رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی تێچووی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ئێران ئاشکرا دەکات

09:33 - 2024-04-14
جیهان
133 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرنوت"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە؛ تێچووی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە کە ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن، پێنج ملیار شیکڵ واتە یەک ملیار و 350 ملیۆن دۆلار بووە.
رام عەمیناح، راوێژکاری دارایی پێشووی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەکەی راگەیاند: "تەنیا باس لە تێچووی بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران دەکەم، نەک زیانی مادی بەھۆی مووشەکەکانیانەوە، کە تێچووەکەی 1.35 ملیار دۆلارە".
راشیگەیاند: "یەک مووشەک لە جۆری (حیتس) کە مووشەکی بالیستیکیی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، تێچووەکەی 3.5 ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا یەک مووشەکی سیستمی (عەسای جادوویی) ش ملیۆنێک دۆلارە".
پێشتریش رۆژنامەی ھائارێتسی ئیسرائیلی لە زاری دانیاڵ ھاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردبووەوە؛ ئێران نزیکەی 350 درۆن و مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و لەڕێی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە توانرا لە 99٪ـی بەرپەرچ بدرێتەوە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە؛ لە 30 مووشەکی کرووز، 25یان خرانە خوارەوە، ھەروەھا لە 120 مووشەکی بالیستیکیش، تەنیا چەند دانەیەک توانیویانە ئامانجەکانیان لە خاکی ئیسرائیل بپێکن.

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان