لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

11:23 - 2025-05-12
جیهان
23 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین ئامادەی دەکات

 

 

پاپای چواردەیەم دەتوانێت چی بۆ ئاشتی بکات؟

 کەنیسەی کاسۆلیکی کاردیناڵ «رۆبەرت فرانیسی»ی بە رەگەز ئەمریکایی بە پاپای نوێ دیاریکرد و لە یەکەمین وتاریدا، ئاشتی بۆ جیهان دووپاتکردەوە.
لەوبارەیەوە لاستامپای ئیتاڵی نووسیوێتی: «پاپای نوێ لە ئەمریکاوە هاتووە و ئەو وڵاتەش ئێستا هەموو دەسەڵاتەکانی لەدەستی ترەمپدا چرکردووەتەوە و کەس ناتوانێت بڕیاڕیک بدات کە لەسەروو بڕیارەکانی ئەوەوە بێت، بەڵام کریسیتانەکان پێیانوایە پاپا هێما و سیمبولی ئاشتی و تەباییە و دەتوانێت شتێک بکات. ئەو کەسایەتییە بە ئەزموونەش، رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە سەقامگیرکردنی ئاشتی و پاراستنی مرۆڤایەتیدا.

کەنیسە بڕیارێکی زۆر گرنگی دا

لەلایەکی دیکەشەوە پێگەی تسایت ئۆنلاینەی ئەڵمانی دەنووسێت: تایبەتمەندیی پاپای نوێ ئەوەیە کە «پێشکەوتنخوازێکی راستەقینە» کاردیناڵێکی زۆر لیبڕاڵە و پیاوێکی زۆر مرۆڤدۆستە و هەمیشە بۆ چاکە کاردەکات، کەنیسە بڕیارێکی زۆر ئەرێنی داوە و شایستەی ئەو پێگە شکۆدارەیە».

جیهان لەبن دەستی ترەمپ و جێگرەکەیدایە

 پاپای نوێ، وەک کاردیناڵ، خۆی لە رووبەرووبوونەوەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڤانس نەپاراستووە. لەوبارەیەوە رۆژنامەی پۆڵەندی رزیسپۆس پۆلیتا ئەوەمان بەبیر دەهێنێتەوە کە ڤانس ئێستا بووەتە جێگری ترەمپ، ماوەیەک لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە مرۆڤ دەبێت گرنگی بە خێزانەکەی خۆی و کۆمەڵگەی خۆی و نەتەوەی خۆی بدات، پێش ئەوەی گرنگی بە کەسانی دیکە بدات، بە راشکاوییەوە وتی ‹عیسا چاوەڕێی ئەوە ناکات خۆشەویستیمان بۆ ئەوانی تر هەبێت»، پاپای نوێ لە هەموو کەسێک باشتر دەزانێت کە داهاتووی کەنیسەکە تا رادەیەکی زۆر پەیوەستە بە دەرئەنجامی ململانێکانەوە لەگەڵ ترەمپدا، و دیارە زۆرترین ژمارەی کاسۆلیکی لە جیهاندا هەن، بەڵام لە هیچ شوێنێکی تردا ئەوەندە زۆر کەس لە باوەڕی رۆمانی کاسۆلیکی روو لە کڵێسا ئینجیلییەکان ناکەن، کە شوێنکەوتووانی بە کۆمەڵ دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ داوە.
 رۆژنامەکە پێیوایە کە سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی ئەگەر بیروباوەڕیان وابێت، پاپا چۆن دەتوانێت کاریگەرییان بخاتە سەر و رۆڵی پێشەنگی هەبێت لە کیشەکانی جیهاندا؟

   


لەساڵیادی کۆتاییهاتنی دووەمین جەنگی جیهاندا چی دەگوزەرێت؟

لەم رۆژانە یادی 80 ساڵەی کۆتاییهاتنی دووەمین جەنگی جیهانە کە بە شکستی ئەڵمانیا تەواوبوو و روسیاش بە نمایشێکی سەربازی، یادی سەرکەوتنەکەی دەکاتەوە.
 لەو رۆژگارە پڕ شەڕ و شۆڕ و ململانێیەی جیهاندا، میدیاکانی ئەوروپا قسەی خۆیان هەیە.
رۆژنامەی ئێل پایسی ئیسپانی بابەتێکی رۆژنامەنووسی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: «لەو یادەدا لەجیاتی ستایشی دەستی ئاشتی و وەستاندنی گەورەترین کارەساتی سەردەم، جەنگ و کوشتار هەر بەردەوامە و بە مۆدێل و لەژێر پەردەی ناوێکی ترەوە مرۆڤایەتی سەرکوت دەکرێت و پیرۆزترین بوونەوەر دەکوژرێت کە مرۆڤە»، هەروەها نووسیویەتی: «ئەو جەنگانە درێژکراوەی ئەوانەی پێشووە و کەسانیک بۆ هەژموون و باڵادەستیی خۆیان دەیانەوێت مرۆڤایەتی لەناوببەن.

پوتین ئەوروپییەکان تووڕە دەکات
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەگێماینەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە: «ڤلادیمێر بوتین سەرۆکی روسیا لەم بۆنەیەدا شەڕی خۆی لە ئۆکرانیا هاوتا کرد بە سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا. پوتین جەختی لەوە کردەوە کە سەربازانی سۆڤیەت رۆڵێکی گرنگیان لە تێکشکاندنی رژێمی نازیدا هەبووە، دانیشی بەوەدا نا کە کردنەوەی بەرەی دووەم لە ئەوروپا سەرکەوتنی هاوپەیمانان خێراتر دەکات، هەروەها بەجیا ئاماژەی بە بەشداریی چین لە شەڕەکەدا کرد و شی جین پینگ سەرۆکی چین لە نێو سەرکردە جیهانییەکاندا لەتەنیشتییەوە ئامادەبوو.
 بەپێی رۆژنامەکە ئەم وتارە تووڕەیی ئەوروپییەکان بەتایبەتی ئەڵمانیای لێکەوتووەتەوە و ئەوان بەو لێدوانانە زۆر قەڵس بوون، چونکە ئەو وڵاتانەی بە دیکتاتۆر و فاشی وێناکردووە.

مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە 
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی نووسیوییەتی: «ئەوەی ئەوسا بەرگرییمان لێدەکرد و لێی دەترساین، ئێستاش هەمان شێوە زیندووبووەتەوە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هەمان جەنگی جارانە و لەدوای 1945 ەوە دیسانەوە روسیا جەنگی دژبە ئۆکرانیا هەڵگیرساندووە و هەموو ئەوروپا مەترسیی داگیرکاریی و دەستدرێژیی مۆسکۆی بۆ دروستبووە، جگەلەوەش لەو کیشوەرەدا نازییەکان بە فۆرمێکی نوێ دروستبوونەتەوە و بوونەتە مەترسی بۆسەر ئاشتی و پیکەوەژیانی گەلان و دیموکراسی.

  



کابینەی نوێی حکومەتی ئەڵمانیا ئاڵەنگاریی گەورەی لەبەردەمدایە

لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی ئەڵمانیا، میدیاکان باسی ئەو کێشانە دەکەن کە لەماوەی داهاتوودا رووبەڕووی دەبێتەوە.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی تاگس زایتۆنگ پێیوایە کە «فریدریش مێرتس»ی راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا دەوڵەمەتدارە و پێشینەی هەیە لە سیاسەت و بەڕێوەبردن، بۆیە زیاتر بایەخ بە سیاسەتی دەرەوە دەدات، چونکە لەم قۆناغەدا ئاڵەنگاریی گەورەی لەبەردەمدایە و دەبێت رووبەڕووی دۆخەکە ببێتەوە.
 رۆژنامەکە دەنووسێت: «لەدوای ئۆکرانیا، روسیا مەیلی هەڵکوتانە سەر وڵاتی دیکەی ئەوروپایی هەیە، بۆیە ئەڵمانیا بەوپێیەی سەرکردایەتیی ئەوروپا دەکات، خۆی بۆ پیشهاتێکی لەو جۆرە ئامادە دەکات و دەیەوێت قۆناغی ئایندە بە سەرکەوتوویی ببڕێت.
راوێژکارەکەی ئەڵمانیا داوای یەکخستنی سیاسەتی هاوبەشی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات بۆ بەرگریکردن و رێگرتن لە ئەگەری هەر هێرشێکی روسیا.
 کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ لە دۆستەوە خۆی کردووەتە نەیار و پلانی شکستپێهێنانی ئەوروپای هەیە، لەبەرئەوە راوێژکار لەو نەخشە و پلانانە بەئاگایە و هەوڵدەدات دۆخەکە لەگەڵ ترەمپدا بەرەو ئاراستەی جاران ببات.

بۆچی پەیوەندیی ترەمپ و نەتانیاهو ساردبووەتەوە؟

  پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل سیاسی پتەو و ئابووریی و ستراتیژییە، لەو ماوەیەدا لەسەر جەنگی سەر غەززە وەک میدیاکان باسی دەکەن، گوایە جۆرێک لە ساردیی تێکەوتووە، لەسەر ئەمە رۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلیش ئاشکرایکردووە کە لەمڕۆژانەدا ئەمریکا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەوبارەیەوە دەدات کە چارەسەرێکی درێژخایەن و بەپێی ویستی ئەمریکا بۆ غەززەی لێبکەوێتەوە، بەڵام پڕۆژەکە تەگەرەی زۆرە و ئیسرائیل تائێستاش نەهاتووەتە ژێر باری رێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا، بۆیە جۆرە گرژییەک لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا دروستبووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان