ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی ئەمساڵ دەكەوێتەی دوای تەواوبوونی پشووی هاوینەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، وتیشی: بەهۆی پەسەندنەكردنی خشتەی بودجەی 2025، فەرمانبەران لە چەندین ئیمتیاز و خزمەتگوزاریی دارایی بێبەش بوون.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: تائێستا خشتەی بودجەی ساڵی 2025 لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران نەكراوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، وتیشی: بەهۆی پەسەندنەكردنی خشتەی بودجەی ئەمساڵەوە، فەرمانبەران لە چەندین ئیمتیاز بێبەش بوون وەك راگرتنی پلەبەرزكردنەوە و گواستنەوەی فەرمانبەران، هەروەها حكومەت ئەمساڵ پێویستی بە بودجەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی 11، هەموو ئەوانەش پەیوەندیی بە پەسەندكردنی خشتەی بودجەی ئەمساڵەوە هەیە. راشیگەیاند: هەرچەندە ئێستا پشووی هاوینەی ئەنجومەنی نوێنەرانە، بەڵام چاوەڕوان دەكەین دوای تەواوبوونی ئەو پشووە، لە مانگی حەوتدا حكومەت خشتەی بودجە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.
تەها عەبدوڵڵا