زیانەکانی جگەرە مرۆڤایەتی شۆک کردووە

11:38 - 2022-06-12
ژینگە
2004 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین


پرۆسەی بەرهەمهێنان و دروستکردن و کێشانی توتن و جگەرە ئەوەندە زۆرە لە ژمارە نایەت، ئەو مادە ژەهراویە دەچێتە ناو ناخی خاک و ژینگە و مرۆڤ و زەریا و دەریاکان و نەخۆشی لێ دەکەوێتەوە و ئەو ژمارانەی کە هەفتەی رابردوو رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردۆتەوە مرۆڤایەتی تووشی شۆک کردووە، بۆیە داوایان لە دەسەڵاتەکانی وڵاتان کردووە سنورێک بۆ بەرهەمهێنان و کێشانی جگەرە دابنێن و مرۆڤایەتی لەو زیانە کوشندانە رزگار بکەن.
کشتوکاڵ
بەرهەمی چاندن و دروێنەی توتن یەکێکە لە بەروبوومە بەهادار و پڕ قازانجەکان و ئەو جوتیارانەی ئەو کشتوکاڵە دەکەن بە زەحمەت دەستیان لێی بەردەبێت و دەبێت هان بدرێن کە ئەڵتەرناتیڤەکەی بدۆزنەوە، جگە لە زیانی گشتی ئەو جوتیارانە رۆژانە بەقەد سێ پاکەت جگەرە نیکۆتین هەڵدەمژن، بۆیە رێکخراوەکە داوا لە حکومەتەکان دەکات بەپێی پلانێک وردە وردە چاندنی توتن کەم بکەنەوە و هاوکاریی جوتیارەکان بکەن بۆ چاندنی بەرهەمی چاکتر کە زیان بە ژینگە و مرۆڤایەتی نەگەیەنێت.
بەرهەمهێنان
بەپێی داتاکانی WHO قوربانیانی بەرهەمهێنانی توتن و جگەرە ساڵانە لە 8 ملیۆن کەس زیاترە، جگە لەوەش 200 هەزار هێکتار لە پانتایی زەوی پیس دەکات و دوای چاندنی توتن تیایدا بە کەڵکی بەروبوومی تر نایەت، ئەو زەویانە 600 ملیۆن درەختی جۆراوجۆر لەناو دەبات، زەوییە نزیکەکانی نزیک لە دەریا و زەریاکان و دێراوەکانیش بۆگەن دەکات، رێژەیەکی زۆر ئاو پیس دەکات کە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، 84 ملیۆن تۆن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێ دەداتە ناو بۆشایی ئاسمان، ئەو قەبارەیە بەقەد ئەو دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەیە کە 20 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ئەنجامی دوکەڵی ئەگزۆزەکانیانەوە فڕێی دەدەنە ناو هەوا.
بەکارهێنان و کێشان
بەکارهێنانی توتن چ لەناو نێرگەلە و چ لە جگەرە و هیتر زیانی بێ شوماری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، جگە لەوەی ساڵانە نزیکەی پێنج ملیار تریلیۆن فلتەری پیسی پاشماوەی جگەرە فڕێ دەدرێتە ناو زەوی و ئاو و دەریا و ئۆقیانوسەکان و ژینگەی مرۆڤایەتی پیس دەکات و دەبێتە هۆی مردنی گیاندار و باڵندە و ماسی و زیندەوەرەکان، چونکە ئەو فلتەرانە 7000 مادەی ژەهری کیمیاویان تێدایە و هۆکاری سەرەکی ئەو پیسبوونەن کە ژینگەی سروشتی و مرۆڤایەتی تووشی هاتووە، ئەمە جگە لە تێچووی خزمەتگوزاری پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی ئەو فلتەرانە لەسەر شەقام و شۆستەو شوێنە گشتییەکان کە قورساییەکی ترە بەسەر کۆمەڵگاکان، ساڵانە چین دوو ملیار و نیو و هیندستان 766 ملیۆن و ئەڵمانیاش 200 ملیۆن دۆلار لەپاککردنەوەی پاشماوەی جگەرەدا خەرج دەکەن.
تەندروستی جیهانی خۆی بۆ کۆنگرەی کەشوهەوا ئامادە کردووە کە بڕیار وایە لە قاهیرە لە کۆتایی ئەمساڵ ببەسترێ و لەوێ بیکاتە دروشمێکی سەرەکی و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی جگەرە و پاشماوەکانی.

سەرچاوە: Tagesschau

#ژینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان