەسەر بکات و لە پەرشوبڵاوی بیانپارێزێت. 

دەستنیشانکردنی یادی ئەنفال بە دەستپێشخەریی حکومەتی هەرێم نەبوو، هەروەها بە دەستپێشخەریی حزبەکانیش نەبوو، بەڵکو بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتیی کەرکوک بوو

ئەنجامی ئەو جموجوڵ و دیدار و گفتوگۆیانە خۆی لە بەستنی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەکەدا نواند. وەک لە بیرم بێت مانگی پێنج یان شەشی ساڵی 1995کۆنگرەکە لە شاری هەولێر بەسترا، لە هۆڵێک بوو سەربە دەزگایەکی وەزارەتی تەندروستی بوو، نزیک بینای ئێستای پارێزگای هەولێر. لەکۆنگرەکەدا بڕیاردرا کە کۆمەڵە ناوی (کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک) بێت، هەروەها لە کۆنگرەکەدا گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامی کۆمەڵەکە کرا و پەسەند کرا، کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەش گەڵاڵە کران، پەیکەری کۆمەڵەش بەم شێوەیە بڕیاری لەسەر درا: (کۆمیتەی باڵا، لقی هەولێر لە هەولێر، لقی کەرکوک لە سلێمانی، لقی گەرمیان لە کەلار).
ئەو بڕیار و راسپاردەیەی کە مشتومڕێکی زۆری لەسەر کرا بابەتی دەستنیشانکردنی رۆژێک، حەفتەیەک، مانگێک کە ساڵانە ببێتە وادەیەک بۆ بەرزڕاگرتنی رۆحی ئەنفالکراوان و یادکردنەوەیان، هەروەها یادی تاوانی ئەنفال، کە ساڵانە لە هەموو شار و شارۆچکەکان رێوڕەسمی شایستەیان بۆ رێکبخرێت.
 بێگومان زۆرترین ژمارەی ئەنفالکراوان لە ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان بوو، ئەو برادەرانەی زۆرترین زانیارییان هەبوو و قسەیان لەسەر رووداوەکانی ئەنفالی سێ (ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان) کرد لە کۆنگرەکەدا، هەریەک لە بەڕێزان (شێخ محەمەد شاکەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، جەلال جەوهەر، مام رۆستەم) بوون، کە دەستنیشانی رۆژانی شەڕەکانیان دەکرد و تا رادەیەک ژمارەی دێهات و ژمارەی خەڵکی راپێچراو لەو پڕۆسەیەدا دەکرد، هەر چواریان زانیاریان زۆر بوو، هاتنە سەر ئەو ڕایەی کە لە مانگی چواری ساڵی 1988دا زۆرترین خەڵکی مەدەنی راپێچی ئۆردوگای قۆرەتوو و چەمچەماڵ کران، باش لە بیرمە لەو گفتوگۆ درێژەدا لەنێوان ئەندامانی کۆنگرە و ئەو چوار کەسەدا، هەموو قایل بووین بە رای کۆتایی کاک عوسمانی حاجی مەحمود کە رۆژی 14/ 4/ 1988و رۆژانی دواتر سەختترین شەڕ کرا و زۆرترین خەڵک راپێچی ئۆردوگاکان کران. 
پاشان گفتوگۆ هاتە سەر ئەوەی کە تاوانی ئەنفال تاوانێکی گەورەیە و وێنەی کەمە لە مێژوودا و دانانی یەک رۆژ بۆ ئەو یادە کەمە، لەبەر دڕندەیی تاوانەکە و یادکردنەوەی رۆحی ئەو هەموو ئەنفالکراوە، یەک رۆژ زۆر بچووکە، راو بۆچوون زۆر بوو وەک ماوەی سێ مانگ، مانگێک، حەفتەیەک، سێ رۆژ، یەک رۆژ. پاش گفتوگۆیەکی زۆر هەموو ئەندامانی کۆنگرە لەسەر رای یەک هەفتە کۆک بوون، بۆ یادی ئەنفال لە 14/4 ەوە بۆ 21/4 ی هەموو ساڵێک، ئەو هەفتەیە ناوبنرێ هەفتەی ئەنفال.
دەستنیشانکردنی یادی ئەنفال بە دەستپێشخەریی حکومەتی هەرێم نەبوو، هەروەها بە دەستپێشخەریی حزبەکانیش نەبوو، بەڵکو بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتیی کەرکوک بوو. 
ئەو بابەتە بەبڕیار یان راسپاردە لە کۆنگرەکەدا چەسپێنرا و بوو بە دۆکیۆمێنت، دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عیراق ساڵی 2003 و گواستنەوەی کۆمیتەی باڵا بۆ شاری کەرکوک لەگەڵ هەموو ئەرشیفەکەیدا، چەندین جار داوام لە لێپرسراوی کارگێڕی کۆمەڵە کرد، بەڵکو لە ئەرشیفەکەدا بگەڕێت بۆ دۆکیۆمێنتی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرە، بۆئەوەی وێنەی بگرم و لەگەڵ ئەم وتارەدا بڵاوی بکەمەوە، بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەو برادەرە ئەو دۆکیۆمێنتەی بۆ نەدۆزیمەوە.
بارەگای لقی کەرکوکی کۆمەڵە لە سلێمانی لای ساحەی تراییەکە بوو، کە ئێستا بینای ئامادەیی شەهید جەباری حاجی رەشیدی لەسەر دروستکراوە. ساحەیەکی قیرتاو بوو پێش راپەڕین شوێنی ترایی ئەو شۆفێرە تازانە بوو کە دەیانویست مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن، ئەوسا ئەو ناوە تارادەیەک چۆڵ بوو، بینای منداڵپارێزی و بینای رەند گەلەری دروست نەکرابوون. یەکەمجار بە رەسمی یادی ئەنفالکراوان لەو ساحەیە لە رۆژی 14/4/ 1996 لە سلێمانی کرایەوە. من ئەوکاتە دەوامم لە هەولێر بوو، بەڵام لەبەر یادەکە هاتمەوە بۆ سلێمانی و کەمێک پێش وادەی دیاریکراو چووم بۆ ساحەکە، کورسییەکی زۆر دانرابوو و شانۆیەک سازکرابوو لەگەڵ مایکرۆفۆن و ئامێری دەنگ، خەڵکێکی زۆر لە ریزەکانی دواوە لەسەر کورسییەکان دانیشتبوون و برادەرانی دەستەی لقی کەرکوک بەپێوە وەستابوون، لە لێپرسراوانیش تەنیا رەحمەتی (جەبار فەرمان) لە ناوەڕاستی ریزی پێشەوە بە تەنیا دانیشتبوو. کە لە سەیارەکە دابەزیم، چاکوچۆنیم لەگەڵ برادەرانی لقدا کرد، کاک جەبار فەرمان ئیشارەتی بۆم کرد چوومە لای ئەو دانیشتم، پاشان لێپرسراوانی تر هاتن و ساحەکە پڕ بۆوە و رێوڕەسمەکە دەستیپێکرد. لەو ساڵەوە یادی ئەنفال لە 14/4ی هەموو ساڵێک دەکرێتەوە و بە یەک رۆژ هەموو رێوڕەسمی یادەکە تەواودەبێت.
 بۆیە داواکارم لە حکومەتی هەرێم و حزبەکان یادەکە بکەنە هەفتەیەک بەناوی هەفتەی ئەنفال (14/4 تا 21/4)ی هەموو ساڵێک و لەو هەفتەیەدا رێوڕەسمی شایستە بۆ بەرزڕاگرتنی رۆحی ئەنفالکراوان و یادکردنەوەیان و یادی تاوانی ئەنفال بکرێت و بەرنامەی ساڵانە و مانگانە هەبێت بۆ بەدەنگەوەچوونی کەسوکاری ئەنفال و چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان و هەوڵدانی زۆر بۆ ناساندنی ئەو تاوانە بە دنیای دەرەوە.

#ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان