״حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە عیراقدا بەرزە״

11:53 - 2024-04-22
عیراق
80 جار خوێندراوەتەوە
#باری دارایی، کاریگەری لەسەر جیابوونەوەی هاوسەران هەیە

ئازاد ئیبراهیم

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، لە ئامارێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە «رێژەی جیابوونەوە زۆر بەرزە بەشێوەیەك تەنیا لە مانگی سێی ئەمساڵدا 6222 جیابوونەوە تۆماركراوە».
بەپێی ئامارەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، كە دوێنێ بڵاویكردەوە، «رۆژانە لە دادگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستاندا بەنزیكەیی 207 حاڵەتی جیابوونەوە و لە هەر سەعاتێكیشدا هەشت حاڵەت تۆماركراون. بەپێچەوانەشەوە تەنیا لەو مانگەدا 24 هەزار و 88 حاڵەتی هاوسەریی تۆماركراون».

 

سەرپەرشتیاری گشتیی توێژینەوە و رووپێوە ئامارییەكان لە هەرێمی كوردستان: 10 هۆكار هەن بۆ جیابوونەوەی هاوسەران

 

لەبارەی ئامارەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە، مەحمود عوسمان سەرپەرشتیاری گشتیی توێژینەوە و رووپێوە ئامارییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: لە هەرێمی كوردستاندا بە نزیكەیی چەند ساڵێكە رێژەكە وەك خۆیەتی، واتە ئەگەر 100 هاوسەرگیریمان هەبووبێت، بەنزیكەیی 25یان لە حاڵەتی جیابوونەوە و دادگادان، وتیشی: حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە كوردستان هۆكارەكەی جیاوازە، كە باری ئابووری و كۆمەڵایەتی كاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر جیابوونەوە و رێژەكەش دەگۆڕێت بەپێی باشی و خراپی ئابووریی خێزانەكان و بەشێوەیەكی گشتیش 10 هۆكار هەن بۆ جیابوونەوەی هاوسەران، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یەكێكە لە هۆكارە گرنگەكان و كاریگەریی گەورەی هەیە بۆ جیابوونەوە و لێكترازانی خێزانەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان