بۆچی جینۆسایدی (ئەنفال) لە میدیا جیهانییەکاندا رووماڵ نەكرا؟!

11:22 - 2024-04-14
دووتوێ
356 جار خوێندراوەتەوە

مەریوان مەسعود

 

یەكێك لەو پرسیارانەی بەردەوام لە یادەوەریی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا ماوەتەوە و كەم كەس وەڵامەكەی وەرگرتۆتەوە، ئەوەیە بۆچی پرۆسەی جینۆسایدی (ئەنفال)، هەرچەندە قەبارەی قوربانییەكانی نزیك دەبێتەوە لە یەك چارەكە ملیۆن مرۆڤی كورد، كەچی لە سەردەمی روودانی كارەساتەكە و تا تەواوبوونیشی كە بە چەند قۆناغێك بەڕێوەچوو، چەند ناوچەیەكی جیاجیای كوردستانیشی گرتەوە، بەڵام میدیاكانی ئەوروپا و جیهان هیچیان لەسەر بڵاونەكردەوە؟ بە پێچەوانەی رووداو و كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە، لە رۆژی روودانی كارەساتەكەوە تا ئێستاش بەردەوام میدیا جیهانییەكان باسی دەكەن و وێنە و ڤیدیۆی لەسەر بڵاودەكەنەوە و جالیەی كوردیش لە ئەوروپا و ئەمریكا توانیان ئازاری هەڵەبجەییەكان بگەیەننە جیهان.

«دەتوانرێت دوای 2003 بە قۆناغی زێڕینی ناساندنی كەیسی ئەنفال دابنرێت، چونكە لەو ساڵەوە تا 2018 زۆرترین بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو کەیسە کراوە»

میدیاكان و ئەنفال
حكومەتی بەعس كاتێك راستەوخۆ بە فەرمانی سەدام حسێن و تەنانەت ئامادەبوونی خۆشی لە دەستپێكی پڕۆسەكەدا، بڕیاریدا پڕۆسەی جینۆساید و سووتاندنی گوند و لادێكانی كوردستان دەستپێبكات، رێگەی نەدا هیچ میدیاییەكی جیهانیی كە لە عیراق بوون، رووماڵی پڕۆسەكە بكەن، بەڵكو تەنیا لە رێگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عیراقەوە لە بەغدا، بەشێوەیەكی مەركەزی زانیارییەكانیان بە میدیا جیهانییەكان دەدا، ئەمەش خاڵی سەرەكی بوو كە وایكرد ئەنفال تا دوای راپەڕینی 1991 و دواتریش لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق لە ساڵی 2003 و دۆزینەوەی چەندین گۆڕی بەكۆمەڵ، ئینجا وردە وردە رای گشتی جیهانیی لە قەبارە و گەورەیی ئەو تاوانە تێگەیشت كە لە ساڵی 1988دا دەرهەق بە كورد كراوە.
بەپێچەوانەی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەوە، كە ئەوكات راستەوخۆ لەلایەن چەند میدیاییەكی ئێران و جیهانەوە لەساتی بۆردومانكردن و تا تەواوبوونی قەتڵوعامی خەڵكەكە لە هەڵەبجە و تەنانەت رووماڵی بریندارەكانیش كرا لە ساتی وەرگرتنی چارەسەردا بۆیان لە نەخۆشخانەكانی ئێران، كە ئەمەش وایكرد رای گشتی جیهانیی هەر لە ساتی روودانی كارەساتەكەوە، ئاشنابێت بە قەبارەی ئەو تاوانەی كە بەعسییەكان دەرهەق بە خەڵكی سڤیلی هەڵەبجە كردیان، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە میدیا و جالیەی عیراقی ئەوكات زۆر كاریان لەسەر ئەوە دەكرد مەسەلەی كیمیابارانەكە بەلاڕێدا بەرن و بیخەنە ئەستۆی ئێرانییەكان، بەڵام چونكە رووماڵێكی باشی میدیایی كرابوو كە پێی دەوترێت (رووماڵی دڵی رووداوەكە) بۆیە دواجار رای گشتی جیهان تێگەیشت كە حكومەتی عیراق چەكی كیمیایی دژی میللەتەكەی خۆی بەكارهێناوە.

دوای راپەڕینی 1991
لە دوای راپەڕینی 1991، چ بەرەی كوردستانی و دواتریش حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، هەرلە سەرەتاوە هەوڵی گەیاندنی قەبارەی تاوانی ئەنفالیان دا بۆ رای گشتی، بەڵام دیسانەوە وەكو پێویست نەتوانرا رای گشتی ئەوروپا و جیهان تێبگەیەنرێت لەوەی كە میللەتێك لەژێر پەردەی پڕۆسەیەكی سەربازیی خوێناویی بە ناوی (ئەنفال)، هەمووی جینۆساید كرا لە منداڵی سەر بێشكەوە تا پیرێكی گۆچان بەدەست، بۆیە هەوڵەكان بەردەوام بوون، تا پڕۆسەی ئازادیی عیراق لە ساڵی 2003 روویدا، ئیتر لەوە بە دواوە، دەتوانرێت بە قۆناغی زێڕینی ناساندنی كەیسی جینۆسایدی ئەنفال دابنرێت لەسەر ئاستی میدیا و رای گشتی جیهان، چونكە بەپێی توێژینەوەكان لە نێوان ساڵانی 2003ۆ 2018دا زۆرترین بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەلایەن پەیمانگە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە كراوە لەسەر كەیسی ئەنفال، ئەمەش بە هەنگاوێكی دڵخۆشكەر دادەنرێت و پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر میدیا و رێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندارەكان بهێنێتە كوردستان بۆئەوەی لەنزیكەوە ئەو هەموو گۆڕە بەكۆمەڵە ببینن كە لەدوای 2003ەوە لە شارەكانی باشووری عیراق دەدۆزرێنەوە كە هەمووی زیندەبەچاڵكردنی خەڵكی سڤیلی كوردە لەنێو ئەو چاڵە گەورانەی بەعسییەكان بۆ لەناوبردنی كورد دروستیان كردووە و تەنانەت پێویستی بە تەرخانكردنی بودجەیەكی باشیشە، تا بە رەسمی ئەنفال بە جینۆساید بناسێنرێت لەسەر ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكان.

#ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان