رۆبەرت دۆگلاس تۆماس پاتینسۆن ئەستێرە و ئەکتەری بەریتانی هەروەها پرۆدیوسەر و میوزیسیانێکی ئینگلیزییە، ساڵی 1986 لە لەندەن لەدایکبووە هەرچەندە کەسێتییەکی شەرمنی هەیە، بەڵام هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەوە بووە ببێتە ئەکتەر، راستە سەرەتا وەکو میوزیسیان کاریکردووە و لە تەمەنی 12 ساڵیدا نمایشی جلوبەرگی کردووە، بەڵام باوکی هانیداوە بچێتە بواری نواندنەوە و سەرەتا لە شانۆوە دەستیپێکردووە کاتێک چۆتە ئەکادیمیایەکی شانۆوە.
سەرەتای راستەقینەی ژیانی هونەری رۆبەرت پاتینسۆن لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەستیپێکرد کاتێک لە بەشی چوارەمی هاری پۆتەردا وەکو ئەکتەری لاوەکیی رۆڵی گێڕا، دوای ئەوە سەرنجی دەرهێنەرەکانی بۆلای خۆی راکێشا و لە زنجیرە فیلمی «Twilight» رۆڵی پاڵەوانی پێدرا و بەشی یەکەمی لە ساڵی 2008 دا نمایشکرا کە رۆڵی خوێنمژێکی سەرنجڕاکێش دەبینێت و دەکەوێتە داوی خۆشەویستی مرۆڤێکەوە، ئەو فیلمە لەسەر بنەمای زنجیرە رۆمانەکانی Twilight-ی نووسەر ستیڤن مایەر بەرهەمهاتووە و لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو زنجیرە فیلمانە کە لە پێنج بەش پێکهاتوون رۆبەرت پاتینسۆن ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد، جگە لە تواناکانی لە نواندندا بە رووخسار و باڵاو قۆزییەکەی هەوادارێکی زۆری بۆخۆی پەیدا کرد کە دوا دوو بەشی کۆتایی لە ساڵی 2011-2012 نمایشکران، رۆبەرت لەژیانی هونەریدا ژمارەیەک خەڵاتی جیهانیی وەرگرتووە وەکو خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمەکانی هۆلیوود و خەڵاتەکانی فۆربس..هتد هەروەها یەکێک بوو لەو 100 کەسایەتییە کاریگەرەی گۆڤاری تایم هەڵیبژاردبوون، رۆبەرت پاتینسۆن لەدوای ئەو زنجیرەیەوە چەندین فیلمی دیکەی سەرکەوتووی پێشکەشکردووە دوا فیلمیشی کە ئێستا لە سینەماکان نمایشدەکرێت فیلمی The Batman باتمانە کە مات ریفز دەرهێنەرێتی، تا ئێستا لەلایەن رەخنەگرانەوە کاردانەوەی باشی هەبووە.
لە ژیانی تایبەتیدا رۆبەرت ماوەیەک لەگەڵ کچە پاڵەوانی زنجیرە فیلمەکانی توایلایت کریستین ستیوارت-دا لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بوون، بەڵام دوای ئەوەی کریستین خیانەتی لێکرد جیابوونەوە، ماوەی دوو ساڵیشە لەگەڵ سوکی وتەرهاوس نمایشکاری جلوبەرگدا لە پەیوەندی خۆشەویستیدایە، رۆبەرت لە ژیانیدا کەسێکی خێرخوازە و بە چالاکییەکانی لە بواری هۆشیارکردنەوەی خەڵکی دەربارەی نەخۆشی شێرپەنجە ناسراوە لە رێگەی بەشداریکردنی لە هەڵمەتێکی رێکخراوێکدا بۆ لێکۆڵینەوەکان لە بواری نەخۆشی شێرپەنجەدا.
رۆبەرت پاتینسۆن لە بارەی قۆزییەکەیەوە دەڵێت «هەرگیز خۆم بە جوان و قۆز نەزانیووە، بەڵکو لە خوێندنگە لە پیاوی باندەکان دەچووم»
سەرچاوە:http://ar.celeb-true.com